سەردێڕ:

وردەکاریی لێدوانەکانی فازل میرانی و قوباد تاڵەبانی لەسەر پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم

بەشێک لە کادران و بەرپرسانى باڵاى یەکێتى لە ئەداى چەند ساڵى ڕابردووی قوباد تاڵەبانى ناڕازیبوون
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-01-28

5894 جار خوێندراوەتەوە

وتەکانى فازڵ میرانى سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتى کە لەبارەى ڕۆڵ و پێگەى داهاتووی قوباد تاڵەبانى کردى هێندەى دیکە هەوڵەکانى پارتی بۆ دانانەوەى ناوبراو وەک جێگری سەرۆکی حکومەت تۆختر کردەوە کە دەیانەوێت بەهەر شێوەیەک بێت قوباد تاڵەبانى ئەو پۆستە وەربگرێتەوە نەک کەسێکى دیکە.


وتەکانى فازڵ میرانى سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتى کە  لەبارەى ڕۆڵ و پێگەى داهاتووی قوباد تاڵەبانى کردى هێندەى دیکە هەوڵەکانى پارتی بۆ دانانەوەى ناوبراو وەک جێگری سەرۆکی حکومەت تۆختر کردەوە کە دەیانەوێت بەهەر شێوەیەک بێت قوباد تاڵەبانى ئەو پۆستە وەربگرێتەوە نەک کەسێکى دیکە.

لە چاوپێکەوتنەکەى فازڵ میرانیدا کە لەگەڵ دەنگی ئەمریکا سازیکردووە دەڵێت، بەو مەرجەی قوباد تاڵەبانی دابنرێت، جێگری سەرۆکی حکومەت دەدەن بە یەکێتی و دەیانەوێت هاوکاری یەکێتی بن لە چارەسەرکردنی کێشەی قوباد تاڵەبانیدا.

دەشڵێت، قوباد نیوەى هی یەکێتیە و نیوەکەى ترى هی پارتییە.

ئێستا پارتی شەڕى ئەوە دەکات قوباد جێگری سەرۆک حکومەت بێت تاوەکو لە چوار ساڵی داهاتوودا هیچ جۆرە ڕێگرییەک بۆ مەسرور بارزانى نەیەتە پێش کە کاندیدی پارتییە بۆ پۆستى سەرۆکی حکومەت.

قوباد تاڵەبانیش لە ڕونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند، ئەو  نیوەی هى هیچ حزبێکی تر نییە و موڵکى کەسیتر نیە، بەڵکو تەنها یەکێتیە و هەرگیز نابێتە پارتی.

بەوتەى چاودێران وەڵامدانەوەکەى وا لێکدەدرێتەوە کە ناوبراو گومانی لە یەکێتی بوونی خۆی هەیە، ئەوەش دەخەنەڕوو کەسێک کە خودی خۆی کوڕى جەلال تاڵەبانى بێت و بڵێت من پارتی نیم ئەوا بۆ خۆی جێگای گومانەو بە شتێکى نامۆی ناودەبەن.

ئەو چاودێرانە باس لەوەشدەکەن، وتەکانى ئەمڕۆی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە پارتی هەم کاندیدی پۆستەکانی خۆی و هەم کاندیدی پۆستەکانی حیزبەکانی تریش دیاری دەکات.

هاوکات پێشتر بەشێک لە کادران و بەرپرسانى باڵاى یەکێتى لە ئەداى چەند ساڵى ڕابردووی قوباد تاڵەبانى ناڕازیبوون و بەشێکیان بە لاواز وەسفیان دەکرد.

لەگەڵ ئەمەشدا سەبارەت بەکێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتیدا بەتایبەت لە بابەتى دیل بە دیلکردنی کادیرانی هەردولا، قوباد تاڵەبانی هیچ هەڵوێستێکى ڕوون وئاشکرای نەبوو، لەکاتێکدا ئەو، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمە.

ع.م