وەرزشی کوردستان ٢٠٢٠ ئیفلیج بوو، رەنگە ٢٠٢١ لەناویش بچێت

1/4/2021 3:57:21 PM

324 جار خوێندراوەتەوە

زاگرۆس نانەکەلی
+ -

گەر گوزەرێک بەنێو ساڵی ٢٠٢٠ دا بکەین، کۆرۆنا و قەیران و ئیفلیجیی وەرزش لەلای ئێمە سێکوچکەی ناونیشانی ساڵی ٢٠٢٠ بوو.قەیران ھەموو سێکتەرەکانی وەستاندبوو، وەرزشی پوکاندبووەوە، قەیرانەکان وایان لە وەرزش کرد ھەرچی پێشکەوتن و داھێنان و جوانی و سەرکەوتنەکان ھەبوو، تێکڕایی کرد بە گیانێکی بێ رۆح، قەیرانەکان یاریزانەکانی خستە بارودۆخێک کە کرێکاری و چەندین کاری تر بکەن، ھەرچەندە کارکردن و پەیداکردنی بژێوی ژیان ئەو پەڕی شانازی و سەفرازییە، بەڵام ناکرێت یاریزانێک لە خولێک یاری بکات وپێنج رۆژ مەشق بکات ورۆژێکیش یاری بکات وکاریش بکات، ئەمە لەرووی تەندروستی و جەستە و ھزر و توانا و لۆژیکەوە ناتەندورستە.
ڤایرۆسی کۆڕۆنا پۆلێک رۆحی پاکی لێ سەندینەوە  لە وەرزشکارانی دێرین و میدیاکارانی وەرزشی (یاوەر نامیق، ئالان عەلی، محەمەد یاسین، سیامەند رەحمانی خاوەن پێداویستی تایبەت، ئەحمەد عەزیز، محەمەد عوسمان، رەمزی وەلی، دلێر رەسوڵ، حەمە سەعیدنادر، مەحمود نورەدین، سەروەر خەتیب) و چەندانی تر.
بۆیە ئەمساڵ ساڵێک بوو کە ھەرگیر ئومێدی گەڕانەوەی بۆ ناخوازرێت، جگە لە قەیرانەکان، بوو بە ھەناسەی ساردی زۆرێک لەخانەوادەکان، بۆیە دەکرێ ھەموومان ببین بە قەڵغانی خۆشەویستی بۆ ئەوەی لە داھاتوودا یەکترمان بەراستی خۆش بوێت.
قەیران و کۆڕۆنا و ناخۆشییەکانیان یەک لەدوای یەک ریزیان بەستبوو، بەتایبەتیش لەسەر وەرزشکاران، چونکە بێ کار وبێ وەرزش و بێ موچە و بێ ھەموو جوانییەکان بوون، بەرگوێم کەوت ھەندێک لە ئازیزانی وەرزشکارانی دێرین ھاوکاری ویارمەتیان بۆ کۆ کردبوونەوە لە پێناو  نەک پارچە نانێک، بەڵکو لەپێناو پێدانی کرێی خانووەکانیان.
بۆیە وەرزشکارانی دێرین و وەرزشکارانی ئێستا و یاریزانە ئازیزەکان  کاتێک ئەم دۆخە تێدەپەڕێت و ئاسایی دەبێتەوە، دڵنیام بە  منداڵ و خزمی وکەس وکاری خۆشیان دەڵێن لە وەرزش نزیک نەکەون، چونکە وەک ئەوان وێران دەبن، بۆیە گرنگە وەرزشکاران بەگشتی لەم دۆخە خراپە دەرباز بکرێن، گەرنا شتێک نامێنێت بەناوی وەرزش و وەرزشکاری کورد لە کوردستان.
نابێت دڵمان بەوە خۆش بکەین، خولەکانی تۆپی پێ دەستیان پێکردۆتەوە، کە باسی وەرزشیش دەکەم، مەبەستم لە زیاتر لە (٣٠) یەکێتی وەرزشییە لە لیژنەی ئۆڵۆمپی کەرەنتینەی کۆڕۆنایە، چونکە ساڵی ٢٠٢٠ وەرزش ئیفلیج بووبوو،گەر لە ساڵی ٢٠٢١ خەمی نخورێت و وەرزش چارەسەر نەکرێت ئەوا بێشک وەرزشەکەمان لەناودەچێ.