شنگال و مەخمور، ئەو دوو قەزایەى کە لە چوار ساڵى ڕابردوودا سەرنجى زۆرى میدیا ناوخۆیی و جیهانییەکانى لەسەر بوو، بەهۆى ئەنجامدانى جینۆسایدى ئێزدییەکانیش لەلایەن داعشەوە و لە ئێستاشدا هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ئەو ناوچانە بەردەوامە.
شنگال و مەخمور، ئەو دوو قەزایەى کە لە چوار ساڵى ڕابردوودا سەرنجى زۆرى میدیا ناوخۆیی و جیهانییەکانى لەسەر بوو، بەهۆى ئەنجامدانى جینۆسایدى ئێزدییەکانیش لەلایەن داعشەوە و لە ئێستاشدا هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ئەو ناوچانە بەردەوامە.
لە دوای هێرشەکەی شه‌وی پێنج شەممە سوپای توركیا، پێنج هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر بنكه و باره‌گای په‌كه‌كه له ناوچه‌ی شلۆ و سه‌كینیێ له ڕۆژئاوای شنگال و چیاى قه‌ره‌چووغ و ناو کەمپی ئاوارەکانى باکورى کوردستان لە مەخمور ئه‌نجامدا و بەوهۆیەشەوە چوار ئه‌ندامی ژنى هێزەکانى پاراستنی مەخمور شه‌هید بوون.
لە دوای ئەنجامدانی ئەو هێرشە سه‌رۆک كۆماری توركیا ڕایگەیاند، ئۆپراسیۆنى دیکە بۆ سەر مەخمور و شنگال ئەنجامدەدەن و بۆ یەک ڕۆژیش هێرشەکانیان بۆ سەر ڕۆژهەڵاتى فورات دواناخەن.
ڕەجەب تەیب ئه‌ردۆغان ئاماژەى بەوەش کرد، ئۆپراسیۆنەکەیان بۆ سه‌ر شنگال و مه‌خمور و قه‌ره‌چووغ، بەهۆى ئەوەوە بووە به‌رده‌وام لەو ناوچانەوە هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر سنوره‌كانى تورکیا دروستکراوە و ئۆپراسیۆنی دیكه‌شی به‌دوادا دێت.
هاوکات سوپاى تورکیا ڕایگەیاند، لە هێرشەکانى سەر سنورى مەخمور و شنگال زیاتر له ٢٠ فڕۆكه‌ی جه‌نگی و ژماره‌یه‌ك فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان و فڕۆکەى سوتەمەنى به‌شدارییان تێدا كردووە.
ئاماژەى بەوەش کردووە، لە هێرشەکەدا زیاتر له ٣٠ پێگه خاپوور كراون و پێگه‌كان به هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵ یه‌كه هه‌واڵگرییه‌كان ده‌ستنیشانكراون.
لەلایەکی دیکەوە خولوسی ئاكار وه‌زیری به‌رگری توركیا ڕایگەیاند، ئه‌و ئه‌ركه ته‌واو بوو، بۆ ئه‌ركه‌كانی دیكه‌یش له ئاماده‌باشیدا ده‌بن.
جیاواز لەوەش محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەمیانەی بەشداریکردنی لە جەژنی ئێزدی لە چیای لالش ڕایگەیاند، دژی هەر هێرشێکن کە سەروەری خاکی عێراق پێشێل بکات و، ئەو هێرشانەی تورکیا بۆ سەر هەرێم ئیدانە دەکەن.
فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیا لە ماوەى ساڵى ڕابردوودا زیاتر لە سێ هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر شنگال و کەمپى مەخمور کە شوێنى مانەوەى ئاوارەکانى باکورى کوردستانە، ئەنجامداوە و بەوهۆیەشەوە چەندین هاوڵاتى شەهید و برینداربوون.
هێرشەکانى تورکیا بۆ ئەو ناوچانە دەگەڕێتەوە بۆ مانگى ١٢ى ساڵى ڕابردوو، کاتێک یەکەمین هێرشی ئەو وڵاتە لە ٦ى ١٢ى ٢٠١٧ فڕۆکە جەنگییەکانیان کەمپی مەخموریان بۆردوومانکرد، بەو هۆیەشەوە شەش کەس گیانیان لەدەستدا.
دواتریش لە ١٥ى ئابی ئەمساڵ لە هێرشێکى ئاسمانى تورکیادا زەکی شنگالی، سەرپەرشتی گشتیی ھێزەکانی سەربە پەکەکە لە شنگال شەهیدکرا.
تورکیا بوونى هێزەکانى پەکەکە لەو ناوچانە بە هێرش بۆ سەر وڵاتەکەى دەزانێت و پێشتریش ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا لە حوزەیرانى ئەمساڵدا ڕایگەیاند، مۆڵه‌ت له كه‌س وه‌رناگرن و هێرشده‌كه‌نه سه‌ر شنگال و قه‌ندیل و مه‌خمور.
هێرش و پێکدادانەکانى هێزەکانى پەکەکە لەو ناوچانە تەنها لە بەرامبەر سوپاى تورکیادا نەبووە، ٢ی ئازارى٢٠١٧، لە سنووری ناحیەی سنونێ پێکدادان لە نێوان پێشمەرگەى ڕۆژى سەربە پارتى و هێزەکانى پەکەکە ڕوویدا و دواتریش لە ٢ى ئەیلولى ئەمساڵ لە ڕۆژئاوای سەنتەرى شنگال پێکدادانى سەربازى لە نێوان هێزەکانى یەبەشە و سوپاى عێراقدا ڕوویدا.
ع.م