لەسەر ڕووماڵە میدیاییەکانى ئێن ئاڕ تی لەسەر خۆپیشاندەرە ناڕازیی ئامێزەکانى شیلادزێ دژبە بۆردومانى بەردەوامى فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیا، میدیاى فەڕمیی ئەنقەرە بە ناونیشان و مانشێتى گەورە و سەرەکیی، شاسوار عەبدولواحیدی سەرۆکى نەوەى نوێیان بە پشتیوانیکردنى تیرۆر تۆمەتبارکرد.
لەسەر ڕووماڵە میدیاییەکانى ئێن ئاڕ تی لەسەر خۆپیشاندەرە ناڕازیی ئامێزەکانى شیلادزێ دژبە بۆردومانى بەردەوامى فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیا، میدیاى فەڕمیی ئەنقەرە بە ناونیشان و مانشێتى گەورە و سەرەکیی، شاسوار عەبدولواحیدی سەرۆکى نەوەى نوێیان بە پشتیوانیکردنى تیرۆر تۆمەتبارکرد.
ئەو ئاژانس و ڕۆژنامە و ماڵپەڕە تورکیانەی کە تۆمەتەکەیان بڵاوکردووەتەوە لەلایەن حیزبى فەرمانڕەواى تورکیا ئاک پارتییەوە سەرۆکایەتی و ئاڕاستە دەکرێن، سەرجەمیشیان لە هەوڵى ئەوەدان کە ناڕەزایەتییەکانى خەڵکى بادینان دژبە مانەوەى درێژخایەنى بنکە و بارەگا تورکییەکان بخەنە ئەستۆى هۆکاری تر، نەک ئەو توڕەییە جەماوەریانەى بەرامبەر هێرشى فڕۆکەکان لە پەرەسەندندان کە جگە لە قوربانیی گیانیى و شەهیدبوونى خەڵکى سڤیل، سوتانى ڕەز و باخ و ماڵوێرانییەکانى ناوەڕاستى زستانى لێکەوتووەتەوە.
تۆمەتەکانى میدیاکانى تورکیا بەدواى تۆمەتەکانى فراکسیۆنى پارتیدا دێن لە پەڕلەمانى عێراق، کە بە هەمان شێوە ئۆباڵى ناڕەزایەتییەکانى شیلادزێـیان خستە ئەستۆى کەناڵى ئێن ئاڕ تى و خودى شاسوار عەبدولواحید بەوپێیەى دامەزرێنەرى ئەم کەناڵەیە و، وەک سەرۆکى جوڵانەوەیەکى سیاسى ڕەخنەگریش پاڵپشتیى لە ناڕەزایەتییە مەدەنییە ئاشتییەکانى خەڵکی کوردستانی کردووە بەردەوام.
ئەم یەک ئاوازییەى لە تۆمەتەکانى پارتى و میدیاى فەرمی تورکیادا هەیە بۆ تۆمەتبارکردنى شاسوار عەبدولواحید بە هاندانى ئەو ناڕەزایەتییانە، هەندێ لە چاودێرانى سیاسى خستووەتە سەر ئەو بڕوایەى باس لە بوونى ڕێککەوتنى پێشوەخت لە نێوان هەردوولادا بکەن لەسەر بەئامانجکردنى ناوبراو لەلایەک و، بەلارێدابردنى هۆکارى ناڕەزایەتییەکان لەلاکەیتر.
زۆربەى شیکەرەوانى سیاسى و چاودێرانى بزاوتى مەدەنى و سیاسى لە کوردستان، خۆپیشاندانەکانى شیلادزێـیان بە قۆناغێکى نوێ لە هەڵکشانى پەنگخواردنەوەى خەڵک بەرامبەر هەراسانکردنیان دایە قەڵەم.
ئەم ڕووداوانە لە میدیاى عەرەبى و جیهانیشدا دەنگدانەوەى گەورەیان هەبوو، بەوپێیەى خەڵکێکى سڤیل لەسەر خاکى خۆیان بەرەنگارى هێزێکى چەکدارى بیانى بوونەوە، بەڵام ئەوەى جێگەى سەرنج و ڕەخنەى زۆرێک لە چاودێرانى ڕەوشى میدیاى کوردییە بچوککردنەوەى قەبارەى ئەو ڕووداوەبوو لە زۆربەى کەناڵە حیزبى و سێبەرەکان و کاردانەوە فەڕمییەکاندا، بە پێچەوانەى کەناڵى ئێن ئاڕ تى کە بە ئەرکى پیشەییانەى خۆى زانى گرنگی بەو پێشهاتە گەرمە بدات کە شەهید و برینداریی لێکەوتەوە.
ئەم ڕووماڵە میدیاییەى ئێن ئاڕ تى بە ڕووداوەکانى شیلادزێ لە ئێستادا بووەتە پاساو بۆ ئۆرگانەکانى پارتى و دەوڵەتی تورکیای هاوپەیمانان کە بیخەنە ئەستۆى شاسوار عەبدولواحید، تەنها لەبەرئەوەى پاڵپشتیى دارایی لە کەناڵى ئێن ئاڕ تى دەکات.
ع.م