سەردێڕ:

پۆلیسی سلێمانی: لەسەر ڕووداوەکەی قولەرەیسی شەش تۆمەتبار دەستگیرکراون

فۆتۆ: 
2018-06-10

5968 جار خوێندراوەتەوە

بە تۆمەتی پەیوەندی و بەشداریکردنیان لە ڕووداوی تەقەکردنەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی گەڕەکی قولەرەیسی شاری سلێمانی، شەش کەس دەستگیرکراون.


بە تۆمەتی پەیوەندی و بەشداریکردنیان لە ڕووداوی تەقەکردنەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی گەڕەکی قولەرەیسی شاری سلێمانی، شەش کەس دەستگیرکراون.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "دوای ئەوەی ڕۆژی هەینی ٨ی ٦ی ٢٠١٨، لەگەڕەكی قولەرەیسی شاری سلێمانی لە رووداوێكی تەقەكردندا هاوڵاتییەك كوژرا و سیانی دیكەش برینداربوون، لەلایەن مەفرەزەكانی پۆلیسی سلێمانییەوە توانرا شەش تۆمەتبار بەفەرمانی دادوەر و بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عیراقی، بەتۆمەتی ئەنجامدان ‌و بەشداریكردن لەو رووداوە دەستگیربكرێن".

ئاماژەی بەوەش کردووە، "پۆلیسی پارێزگای سلێمانی هاوڵاتیان دڵنیادەكاتەوە كە هێزەكانی پۆلیس بەردەوام لە كار و چالاكی ‌و ئامادەباشیدان بۆ دۆزینەوە و سزادانی تاوانباران ‌و هەمیشە و بە بەردەوامی لە خزمەت هاوڵاتیاندان، بەمەبەستی دابینكردنی هێمنی‌ و ئارامیی بۆ هاوڵاتیانی شاری سلێمانی".

شایەنی باسە هەینی ڕابردوو پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، لە گەڕەکی قولەرەیسی شاری سلێمانی بەهۆی کێشەیەکەوە لە نێوان دوو لایەندا پەنا بۆ چەک براوە و تەقە ڕوویداوە و بەهۆیەوە کەسێکی تەمەن ٢٥ ساڵ کوژراوە و سێ هاووڵاتی دیکەش برینداربوون.

پێشتر و شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی ڕابردوو لە دوو حاڵەتی تەقەکردندا لە شاری سلێمانی دوو کەس کوژراون و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.

سەردار مەحمود بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، لای پردی وڵوبە تەقە لە دوو هاوڵاتی کراوە یەکێکیان بە ناوی (ک، ع، ش) لەدایکبووی ١٩٨٩ گیانی لەدەستداوە و ئەوی تریشیان بریندارە.

وتیشی، ڕووداوی دووەم لەسەر شەقامی مەلیک مەحمود نزیک گۆیژە سیتی ڕوویداوە و لە ئوتۆمبێلێکەوە تەقە لە ئوتۆمبێلێکی تر کراوە کە دایک و کوڕێکی تێدا بووە، دایکەکە بە ناوی (پ ،ر ، ع) لەدایکبووی ١٩٥٧ بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە و کوڕەکەشی بریندارە.

ش.ق