حکومەتی عێراق لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوە پەیامێکی ناڕەزایەتی ئاراستەی حکومەتی تورکیا کردن لەپای بۆردومانەکانی شەوی ڕابردووی تورکیا بۆ ناوچەکانی مەخمور و چیای شنگال.
حکومەتی عێراق لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوە پەیامێکی ناڕەزایەتی ئاراستەی حکومەتی تورکیا کردن لەپای بۆردومانەکانی شەوی ڕابردووی تورکیا بۆ ناوچەکانی مەخمور و چیای شنگال.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ هەینی (١٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨) بانگهێشتی فاتیح یەڵدز باڵیۆزی تورکیا لە بەغدای کردووە و نامەیەکی ناڕەزایەتی ڕادەستکردووە، سەبارەت بە پێشێلکارییە ئاسمانییە دووبارەکانی لایەنی تورکیا بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی عێراق.
لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی دەرەوە ناڕەزایی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بە پێشێلکارییە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ ئاسمانی عێراق و کردنە ئامانجی چەند پێگە و شوێنێک لە هەردوو ناوچەی چیای شنگال و مەخمور، کە بەهۆیانەوە زیانی گیانی و ماڵی لێ کەوتووەتەوە.
ئەو جۆرە کارانەی بە پێشێلکاری بۆ سەر سەروەری عێراق و سەلامەتی گیانی هاووڵاتییەکانی لێکداوەتەوە و بە هەموو شێوەیەکیش ڕەتیکردووەتەوە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەو هێرشانەی بە پێچەوانەی سەرجەم بنەماکانی هاوسێیەتی و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات ناوبردووە، هاوکات وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕەتیکردووەتەوە خاکی عێراق بەکاربهێنرێت وەک پێگە و ڕێڕەوێک بۆ کارێک کە پێچەوانەی ئاسایش و ئارامی دەوڵەتانی هاوسێ و دۆست بێت.
داواشی لە لایەنی تورکی کردووە پابەندی بنەماکانی هاوسێیەتی بێت لەپێناو پاراستنی پەیوەندی دۆستایەتی نێوان هەردوو وڵات.
شەوی ڕابردوو فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیا چەند شوێنێکیان لە سنورى مەخمور و شنگال بۆردومانکرد و شەهید و بریندارى لێ کەوتەوە و بۆردومانەکانیش بۆ سەر کەمپی ئاوارەکانى باکورى کوردستان و گەریلاکانی پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) بووە لە سنورى مەخمور و شەنگال.
ع.م