بەس ئەمساڵ بە کارگێڕی یانەکان بڵێن نا!

10/15/2020 4:44:26 PM

445 جار خوێندراوەتەوە

ھەردی حەسەن
+ -

بڕیاری دەست پێکردنەوەی چالاکیەکانی تۆپی پێ بۆ یاریزانی گیرفان بەتاڵ دڵخۆشکەر بوو، بۆ یانەی گیرفان پڕیش دڵتەنگی بە دوای خۆیدا ھێنا، چونکە گومانی تیادا نیە چەند یانەیەکی زۆر کەم نەبێت ئەگینا ئەوانی تر خۆشحاڵ دەبن بیست ساڵێ جارێک ھیچ چالاکیەکی وەرزشی لەم ھەرێمەیا بە ڕێوە نەچێت و بە ئارەزووی خۆیان خێرو بێری یانەکان لە نێوان خۆیاندا بەش بکەن!
ئەوەی ئامانجمە بیڵێم لەم نوسینەدا ئەوەیە ساڵانە لەگەڵ دەستپێکردنی خولەکان و بەتایبەت تریش خولی نایاب بۆ ئاستی پێشکەوتوان، یەکێتی تۆپی پێی کوردستان کۆبونەوەی ھونەری لەگەڵ نوێنەری یانە بەشداربوەکان ئەنجام دەدات و ئیتر لەو کۆبونەوەدا یانەکان بەئارەزوی خۆیان و بەکۆی دەنگی ئەوان بڕیار لەسەر بەڕێوە چونی خولەکە دەدەن. کام ڕێگا لە بەرژەوەندی قاسەی یانەکانیان بێت ئەوان لەوێ ھەمووان دەبنە براو دۆستی یەک و ئەو بڕیارە پەسەند دەکەن، وەک ھەمیشەش یەکێتی تۆپی پێ بڕیاری یانەکان جێ بەجێ دەکات و دەڵێت بڕیاری یانە بەشدار بووەکانە و ئێوە خۆتان چیتان پێ باشە با بەدڵی قاسەکەی ئێوە بێت!
لەم وەرزەشەدا بە ھۆی زۆربونی ژمارەی یانە بەشدار بووەکان بۆ ١٦ یانە ھەر لە ئێستاوە ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە خولی نایابی ئەمساڵ بە شێوازی کۆمەڵە بەڕێوە دەچێت. ئەمەش تەنھا لە پێناو قاسەی یانەکانە و دژی یاریزانانە و جیاواز لەوەش کاریگەری خراپی بەسەر تۆپی پێی ئەم ھەرێمە دەبێت، چونکە یانەکان نایانەوێت لە ڕووی داراییەوە پارەیەکی زۆر سەرف بکەن و ئەیانەوێ لە کورترین ماوەداو بە دەرکردنی کەمترین پارە لە خەزێنەکانیان خول بەڕێ بکەن و ھیچ نەبێت ھەندێ لە خەزێنەکەش سودی خۆیانی تیابێ! 
ئاخر لە کوێی دونیا ھەیە خولێک بە سێ مانگ تەواو بکرێت و نۆ مانگ یاریزان لە ماڵا دابنیشێ!
بۆیە ئەرکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستانە ئەگەر خەمی وەرزش و تۆپی پێی ئەم وڵاتەیانە ڕێگە بەو بێ حورمەتیە نەدەن کە ھەر لە ئێستاوە یانەکان بەنیازن ئەنجامی بدەن، چونکە کارگێڕی یانەکان باکیان لە کاریگەریە خراپەکانی شێوازی بەڕێوەچونی خول بە شێوەی کۆمەڵە نیەو  ئاشکرایە بەشێکی کارگێڕی یانەکان وەرزش لە یانەکان کۆی نەکردونەتەوە، بەڵکو بەرژەوەندی تر لە یانەکان کۆی کردونەتەوە.
خۆ دڵنیاشم ئەم داوایەی من بۆ یەکێتی تۆپێی کوردستان زۆر قورسە چونکە ئەوانەی لەم یەکێتی تۆپی پێیەن خۆیان ئەندامو نزیکی یانەکانن بۆیە قورسە ئەم وەرزە سنورێ بۆ یانەکان دابنێن و بڵێن نا بۆ بەڕێوەچونی خول بە شێوازی کۆمەڵە!.