کەمێک پێش ئێستا فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چەند جارێک ناوچەکانی بناری قەندیلیان بۆردومان کردووە.
کەمێک پێش ئێستا فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چەند جارێک ناوچەکانی بناری قەندیلیان بۆردومان کردووە.
پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاند، فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا دۆلی بالەیان و گوندی بوران و کەلەکێ بالەیان و گەلەی بەدرانی بۆکریسکان بۆردومان دەکەن.
دوێنێش ناوچەکانی چیادێل و کەورت لە سنوری برادۆست لەلایەن تورکیاوە بۆردومانکران و بەهۆی ئەو بۆردومانەوە خەڵکی ناوچەکە تووشی ترس و دڵەڕاوکێ بوون بەڵام تا ئێستا زیانەکانی نەزانراوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە لە دوایین لێدوانیدا و بە بیانووی بوونى گەریلاکانى پارتى کرێکارانى کوردستان لە قەندیل و ناوچەکانى دیکەى هەرێمى کوردستان، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، ئەگەری هەیە لە هەر کاتێکدابێت هێرش بکەنە سەر قەندیل و شنگال و مەخموریش.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵەکانى "دى" و سی ئێن ئێن تورک، ئەردۆغان ڕایگەیاند، ئەگەر هەر مەترسییەک لە عێراقەوە هەبێت بۆ سەر تورکیا، کە ناوبەناو هەیە، بە خێرایى ئەو بابەتە لەگەڵ بەغدا باسدەکەن.
وتیشى، ئەگەر بەغدا وتی ئەو کێشەیە چارەسەردەکات ئەوا باشە، بەڵام ئەگەر وتى ناتوانێت چارەسەرى بکات، ئەوا ئەنقەرە مۆڵەت لە کەس وەرناگرێت و ڕەنگە هێرش بکاتە سەر قەندیل و شنگال و تەنانەت مەخموریش، وەک ئاماژەیەک بۆ کەمپى مەخمور، کە ژمارەیەکى زۆر لە ئەندامان و لایەنگرانى پارتى کرێکارانى کوردستان و خێزانەکانیان تێیدا نیشتەجێن.
سەرۆک کۆماری تورکیا ڕاشیگەیاند، مەخمور شوێنێکى زۆر گرنگە و بە لانەى پەکەکە ناوى برد، باسى لەوەش کرد، نەتەوە یەکگرتووەکان باسى گرنگى مەخموریان کردووە و داواى لێکردوون کە بە زوویى بابەتى مەخمور چارەسەربکات، چونکە پەکەکە ئەندامەکانى لەوێ پێدەگەیەنێت و پەروەردەیان دەکات.
هـ،ڕ