وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، پرۆسەی تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی و ٩ی بنەڕەتی بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوون.
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، پرۆسەی تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی و ٩ی بنەڕەتی بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوون.
لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی پەروەردە دەڵێت "بە خۆشحاڵییەوە سەرکەوتنى بەڕێوەچوونى پڕۆسەى تاقیکردنەوە وەزارى و نیشتمانییەکانى هەردوو پۆلى ١٢ى ئامادەیی و ٩ى بنەڕەتى لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان ڕادەگەیەنین".
ئەوەشی وتووە "جێگەی شانازیى حکومەتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى پەروەردە و هەموو لایەکە، کە لەم کاتە هەستیار و لەم دۆخە قورسە ئابوورییەى هەرێمى کوردستان، پڕۆسەیەکى نیشتمانى و هەستیارى وەها گەورە بەڕێوەدەچێت کە تیایدا زیاتر لە ٢٥٠ هەزار قوتابی و خوێندکار بە چاودێرى زیاتر لە ٢٤ هەزار مامۆستا لە ٤٥٠٠ هۆڵ تاقیکردنەوەیان ئەنجامدا".
هاوکات وەزارەتی پەروەردە هیواى سەرکەوتن بۆ قوتابیان و خوێندکارانى دەخوازێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە ئەمڕۆ خوێندکارانی ١٢ی ئامادەیی (زانستی و وێژەیی) کۆتا تاقیکردنەوەیان ئەنجامدا کە فیزیا و جوگرافیا بوو، هەروەها وەزارەتی پەروەردە ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی پێشوو پرسیار و وەڵامەکانی دوای تاقیکردنەوەکان بڵاوکردەوە.
ک.ئ