دواى چەند ڕۆژێک لە وتەکانى هاوڵاتییەک بە ناوى ئامانج هەورامى بۆ ئێن ئاڕ تى، کە بە خێرایی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى تەنى، هێزە ئەمنییەکان دەستگیریانکرد و لە ئێستاشدا زیندانی کراوە.
دواى چەند ڕۆژێک لە وتەکانى هاوڵاتییەک بە ناوى ئامانج هەورامى بۆ ئێن ئاڕ تى، کە بە خێرایی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى تەنى، هێزە ئەمنییەکان دەستگیریانکرد و لە ئێستاشدا زیندانی کراوە.
ئەو هاوڵاتییە بەپێى یاساى ژمارە ١٢ى سەربازیى لەلایەن ئەنجومەنى سەربازییەوە بۆ ماوەى هەشت ڕۆژە لە گرتن و گواستنەوەى سلێمانى زیندانی کراوە.
فراکسیۆنی نەوەی نوێ وەک تاکە فراکسیۆن لە پەرلەمانی کوردستان بەدواداچوونی بۆ کەیسى دەستگیرکردنى ئەو هاوڵاتییە کرد و، جەختدەکاتەوە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئازادکردنى.
دیاری ئەنوەر پەرلەمانتارى فراکسیۆنی نەوەی نوێ دەڵێت، لە سەرەتادا هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی شوێنی دەستگیرکردنی ئەو هاوڵاتییەیان پێ نەدەوتن، بەڵام دوای هەوڵێکی زۆر زانرا کە لە زیندانی گرتن و گواستنەوەی سلێمانییە.
ئەو پەرلەمانتارەی نەوەی نوێ باس لەوەش دەکات، ئامانج هەورامى کەسێکی ئازایە و ورەی بەرزە و سوربوونى خۆى لەسەر قسەکانی دوپاتکردووەتەوە و بە پەرلەمانتارانى نەوەى نوێی ڕاگەیاندووە، گوێ نادات بە کاردانەوەکانی دەسەڵات و بەشێک لە قسەکانی بە مەبەست خوێندنەوەی جیاوازی بۆ کراوە.
دەستگیرکردنی ئەو هاوڵاتییە لەسەر ئەو قسانەی کە لە مایکی ئێن ئاڕ تییەوە کردی، کاردانەوەی زۆری لەناو هاوڵاتییاندا لێکەوتووەتەوە و بەشێک لە هاوڵاتییان داوادەکەن ئەو کەسانە دەستگیربکرێن کە دەستیان لە خراپبوونی دۆخی هەرێمی کوردستاندا هەیە نەک هاوڵاتییەک کە تەنها بۆچوونى خۆى دەربڕیوە.
کازم فاروق سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، ئەو کارەی دەسەڵات لە سلێمانی کردوویەتی بەرتەسککردنەوەی ئازادیی و خنکاندنی دەنگە ئازادەکانە، بۆیە ئەوان ڕێگە بەو کارە نادەن و بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ ئازادکردنی.
پێشتر لەسەر بڵاوبوونەوەی وتەکانى ئەو هاوڵاتییە، بەشێک لە پێشمەرگە دێرینەکان لەبەردەم کەناڵی ئێن ئاڕ تی گردبوونەوە و ڕایانگەیاند، سکاڵاى یاسایی لەسەر کەناڵەکە تۆماردەکەن.
بە بۆچوونی بەشێک لە ڕەخنەگران هەردوو حزبی دەسەڵاتدار ساڵانێکە بەو سیاسەتە هەڵسوکەوت لەگەڵ ئێن ئاڕ تی دا دەکەن، ئەوەی پارتی لە هەولێر و دهۆک بەرامبەر بە کەناڵەکەی دەکات یەکێتی لە سلێمانی و ناوچەکانی تر دەیکات و، بەو کردەوانە لاسایی یەکتر دەکەنەوە و، پێدەچێت هەردووکیان کێبڕکێ لەسەر ئەوە بکەن کە کامیان خراپتر و ناشرینترن.
ئ.ر