سەردێڕ:

وەزارەتی ناوخۆ ڕەزامەندیی ئەمنى دەکاتە مەرج بۆ شۆفێریی تەکسی

وەزارەتی ناوخۆ ڕەزامەندیی ئەمنى دەکاتە مەرج بۆ شۆفێریی تەکسی
فۆتۆ: دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی
2019-01-28

16696 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی ناوخۆى حکومەتی ھەرێم لە ڕێگەى دەرکردنى چەند ڕێنماییەکەوە لە هەوڵى ڕێکخستنەوەى کاری تەکسیدایە و ھەر شۆفێرێک تا مانگى شەشى ئەمساڵ جێبەجێیان نەکات دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێت.


وەزارەتی ناوخۆى حکومەتی ھەرێم لە ڕێگەى دەرکردنى چەند ڕێنماییەکەوە لە هەوڵى ڕێکخستنەوەى کاری تەکسیدایە و ھەر شۆفێرێک تا مانگى شەشى ئەمساڵ جێبەجێیان نەکات دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێت.

ڕێنماییەکان لە شەش خاڵ پێکهاتوون و یەکێکیان تایبەتە بەوەى شۆفێرى تەکسى مۆڵەتی گشتیی ھەبێت و ئۆتۆمبێلەکەی بە ناوی خۆی بێت و ئەندامی سەندیکای کرێکارانی گواستنەوە بێت و پێویستیشە ڕەزامەندى ئەمنى هەبێت تا بتوانێت ئەو کارە بکات، ئەوەش بە هەوڵێکى پارتى و یەکێتى لێکدەدرێتەوە بۆئەوەى کارى تەکسی بۆ کەسانى سەربە خۆیان قۆرخبکەن و لەڕووی ئەمنییەوە لەژێر دەستى ئەواندا کاربکەن.

هەروەها جەختکراوەتەوە، بۆ تۆمارکردنى هەر تەکسییەکى نوێ، دەبێت تەکسییەک هەڵبوەشێنرێتەوە و ڕێگەش نادرێت بە گواستنەوەى ژمارەى تەکسى لە نێوان پارێزگاکاندا.

سەلام جەوھەر بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوە و گەیاندنی ھەرێم دەڵێت، ئەو تەکسییانەى بەبێ هیچ کۆنتڕۆڵێک کاروبارى گواستنەوە دەکەن، قەرەباڵغییەکى زۆریان لەناو شار دروستکرووە و تۆمار نین، لاى خۆیان تۆماریان دەکەن و دەیخەنە ژێر چاودێریی خۆیانەوە.

بەپێی ڕێنماییە نوێیەکان، دوو باجى تایبەت بە زانیارى ئۆتۆمبیل، ناو و وێنەى شۆفێر و هێڵى گەرمى بەڕێوەبەرایەتییەکانى پۆلیس و ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى دژى ژنان، لەناو ئۆتۆمبیلى تەکسى دەدرێت، یەکێکیان لەلاى ڕاستى پێشەوە و ئەوەى دیکەشیان لە پشتى کورسیی پێشەوەى لاى ڕاست دەدرێت.

شۆفێرانی تەکسی لەسەر ئەم ڕێنماییانە بوونەتە دوو بەش، بەشێکیان لەگەڵ جێبەجێکردنیدان و بەشێکى دیکەشیان لەگەڵ ئەوەدان ڕێنماییەکان جێبەجێ نەکرێن.

بەپێی ئامارەکان، لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٩٥ ھەزار ئۆتۆمبێلى تەکسی ھەیە و تا ئێستاش ھیچ پێوەر و بڕیارێک نەبووە بۆ ڕێکخستنی کاری ئەو تەکسییانە، لە ئێستاشدا سەرجەم دامودەزگا پەیوەندیدارەکان لە ڕێگەی لیژنەیەکەوە ڕاسپێردراون دەست بە جێبەجێکردنی ئەو ڕێنماییانە بکەن.

ئ.ر