نەیمار چۆن دەتوانێت بگەڕێتەوە بەرشەلۆنە؟

12/3/2020 10:41:29 AM

589 جار خوێندراوەتەوە

رەوەز ئەحمەد
+ -

نەیمار بە رونی وتی کە دەیەوێت جارێکی تر لە تەنیشت میسییەوە یاریی بکات و چێژ لە یاریکردن ببینێتەوە لەگەڵیدا، وتیشی کە ئەو هیوا دەخوازێت وەرزی داهاتوو بتوانێت لەگەڵ میسی یاریی بکات.

سەرەتا قسەکانی نەیمار هیوا بون، نەک بڕیار، واتە نەیمار هیوا دەخوازێت لەگەڵ میسی یاریی بکات نەک بڕیاریداوە جارێکی تر لەگەڵ میسی یاریی بکاتەوە.

هەمومان دەزانین هیوا هەلی رونەدانی هەیە، واتە ئیحتیمالە ئەم قسانەى نەیمار تەنها بۆ وروژاندنی بابەتەکە بێت و هەوڵەکە بۆ خەڵکی تر بەجێبهێڵێت.

قسەکانی نەیمار دوو رێگەی هەیە بۆ جێبەجێ کردنی

یەکەم: یان دەبێت میسی بچێتە پاریس سانجێرمانەوە

دووەم: یان دەبێت نەیمار بگەرێتەوە بۆ بەرشەلۆنە

 

سەبارەت بە خاڵی یەکەم، بە قورسی ئەبینم میسی بچێتە پاریس لەبەرچەند هۆکارێک، هۆکاری یەکەم ئاستی خولی فەرەنسی بە بەراورد بە خولەکانی ئەوروپا لاوازە، هۆکاری دووەم: میسی چامپیۆنز لیگ و تۆپی ئاڵتون و نازناوی گەورەى دەوێت کە ئەوەش لە فەرەنسا نییە، سەیری نەیماربکەن لەوەتەى چوەتە فەرەنسا لە هەموو ئەو نازناوانە دورکەوتۆتەوە، هۆکاری سێیەم: ئاستەمە پاریس بتوانێت بە یەک جار موچەى مباپی و نەیمار و میسی بدات و کاری لەو جۆرە خۆ ئینتیحارکردن و مایە پوچییە.

بۆیە دێمە سەر خاڵی دووەم

نەیمار بگەرێتەوە بۆ بەرشەلۆنە

بۆ ئەمەشیان پێموانیە کڕینی نەیمار ئاسان بێ، ئەویش لەبەر چەند هۆکارێک، یەکەم لەبەرئەوەى نەیمار لە دۆخێکی خراپ بەرشەلۆنەى جێهێشت و زۆربەى سەرۆکەکان کە پاڵێوراون بۆ جێگرتنەوەى بارتۆمیۆ باس لەوە دەکەن کە نەیمار ناحەقی کردوەو لە پرۆژەیاندا نییە، نە لاپۆرتا نە ڤیکتۆر فۆنت کە دوو پاڵێوراوی بەهێزن بۆ سەرۆکایەتی بەرشەلۆنە لە پروپاگەندەکانیاندا ناوی نەیماریان نەهێناوە.

دووەم، گەرانەوەى نەیمار بەدەست خۆی نیە بەدەست پاریسە، وەرزی رابردوش نەیمار لە گەرانەوە نزیک بوو، تەنانەت کۆمەڵێک یاریزانی بەرشەلۆنە ئامادەبون موچەى خۆیان کەم بکەنەوە بۆ ئەوەى نەیمار بکرن، بەڵام سەرکەوتوو نەبون، بۆ؟ چونکە پاریس نەیدا,

سێیەم، بە بونی ئینسۆ فاتی و دیمبلی کە هەردوکیان لەجێگەى نەیمار یاریی دەکەن، کۆکردنەوەى ئەو سێ یاریزانە لە یەک جێگەدا قورسە بۆ راهێنەر، دەبێت یانەکە دەستبەرداری یەکێک یان دوانیان بێت، ئیتر ئایا بەرشەلۆنە فاتی و دیمبلی دەفرۆشێت بۆ نەیمار کە بەرەو ئاخر و ئۆخری ئەروات؟ لەکاتێکدا هەردو یاریزانەکەى تر سەرەتاى دەرکەوتنیانە؟ ئەمەیان بەرشەلۆنە خۆی ئەیزانێت.

وەک رای خۆم گەرانەوەى نەیمار بە خەون ئەبینم بۆ بەرشەلۆنە، تەنها لە یەک حاڵەتدا نەبێت، ئەویش میسی مەرج دابنێت بۆ نوێکردنەوەى بۆندەکەى لەگەڵ بەرشەلۆنە بە کڕینی نەیمار.

واتە بەراى من تاکە رێگە بۆ گەرانەوەى نەیمار بۆ بەرشەلۆنە ، گرێبەستی میسییە، ئەو بڵێت بە مەرجێک نوێی دەکەمەوە ، ئەگەر نەیمار بکڕن، نەیکڕن، دەڕۆم، هەر ئەو رێگەیە ئەبینم.