سەردێڕ:

نەوەی نوێ ئیدانەی هێرشەکانی سەر مەخمور و شنگال دەکات

فۆتۆ: 
2018-12-14

1364 جار خوێندراوەتەوە

فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان دژایەتی خۆی دەربڕی لە بەرامبەر بۆردومانەکانی دوێنێی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر مەخمور و شنگال.


فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان دژایەتی خۆی دەربڕی  لە بەرامبەر بۆردومانەکانی دوێنێی فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر مەخمور و شنگال.

لە ڕاگەیەندراوێکدا فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان بڵاویکردەوە، "فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌ لە پەرلەمانی كوردستان، دژی هەر دەستدرێژییەكە بۆ سەر سەروەری وڵاتەكەمان و ئیدانەی بۆردومانكردنەكانی دوێنێی سوپای توركیا دەكەین بۆ سەر مەخمور و شنگال، كە بەداخەوە زیانی گیانی و ماڵی لێ كەوتووەتەوە."

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەوان لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌، بەرپرسیارێتیی پاراستنی سەروەریی هەرێم و عێراق دەخەنە ئەستۆی دامەزراوە فەرمییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی عێراق، كە بۆ چەندەمین جارە سەروەریی وڵاتەكەمان پێشێل دەكرێت و هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق نەیانتوانیوە لەڕێی كەناڵە یاسایی و دیپلۆماسییەكانەوە، چارەسەری گونجاو بۆ ئەم دەستدرێژییانە بدۆزنەوە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا فراكسیۆنی نەوەی نوێ‌، وێڕای دەربڕینی هاوخەمی بۆ كەسوكاری قوربانییەكان و زیانلێكەوتووان، بە ئەركی حكومەتی هەرێم و عێراقی دەزانێت نەهێڵێت جارێكی تر ئەم ڕووداوانە دووبارە ببنەوە و دەبێت قەرەبووی زیانلێكەوتووانیش بكرێتەوە، سەرەڕای ئەوەی سەرسوڕمانی خۆیان نیشاندەدەن كە حزبە كوردستانییەكان هەڵوێستیان نەبووە لەئاست ئەم پێشێلكارییەدا.

ئەوەش لەکاتێکدایە شەوی ڕابردوو فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیا چەند شوێنێکیان لە سنورى مەخمور و شنگال بۆردومانکرد و شەهید و بریندارى لێ کەوتەوە و بۆردومانەکانیش بۆ سەر کەمپی ئاوارەکانى باکورى کوردستان و گەریلاکانی پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) بووە لە سنورى مەخمور و شەنگال.

 

ع.م