گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لەگەڵ وڵاتی ئێران دەستیانپێکردەوە.
گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لەگەڵ وڵاتی ئێران دەستیانپێکردەوە.
بەپێی بەرنامەیەکی کە لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، کاتژمێر ٦ و ٥٦ خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆکەیەکی کۆمپانیای ماهان ئێر لە شاری تاران پایتەختی ئێرانەوە گەیشتووەتە شاری سلێمانی و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی نیشتووەتەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە تا ئێستا دیارنییە کەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان فڕۆکەخانەی سلێمانی و وڵاتی تورکیا دەستپێدەکەنەوە.
بەهۆی وەستانی گەشتە نێودەوڵەتییەکانەوە زیانێکی ماددی زۆر بەر فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی کەوت، لە ماوەی ڕابردووشدا بەهۆی ئەنجامنەدانی گەشتی نێوان سلێمانی و تورکیا و ئێران جموجۆڵی بازرگانی ئەو نێوەندە کەمیکردووە و زیانێکی زۆر بەر کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشتکردن کەوتووە.
لە ساڵی ٢٠١٧ دا داهاتی فڕۆکەخانەی سلێمانی یەک ملیار و ٥٦٥ ملیۆن و ٩١٠ هەزار و ٧٩٢ دینار بووە، بەڵام بەهۆی ئەم گرفتانەی ئێستاوە چاوەڕێ دەکرێت لە ئەمساڵدا ئەو داهاتە بۆ لە سەدا ٥٠ داببەزێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان حکومەتی عێراق لە ٢٨ی ئەیلول بڕیاری قەدەغەکردنی گەشتە نێودەوڵەتییەکانی لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی ڕاگەیاند و بڕیارەکە تا ١٣ی مانگی سێی ئەمساڵ بەردەوامی هەبوو.
ش.ق