دامەزراوەى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان لەوکاتەوەى دامەزراوە بەردەوام کارەکانى دوور لە چاوی میدیا و دەزگا چاودێرییەکانى هەرێم بەڕێوەچووە، تەنانەت ئێستاش کە وەکو دامەزراوەیەکى بێ سەرۆک ماوەتەوە.
دامەزراوەى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان لەوکاتەوەى دامەزراوە بەردەوام کارەکانى دوور لە چاوی میدیا و دەزگا چاودێرییەکانى هەرێم بەڕێوەچووە، تەنانەت ئێستاش کە وەکو دامەزراوەیەکى بێ سەرۆک ماوەتەوە.
لە کۆتایى ساڵى ٢٠٠٥ سەرۆکایەتى هەرێم دامەزراوە و هەشت ساڵ بە شێوەیەکى فەرمى مەسعود بارزانى سەرۆکایەتى کردووە و نزیکەى چوار ساڵیش بە درێژکردنەوەى ویلایەتەکەى تا مانگى ئۆکتۆبەرى ساڵى ڕابردوو واتە نزیکەى ١٣ ساڵ سەرۆکایەتى هەرێمى کردووە.
هاوکات دامەزراوەکە فەرمانبەر و ڕاوێژکارى تایبەت بە خۆى بۆ دانرا کە لە سەرەتادا ژمارەیان ١٥٠ کەس بوو، ساڵانى دواتر ژمارەى فەرمانبەر و کارمەندەکانى گەیشتە ٤٣٠ کەس.
نزیکەى ساڵێکە سەرۆکایەتى هەرێم بێ سەرۆکە و بەهۆى ناکۆکى نێوان لایەنەکانى هەرێمیشەوە هیچ ئاماژەیەکى ڕوون نییە کە ئایا هەڵبژاردن بۆ سەرۆکى هەرێم ئەنجام دەدرێت یان نا، لەگەڵ ئەوەشدا دامەزراوەکە هاوشێوەى ڕابردوو لە کارەکانى خۆى بەردەوامە.
سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم پێکهاتووە لە سەرۆک، جێگرى سەرۆک، دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، نوسینگه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، نوسینگه‌ی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم.
دامەزراوەکە هەروەها خاوەنى شەش بەڕێوەبەرایەتى گشتییە کە پێکهاتوون لە، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی كارگێڕی و دارایی، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی هه‌ماهه‌نگیی و به‌دواداچوون، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی كاروباری یاسایی، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی په‌یوه‌ندییه‌كان، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی كاروباری كۆمەڵایه‌تی و سكاڵا، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی ڕاگه‌یاندن.
ئەو دامەزراوەیە ساڵانە بودجەیەکى زۆرى بۆ تەرخانکراوە کە بە وتەى بەشێک لە پەرلەمانتارانى پەرلەمانى کوردستان بووەتە بارگرانییەکى زۆر بەسەر داهاتى گشتى هەرێمەوە، بەپێی دوایین یاسای بودجەی هەرێم کە ساڵى ٢٠١٣ بوو بڕی ٤٢ ملیار دینار بۆ سەرۆکایەتى هەرێم تەرخانکراوە، بەڵام لە ئێستادا پێدەچێت ئەم بڕە زۆر لەوە زیاتر بێتم، هەرچەندە ئێن ئاڕ تى بەدواداچوونى بۆ کرد، بەڵام حکومەت ئامادە نییە زانیارى لەبارەى بودجەى سەرۆکایەتى هەرێم ئاشکرابکات.
بەپێى یاساى ژمارە ١٣ى ساڵى ٢٠١٠ى مووچە و دەرماڵەى سەرۆکى هەرێم و جێگرەکەى، موچەى سەرۆکى هەرێم ١٥ ملیۆن دینارە و دەرماڵەى مانگانەى موچەکەشى ٥٠% یە بەوپێیە، موچەى سەرۆکى هەرێم لە ڕابردوودا ٢٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دینار بووە.
هەر بەپێى یاساکە جێگرى سەرۆک موچەکەى ١٣ ملیۆن دینارە و دەرماڵەکەشى بە ڕێژەى ٥٠%یە کە دەکاتە ١٩ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دینار.
لە چەند ساڵى ڕابردووش‌دا بارزانى وەک سەرۆکى هەرێم سێ لیوا لە پاسەوان و پێشمەرگەى تایبەتى هەبووە، ئەوانیش تا ئێستا مووچە و خەرجییەکانیان لەسەر سەرۆکایەتى هەرێمە، بە نەمانى دامەزراوەى سەرۆکایەتیش دەبێت میلاکی ئەو هێزانە بگوزارێتەوە سەر وەزارەتى پێشمەرگە یان وەزارەتى ناوخۆ.
بەشێک لە هاوڵاتیان و چاودێران دەپرسن ئەگەر دامەزراوەیەک بێ سەرۆک و جێگر بێت و هەڵبژاردنیشى بۆ نەکرێت چۆن بەو هەموو خەرجییەوە بەردەوام دەبێت.
هــ.حــ