له دانوستانه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمدا، لایه‌نه به‌شداره‌كان سه‌رقاڵی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئیعلامیانه‌ی سه‌قفی داواكاری و خواسته‌كانیان و جوانكردنی ئه‌جێندای پێكهێنانی حكومه‌تێكن کە به ڕای چاودێران جگه له گۆڕینی ژمارەی كابینه، هیچ جیاوازییه‌كی له‌وانه‌ی پێش خۆی نییه.
له دانوستانه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمدا، لایه‌نه به‌شداره‌كان سه‌رقاڵی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئیعلامیانه‌ی سه‌قفی داواكاری و خواسته‌كانیان و جوانكردنی ئه‌جێندای پێكهێنانی حكومه‌تێكن کە به ڕای چاودێران جگه له گۆڕینی ژمارەی كابینه، هیچ جیاوازییه‌كی له‌وانه‌ی پێش خۆی نییه.
پارتی، به‌ده‌ستهێنانی زۆرینه‌ی كردووەته چه‌كێكی به‌هێز و بێ منه‌تانه مه‌رج بۆ به‌شداره‌كان داده‌نێت. سه‌رۆكی ئه‌م حیزبه‌ش كه مه‌سعود بارزانییه گفتی حكومه‌تێكی به‌هێز و گۆڕانكاری گه‌وره ده‌دات كه دواترینیان له مه‌راسیمی سه‌ربازیی زاخۆ بوو، له‌كاتێكدا له ماوه‌ی ١٢ ساڵ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌ودا كوردستان، له نیمچه ده‌وڵه‌ته‌وه گه‌ڕایه‌وه به هه‌رێمێكی باڵ كرا‌و و پاشكۆی به‌غدا، ئه‌مه جگه له قوڵبوونه‌وه‌ی زیاتری په‌رته‌وازه‌یی و دوو ئیداره‌یی و مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه به هێزی چه‌كداری حیزبه‌كان.
یه‌كێتی و گۆڕان كه له كێبه‌ركێدان بۆ به‌شداریی حكومه‌تی مه‌سرور بارزانی، چه‌ندجارێك پێشمه‌رجی شه‌راكه‌ت و جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردنیان كردووەته پاساوی سه‌فه‌ری هه‌ولێر و سه‌ردانی ماڵی نێچیرڤان بارزانی بۆ به‌شداركردنیان لە حکومەتەکەی پارتی و، هەردووکیان ڕایانگەیاند، مەرجیان هەیە بۆ بەشداری لە حکومەتدا، مەرجەکانیشیان تایبەتن بە پرۆژە و بەرنامەی چاکسازی، لەکاتێکدا خۆیان ئەزمونیان هەیە لەگەڵ پارتی و باش دەزانن کە پارتی لە ١٣ ساڵی ڕابردووی یەکگرتنەوەی دوو ئیدارەدا نەیویستووە هیچ چاکسازییەک بکات و ئەزموونی تاڵیشیان هەیە لەگه‌ڵ ئه‌م هێزه سیاسییه‌دا.
ئێن ئاڕ تی له سه‌رچاوه جیاجیاكانەوه زانیویه‌تی جگه له دابه‌شكاریی پۆسته وه‌زارییه‌كان و كێبڕكێ له‌سه‌ر جێگری پۆسته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی حکومەت، هیچ مه‌رج و داواكارییه‌كی تر له دانوستانه‌كاندا لەلایەن یەکێتی و گۆڕانەوە نه‌خراونه‌ته به‌ردەم پارتی.
له كابینه‌ی پێشوودا له ساڵى ٢٠١٤، پاساوی گۆڕان بۆ به‌شداریی له حكومه‌ت، خزمه‌تكردنی هاولاتییان له ڕێگەی ده‌سه‌ڵات و جێبه‌جێكردنی پاكێجه‌كانی ئۆپۆزسیۆن بوو، به‌ڵام له ئه‌زموونی حوكمڕانیدا و له‌میانه‌ی كاری وه‌زیره‌كانیدا سه‌رباری ئه‌وه‌ی نەیانتوانی هیچکام لەو پرۆژە و بەڵێنانە جێبەجێ بکەن کە گفتیان دابووە هاوڵاتییان، بگرە هه‌ندێكجار پاساویشیان بۆ حكومه‌ت ده‌هێنایه‌وه له‌وانه‌ش، گرانكردنی نرخی سووته‌مه‌نی و دواکەوتنی پێدانی موچە، کە سەرباری ئەمەش لە دواییدا و له‌سه‌ر ناكۆكی سیاسی نێوان (بزوتنه‌وه‌كه‌یان و پارتی) وەزیرەکانی گۆڕان نێردرانه‌وه بۆ ماڵه‌وه بەبێ هیچ پاساوێکی یاسایی.
به‌پێی زانیارییه‌كانی ئێن ئاڕ تی مه‌رج و دواكارییه‌كانی یه‌كێتی و سنووری خواسته‌كانیان له كابینه‌ی نوێ چه‌ند شتێكی دیاریكراوه:
١- پۆستی سه‌رۆكی پەرله‌مان كه له سایه‌ی زۆرینه‌ی پارتیدا له‌ناو په‌رله‌مان، ئه‌ركی ده‌بێته جێبه‌جێكاری ئه‌جێندای پارتی له‌وانه‌ش دۆزینه‌وه‌ی ده‌رچه‌ی یاسایی بۆ ئه‌كتیڤكردنه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و ده‌ستوور به‌پێی خواست و پێداویستی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی.
٢- جێگری سەرۆک حکومەت، بە مەرجێک سەرۆک یه‌ك جێگری هه‌بێت، ئەمەش بۆ ده‌ربازكردنی یه‌كێتی له ئیحراجیی چونكه ڕۆژگارێك ده‌سه‌ڵاته‌كانی له پارتی زیاتربوون.
٣- پێنج وەزارەت یان لە خراپترین حاڵەتدا چوار وەزارەت، بە مەرجێک دوو وەزارەتی سیادیی تێدابێت وەک (سامانە سروشتییەکان و ناوخۆ).
سه‌باره‌ت به مه‌رجه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش، ئێن ئاڕ تی زانیویه‌تی سه‌ركرده‌كانی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه ئه‌م داواكارییانه‌یان لە پارتی هەبووە:
١- بۆ نیشاندانی هێزی خۆیان به‌سه‌ر یه‌كێتیدا له هه‌وڵی وه‌رگرتنی جێگرێكی سه‌رۆكی حكومه‌تدان و گرنگ ئه‌وه‌یه به‌لایانه‌وه، ببنه خاوه‌ن به‌شێك له ده‌سەڵاته‌كانی یه‌كێتی له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، بۆیە لەگەڵ دوو جێگری بۆ سەرۆکی حکومەت هیچ کێشەیان نییە بە مەرجێک جێگرێکیان بۆ گۆڕان بێت.
٢-جێگری سەرۆکی هەرێم.
٣- چوار یان سێ وەزارەت، بە مەرجێک وەزارەتێكی سیادیی تێدابێت.
به‌م پێیه‌ش له دانوستانه‌كاندا پۆست و ئیمتیازات كراونه‌ته بنه‌ڕه‌ت له‌لایه‌ن یه‌كێتی و گۆڕانه‌وه و هیچ باسێك له‌سه‌ر چاكسازیی بوونی نییه.
هه‌رچی كۆمه‌ڵی ئیسلامییشه به تكای گۆڕان و نێوەندگیریی لایه‌نی تر، نیازی به‌شدارییکردنی لە حکومەتدا هەیە، ئه‌گه‌ر پارتی قبووڵی بكات، ئەمەش وا لێکدەدرێتەوە، سوکایەتیکردنە بەو هێزانەی ڕۆژگارێک خۆیان بە نەیار و ڕکابەری پارتی دەزانی و ئەو هێزانە، یەک بەدوای یەک سەرەیان گرتووە تا پارتی پۆستیان پێ بدات و بەشدارییان پێ بکات لە کابینەکەدا.
ع.م