سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تی بووە سەرچاوەى بەشێکی میدیا جیهانییەکان

ئێن ئاڕ تی بووە سەرچاوەى بەشێکی میدیا جیهانییەکان
فۆتۆ: دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی
2019-01-28

3125 جار خوێندراوەتەوە

ڕووماڵی خۆپیشاندانەکانی شیلادزێ لەلایەن کەناڵی ئێن ئاڕ تییەوە لە میدیا جیهانییەکاندا دەنگیداوەتەوە، بەشێک لە میدیاکان وەکو سەرچاوە بۆ گەیاندنی زانیاریی پشتیان پێبەستووە.


ڕووماڵی خۆپیشاندانەکانی شیلادزێ لەلایەن کەناڵی ئێن ئاڕ تییەوە لە میدیا جیهانییەکاندا دەنگیداوەتەوە، بەشێک لە میدیاکان وەکو سەرچاوە بۆ گەیاندنی زانیاریی پشتیان پێبەستووە.

لەنێو ئەو میدیایانەی کە وەکو سەرچاوەى هەواڵ و زانیاری و گرتە ڤیدیۆکانی کەناڵی ئێن ئاڕتییان بڵاوکردووەتەوە، ماڵپەڕی جەزیرەی قەتەری هەیە کە بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی کەناڵی ئێن ئاڕ تی ئاماری شەهید و بریندارەکانی خۆپیشاندەرانی شیلادزەی بڵاوکردووەتەوە.

جگە لە سەرچاوە ناوهێنانى ئێن ئاڕ تى، ماڵپەڕەکانی دۆیچە ڤێلە (دى دەبلیو)ی ئەڵمانی، و ماڵپەڕی خلیج ٣٦٥ و عەرەبی ٢١، و میدڵ ئیست ئای، و ئاژانسی فورات نیوز و ئاژانسی هەواڵى ناس نیوزى عێراقى ئاماژەیان بە دەستگیرکردنی کارمەندانی نوسینگەی ئێن ئاڕ تی لە دهۆک کردووە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ئەو سنورەوە.

جیاواز لەو میدیایانە، بەشێک لە ماڵپەڕ و رۆژنامەکانی تورکیا سەرنجیان خستووەتە سەر ڕووماڵی کەناڵەکە و ڕەخنەی توندیان لێگرتووە.

ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵی نزیک لە حکومەتی تورکیا ئاماژەی بە داخستنی نوسینگەی کەناڵەکە لە دهۆک داوە و دەڵێت، بەهۆی ڕووماڵی ئیستیفزازیی کەناڵەکەوە نوسینگەکە داخراوە.

ئەنادۆڵ نوسیویشیەتی، داخستنی کەناڵەکە دوای ئەوە دێت نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەڵێنی داوە، کە ڕێگریی لەو لایەنانە بکەن کە بە وتەی ئەو ئاشتیی نیشتمانیی تێکدەدەن.

ڕووماڵی خۆپیشاندانەکانی شیلادزێ لەلایەن کەناڵی ئێن ئاڕ تییەوە لەسەر ئاستى ناوخۆى عێراق و هەرێمى کوردستانییش کاردانەوەى لێکەوتەوە و سەندیکای نیشتمانیی بۆ ڕۆژنامەنووسانی عێراق ڕایگەیاندووە، هەڕەشەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم لە ڕۆژنامەنووسان و داخستنى نوسینگەى کەناڵی ئێن ئاڕ تی ئیدانە دەکەن.

سەندیکاکە ڕاشیگەیاندووە، بە هەموو شێوەیەک هەڕەشە و ڕێگرییەکانی حکومەتى هەرێم لە ڕۆژنامەنووسان ڕەتدەکەنەوە و داواکارن بارودۆخ و ژینگەیەکى ئازاد بۆ کاری ڕۆژنامەگەریی دروستبکرێت.

هاوکات لیژنەی داکۆکی لە ئازادی ڕۆژنامەنووسیی و مافی ڕۆژنامەنووسان، داخستنى نوسینگەی ئێن ئاڕ تی لە شاری دهۆک و دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوسانی کەناڵەکە بە نایاسایی ناوبردووە.

سەنتەری میترۆش بۆ داکۆکى لە مافى ڕۆژنامەنووسان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئیدانە دەستگیرکردنى تیمەکانی کەناڵەکە و داخستنی نوسینگەکەی دەکەن.

جیاواز لە میدیا جیهانیی و ڕێکخراوە پیشەییەکانى تایبەت بە ڕۆژنامەنووسان، هاوڵاتییان و چین و توێژە جیاوازەکان لە هەرێمى کوردستان و عێراق لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و گروپ چاتە سیاسییەکانى واتس ئەپ پشتگیریى خۆیان بۆ کەناڵەکە دەربڕیوە و ئیدانەى داخستنى نوسینگەى کەناڵەکەیان کردووە و هاوکات داواى کردنەوەى نوسینگەى کەناڵەکەشیان کردووە.

ئ.ر