جەماوەری خولەکانی دەڤەری راپەڕین و ھیوایەک

11/4/2020 11:51:38 AM

409 جار خوێندراوەتەوە

ئومێد محەمەد پیرۆت
+ -

ئێستا کەدەبینم یاریگاکانی دەڤەرەکەم لێو ڕێژن لەتروسکایی شادیەکانی ئەو جەماوەرەی کە تا ناخیان وەفادارن و خولیای ھاندان و چەپڵە ڕێزانیشن بۆ یاریزانانی تیپەکانیان، وادەبینم کە چێژ و خۆشی یاریەکانی تیپە میللیەکان، چێژ و خۆشی پێشبڕکێی یانەکانیشی تێپەڕاندوە.

خڕبوونەوەی جەماوەر و، ھاندەرانی تۆپی پێ لەم دەڤەرە، سیمایەکی درەوشاوەتریان بە چالاکیەکان بەخشیوە و، بێگومان ئەم ئارەزووە؛ پێویستەکی سەرەکی ئەو ڕۆحە جوان و، بێگەردانەن کە لە یەکە بەیەکەی ئەو جەماوەرەدا وەک خۆرەتاو بەدی دەکرێن. 

ئەو جەماوەرە زۆرە، لە خولەکانی دەڤەری ڕاپەڕین بۆ تیپە میللیەکان، ھۆیەکی گرنگی پێشکەوتنی  یاریزانانە و چێژێکیشیان پێ دەبەخشێ، ئەو چێژەش بارتەقای ئەو ئارەزووەیە کە بۆ یاریەکە ھەیانە.


کە بینیم؛ لەیاری کۆتایی "خولی نایابی حاجیاوا"، ئەو جەماوەرە زۆرە دیمەنێکی ناوازەیان بە بەر یاریگادا کردبوو! یاریگا؛ ھاوشێوەی و کەیف و خۆشی دڵی یاریزانان بەھاندانی ئەم جەماوەرە، ھەر لە بریق و ھوڕ دابوو! دڵ خۆش بووم بەم ژمارە زۆرە و،  لەگەڵ ئەوەشدا دڵخۆشتر بەئاست و توانای ھەر دوو تیپی یاری کۆتایی، ھەمیشە ئومێدێک؛ وەک تیشکی خۆر لەم دەڤەرە، ئەگەر بەربەستی دارایی نەکەوێتە بەردەم یاریزانان، تروسکاییەکانی سەرەتای گەیشتن بەلوتکەی سەرکەوتنی تێدا دەرکەوتووە، ئەمەش دڵخۆشیە بۆ ھەموو لایەک، دیارە ئەمە بۆ ڕانیە و قەڵادزێ و چوارقورنە و شوێنەکانی تریش، سەبارەت بەم جەماوەرە زۆر و پڕ لە ڕۆحی وەرزشیە ھەر ڕاستە و، جێی خۆیەتی گرنگی ئەم جەماوەرە، بۆ وەرزش بەھەند وەربگیرێت و، یاریزانان و ڕاھێنەران، لە ھەوڵی زیاتری بەرەوپێشبردنی توانای خۆیاندا بن، تا پاداشتی ئەم جەماوەرە بە ئەنجامی باش و ئەدای جوان بدەنەوە.   

جگە لەوانە، ئەو ئاست و توانایەی کە لەیاریکردنی تیپە میللیەکانی دەڤەرەکەدا بەدی دەکەم، ئەگەر لە ھەر یانەیەکی ئەم ناوچەیە بەدی کرابا، بێگومان ھاتنی ئەم جەماوەرە زۆرە بۆیاریگاکان، زیاتر و بەتام و چێژێکی زۆرترەوە ھانی یاریزانەکانیان دەدا.