ئامادەکارییەکانى کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەشدا کۆمسیۆن ناوى ئەو قەوارە و لیستانەى ڕاگەیاند کە خۆیان تۆمارکردووە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن و لەلایەن ئەنجومەنى کۆمسیارانەوە پەسەندکراون.

بەپێی ئامارەکانى کۆمسیۆن، لە کۆى ٤١ قەوارە و لیست کە داواى تۆمارکردنیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن بۆ کۆمسیۆن بەرزکردبووەوە، ٣٨ قەوارەیان پەسەندکراون و بەشداردەبن لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کە بڕیارە ٣٠ ى ئەیلولى ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.
هەر بەپێی ئامارەکان، تۆمارکردنى سێ قەوارە کە پێکهاتوون لە هاوپەیمانى سۆرایى، لیستى هاوپەیمانى بۆ یەکسانى تورکمانى و لیستى ئێزدى و دیموکراتی بەهۆى کەموکورتى ئەو بەڵگانەى پێشکەشیانکردووە ڕەتکراونەتەوە و ناتوانن بەشدارى هەڵبژاردن بکەن.
کۆمسیۆنى هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم لە ئێستادا سەرقاڵى ئامادەکارییە بۆ دەستپێکردنى پڕۆسەى تۆمارکردنى ناوى هاوپەیمانێتییەکان کە بڕیارە ١٨ى ئەم مانگە دەستپێبکات و ماوەى دوو ڕۆژ بخایەنێت.
کۆمسیۆنى هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم بۆ تۆمارکردنى ناوى هەر قەوارەیەک بارمتەیەکى دارایی بە بڕى ٣٠ ملیۆن دینار لە هەر یەکێک لەو قەوارانە وەرگرتووە کە کێبڕکێ لەسەر کورسییە گشتییەکانى پەرلەمان دەکەن کە ژمارەیان ١٠٠ کورسییە، هەروەها بڕى ١٥ ملیۆن دینارى لە هەر قەوارەیەکى پێکهاتەکان وەرگرتووە، جگە لە قەوارەى پێکهاتەى ئەرمەن کە ١٠ ملیۆن دیناریان لێ وەرگیراوە.
کۆمسیۆن بڕیارى ئەوەشی داوە بڕى لە سەدا ٢٥ى بارمتەکان بگەڕێنێتەوە بۆ ئەو قەوارانەى کە لە هەڵبژاردندا کورسی بەدەستناهێنن.
ک.ئ