فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە شەڕەکەی نزیک شاری شنۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لەو شەڕەدا نۆ ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران کوژراون.
فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە شەڕەکەی نزیک شاری شنۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لەو شەڕەدا نۆ ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران کوژراون.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، شەوی هەینی لەسەر شەممەی ڕابردوو شەڕ و پێکدادانێک لە نێوان پێشمەرگەکانی حدکا و سوپای پاسدارانی ئێران لە ناوچەی سیاکێوی سەر بە شاری شنۆ ڕوویداوە و لە ئەنجامی ئەو شەڕە نۆ ئەندامی سوپای پاسداران کوژراون و ١٨ی دیکەش بریندار بوون.
ئاماژە بەوەش کراوە، ئەگەرچی لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا میدیاکانی ئێران بڵاویانکردبووەوە کە لەو شەڕەدا ٧ پێشمەرگە شەهید بوون بەڵام ئەو هەواڵە دوورە لە ڕاستییەوە و هیچ زیانێک بەر پێشمەرگەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران نەکەوتووە.
ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتر و لە ڕاگەیەندراوێکدا قەرارگای حەمزەی سەر بە سوپای پاسداران لە پارێزگای ورمێ ڕایگەیاندبوو، ئێوارەی ڕۆژی هەینی زانیارییان بەدەست گەیشتووە دەربارەی ئەوەی کە گروپێکی چەکدار بەنیازن لە سنورەکانی شاری شنۆوە بچنە ناو خاکی ئێرانەوە بۆیە دەستبەجێ هێزەکانیان گەیشتوونەتە ئەو ناوچەیە و شەڕ و پێکدادان ڕوویداوە.
ڕاشیگەیاندبوو، هێزەکانیان توانیویانە ئەو گروپە بە تەواوەتی لەناو ببەن و لە ئەنجامی شەڕەکەش ٧ ئەندامی گروپەکە کوژراون و بریندار بوون، بەڵام هێزەکانی قەرارگای حەمزە هیچ زیانێکیان بەرنەکەوتووە.
ش.ق