نوسەر و ڕۆماننوسى دیارى کورد بەختیار عەلى باس لە جێگرەوەی یەكێتی و پارتی دەکات و دەڵێت، ئەگەر تەنها بۆ جێگرەوەیەکى پارتی و یەكێتی بگەڕێین، هەمیشە جێگرەوەیەکى زۆر ئاسانە، بەڵام ئێمە بۆ شوێنگرەوەیەکى قوڵتر دەگەڕێین.
نوسەر و ڕۆماننوسى دیارى کورد بەختیار عەلى باس لە جێگرەوەی یەكێتی و پارتی دەکات و دەڵێت، ئەگەر تەنها بۆ جێگرەوەیەکى پارتی و یەكێتی بگەڕێین، هەمیشە جێگرەوەیەکى زۆر ئاسانە، بەڵام ئێمە بۆ شوێنگرەوەیەکى قوڵتر دەگەڕێین.
بەختیار عەلى لە چاوپێکەوتنێکی ڤیدیۆییدا لەگەڵ ڕۆژنامەى هاوڵاتى کە بە چەند بەشێک بڵاوکراوەتەوە، تیشک دهخاته سهر بارودۆخى سیاسى کوردستان، ئەوەش دەخاتەڕوو ئەوەى لە هەرێم هەیە حزب نییە، بەڵکو دەزگایەکى ئابوورى مافیایی سیاسییە کە تەنیا ئەندامەکانى خۆى ئەکاتە سیخوڕ و چاودێر بەسەر مرۆڤەکانى ترەوە.
لەو چاوپێکەوتنەیدا ئەو نوسەرەى کورد ئاماژە بەوە دەدات، لە ڕۆمانى کەشتى فریشتەکاندا بە ڕوونى باسى لەوە کردووە کە لە کوردستان شتێک نییە بە ناوى حیزبەوە، بەڵکو ئەوەى کە هەیە دەزگاى ئەمنى و سەرکوتکەرە.
لە بەشێکى دیکەى چاوپێکەوتنەکەدا بەختیار عەلى باس لە جێگرەوەی یەكێتی و پارتی دەکات و دەڵێت، ئێمە بۆ شوێنگرەوەیەکى قوڵ دەگەڕێین، بۆ شوێنگرەوەیەک دەگەڕێین كە پاڵێك بە كۆمەڵگەى کوردەوە بنێت و لە دۆخێكی مێژووییەوە بەرەو دۆخێكی ترى ببات.
هەروەک باس لەوە دەکات شوێنگرەوەى دەسەڵات بەوە دەکرێت ئەوەى لە دەسەڵاتدایە لە دەسەڵات نەمینێت و ئەوانەى کراونەتە دەرەوەى سیستم دووبارە زیندوو بکرێنەوە.
بەختیار عەلى جەخت لەوە دەکاتەوە هەر پرۆژەیەکى سیاسی کە بیەوێت ببێتە جێگرەوەی دەسەڵات، ئەگەر نەتوانێت گۆڕانکارى بکات و نەتوانێت داهێنان ببەستێتەوە بە ژیانەوە، ئەوا ناتوانرێت قسە لەبارەى کۆمەڵگەیەکى تازە و ئازادەوە بکرێت، بۆیە پێویستە ئەو پرۆژە جێگرەوەیە بتوانێت داهێنان و گۆڕانکارى بکات.
لە بەشیکى دیکەى چاوپێکەوتنەکەیدا باس لە داخراوەیی حزبێکى وەکو پارتى دەکات و دەڵێت، پارتی حزبێکە هەم لە عەقڵییەتیدا زۆر داخراوە، هەم لە ستراکتۆری حیزبیدا داخراوە.
دەشڵێت، ئەم جۆرە حزبانە بە شێوەیەک لە شێوەکان وا دەردەکەون کە بەهێزبن، بەڵام کە ئەمرن بە تەواوەتی ئەمرن و لە مێژوو ئەڕۆنە دەرەوە.
هــ.حــ