جیاوازییەکان، ڕۆناڵدۆ چۆن ھەوڵ دەدات سەرکەوێت بە سەر مێسی دا؟
12/31/2020 10:52:25 AM
367 جار خوێندراوەتەوە
ئەحمەد هێرۆیی
+
-
ڕۆناڵدۆ و مێسی ئەو دوو ناوەی ماوەی ساڵانێکە لە ڕکابەری سەختی یەکتر دان، بابەتی بەراوردکاری لە نێوان ڕۆناڵدۆ و مێسی ھەموو لایەنێکی گرتۆتەوە، ڕۆژ بە ڕۆژ ئاماری سەیر و جیاواز دەبینین کە بەراوردکاری دەکەن لە نێوان ئەم دوو ئەستێرەیەدا.
جیاوازییەکان لە نێوان ڕۆناڵدۆ و مێسی دا ئەوەندە زۆرن، کە ناتوانی لە نووسینێکدا بە کورتیش ئاماژەی پێ بدەی، بۆیە من لێرەدا ئاماژە بە دوو خاڵ دەکەم کە ڕۆناڵدۆ چۆن توانیویەتی وەک بەشێک لە ڕکابەری خۆی و مێسی سودیان لێ ببینێت.
یەکەم/ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی: ئەگەر سەیری ئەم دوو ئەستێرەیە بکەین لە تۆڕە کۆمەڵاتیەکان، جیاوازییەکی زۆر گەورە دەبینین لە نێوانیان دا. ھەرچی ڕۆناڵدۆ یە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیش زۆرترین گرنگی بە تۆپی پێ دەدات و بەردەوام کارو چالاکیەکانی ماڵەوەشی پیشانی ھەواداران دەدات، ئامانجیشی لەوە ئەوەیە بۆ ئەوەی ھەمووان ھەست بکەن کە ئەو چەند پیشەگەرە و چەند گرنگی بە خۆی دەدات و پیشەکەی خۆی چەند لا گرنگە، بەوەش ھەمیشە سەرنجی ڕاگەیاندن و ھەواداران بەلای خۆیدا ڕادەکێشێت، وادەکات ھەمووان ستایشی بکەن و دەستخۆشی لێ بکەن و بە نموونەیەکی جوان سەیری بکەن. و ھەروەھا ڕۆناڵدۆ بەردەوام پەیام و لێدوانی گرنگ لە کات و ساتە جیاوازەکان دا بڵاو دەکاتەوە، تەنانەت ئەگەر بابەتەکە دوور لە تۆپی پێش بێت.
بەڵام سەبارەت بە کەسایەتی مێسی لە تۆڕە کۆمەڵاتیەکاندا ئەو کەسێکی زۆر ئاساییە، کەمتر گرنگی بە بۆنە و ئاھەنگەکان دەدات، کەمتر باسی تۆپی پێ دەکات، یان تەنھا کۆمەڵێک وێنە بەشێوەی ئەلبوم بڵاو دەکاتەوە بە بێ ئەوەی ھیچ شتێک بڵێت. کە ئەو کارەی لیۆ دوورە لە کەسایەتی کەسە پیشەگەرەکان، کە لە ڕاستی دا دەبوو مێسی پیشەگەرانەتر مامەڵە لە گەڵ تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دا بکات، کە لە ئێستا دا دەتوانین بڵێین تۆڕی کۆمەڵایەتی کاریگەری لە تیڤی زیاتر بێت کەمتر نیە.
دووەم/ خاڵێکی تری بەھێزی ڕۆناڵدۆ ئەوەیە زۆر زیرەک و قسەزانە ھەمیشە لێدوانەکانی ئامانجێکی گەورەیان لە پشتە. ڕۆناڵدۆ ھەمیشە لە دەرفەتێک دەگەڕێ ھەتا لە ڕکابەرەکەی کە (مێسی) یە بدات، بێ ئەوەی ڕاستەوخۆ ئەو کارە بکات. بۆ نموونە لە ئاھەنگی باشترین یاریزان دا، ڕۆناڵدۆ لە تەنیشت مێسی دانیشتووە و دەڵێ گرنگترین دەستکەوتی من و خۆشترین کاتی من ئەو کاتە بوو کە لە گەڵ ھەڵبژاردەکەم نازناوی یۆرۆم بردەوە، کە لێرەدا ئامانجی ڕۆناڵدۆ ڕوونە تەنھا دەیەوێ توانج لە مێسی بدات و بڵێ تۆ نەت توانیوە گرنگترین دەستکەوت بەدەستبھێنیت. یان ڕۆناڵدۆ کاتێک چەند ڕۆژێک لەمەو بەر وەک باشترین یاریزانی سەدە دیاری کرا، ھاتە سەر شانۆ و دەرفەتەکەی قۆستەوە و وەڵامی ھاندەرانی دایەوە. کاتێک دۆن گووتی بیری ئەو کاتانە دەکەم کە گاڵتەتان پێ دەکردم و ھوھاتان لێ دەکردم.
زیرەکی ڕۆناڵدۆ لێرەدا ئەوەیە کە لە چ کاتێک دا وەڵامی ئەو کارەی ھاندەران دەداتەوە، ئەو کاتەی کە لە لوتکەی سەرکەوتن دایە و ڕکابەرەکانی تەنھا سەیر کردنیان بۆ ماوەتەوە، بەوەش باوەڕ بە ھەمووان دەھێنێت کە ئەو چەند متمانەی بە خۆیەتی.