سەردێڕ:

کۆیە.. پردی شەڵغە لەکاتی دروستکردنییەوە تا ئێستا سێ جار ڕووخاوە

پردی شەڵغە لەکاتی دروستکردنییەوە تا ئێستا سێ جار ڕووخاوە
فۆتۆ: دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی
2019-01-29

6147 جار خوێندراوەتەوە

ئەو پردەى کە بە پردی بەستی شەڵغە ناسراوە لە ناحیەی سێگردکان، هەریەکە لە ناحیەکانی تەق تەق و سێگردکان لە قەزای کۆیە بە پارێزگای هەولێرەوە دەبەستێتەوە و دوای ڕووخانی پردەکەش، گرفتی هاتۆچۆ بۆ دانیشتووانی سنورەکە دروستبووە و هاوڵاتییانیش داواى چارەسەرکردنى کێشەکە دەکەن.

پردی بەستی شەڵغە درێژییەکەی نیو کیلۆمەترە و لە ساڵی ۲۰۰٨ەوە بە گونجی لولەیی گەورە دروستکراوە و لەکاتی دروستکردنیشییەوە تا ئێستا ئەمە سێیەمین جارە ئاو بیبات.

هاوڵاتییان داوادەکەن لەجیاتى ئەو پردە ڕووخاوە، پردێکى دیکە دروستبکرێت و چیتر پردە کۆنەکە بە پینە و پەڕۆ چاکنەکرێتەوە.

بەهۆى کۆنى و خراپى پردەکەوە، پێشتر لایەنە پەیوەندیدارەکان دیزاینی پردێکی نوێیان لە شوێنەکە ئامادەکردبوو، تا بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە و دروستبکرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ کارێک بۆ دروستکردنى پردەکە نەکراوە.

تاریق حەیدەری قایمقامی کۆیە بە وەکالەت دەڵێت، تا ئێستا ڕەزامەندى لەسەر دروستکردنەوەى پردەکە نەدراوە، ئەگەرچى وەکو ئیدارەى خۆجێیی داواکاریی بۆ دروستکردنەوەى پردەکەیان گەیاندووەتە وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە.

لە سنوری قەزای کۆیە هەر ئەو ڕێگایە نییە کە لەگەڵ هەر شەپۆلێکى باراندا دادەخرێت و ئاستەنگى هاتوچۆ بۆ هاوڵاتییان دروستدەبێت، بەڵکو ڕێگای دێگەڵە ـ کۆیە و ڕێگای سماقوڵیش حاڵیان لە پردە ڕووخاوەکەی سێگردکان باشترنییە.

ئ.ر