سەردێڕ:

​بەهۆی ڕووداوێکی هاتوچۆوە کەسێک گیانی لەدەستدا

دیمەنی ڕووداوەکە
فۆتۆ:  تائیف گۆران
2018-12-14

33954 جار خوێندراوەتەوە

کەمێک پێش ئێستا بەهۆی ڕووداوێکی هاتوچۆوە لە سەر رێگای دهۆک _ هەولێر کەسێک گیانیلەدەستدا و چوار کەسی تریش برینداربوون


دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، دهۆک، تائیف گۆران

کەمێک پێش ئێستا بەهۆی ڕووداوێکی هاتوچۆوە لە سەر رێگای دهۆک _ هەولێر کەسێک گیانی لەدەستدا و چوار کەسی تریش برینداربوون.

پەیامنێری دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی لە شوێنی ڕووداوەکە ڕایگەیاند، ڕووداوەکە لە سەر پردی حسێنی لە سنوری قەزای ڕۆڤیا بووە کە دەکەوێتە سەر ڕێگای هاتوچۆی هەردوو پارێزگای هەولێر_ دهۆک.

یەکێک لە شایەتحاڵەکان لە شوێنی ڕوداوەکەوە ئاماژەی بەوە کرد، ڕووداوەکە لە نێوان دوو ئۆتۆمبێلی جۆری ئەڵتیما و هۆندای تایبەت ڕوویداوە و بەوهۆیەوە دەستبەجێ کەسێک گیانی لەدەستدا و چوار کەسی تریش برینداربوون.

ئەوەشی ڕاگەیاند، هەر بەهۆی ڕوداوەکەوە یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان لە سەر پردی حسێنی کەوتوەتە ناو ڕووباری خازر دواتر لەلایەن هاوڵاتیانەوە دەرهێنراوە.

باسی لەوەشکرد، ئەو چوار کەسەی برینداربوون بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شێخان و باری تەندروستی کەسێکیان ناجێگیرە.

ڕووداوەکانی هاتوچۆ بە یەکەم هۆکاری گیان لەدەستدانی هاوڵاتیان دادەنرێت لە هەرێمی کوردستاندا، بەپێی ئامارەکانیش، لە ١٥ ساڵى ڕابردوودا، زیاتر لە ١٠ هەزار کەس لە هەرێمى کوردستان بەهۆی ڕووداوەکانى هاتوچۆوە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ١٠٠ هەزار هاوڵاتی دیکەش کەمئەندام و برینداربوون.