تۆپی پێ و شتی تریش

10/12/2020 6:54:56 PM

365 جار خوێندراوەتەوە

عومەر عەلى
+ -

تۆپی پێی دنیای سەرمایەداریی لە پارەکۆکردنەوە و بازرگانیی زیاتر، خەریکەھیچ چێژێکی نامێنێ! یارییەکی تووندوتیژانە و نامرۆڤانەیە.

وەرزش بەگشتیی و تۆپی پێ بەتایبەتی، فرۆشتن و بازرگانیکردنە بە توانای جەستەیی مرۆڤەکان، بەناوی لێھاتووی و کارامەیی و جوانییەوە.

خەڵاتەکانی باشترین یاریزانی جیھان و ئەوانی تریش، وەک ماددەی ھۆشبەرن و یاریزان و ھاندەرانیشی پێ سڕ کراوە، گوایە بەو خەڵاتانە پاداشتی ئەو تاکانە دەدەنەوە کە تەواوی ژیانیان ناتوانن بە حەزی خۆیان خواردنێک بخۆن.

ئەگەر مرۆڤ وەک تاکێکی ئازاد وەرزش بکات، دەبێ ئاگای لە خۆی بێ نەکەوێتە نێو زەلکاوی یانەکانەوە، چونکە ئەوکات وەک ئەسپێک چاوی لێ دەکرێ کە ھەتا توانای ھەبێت و بتوانێ غار بدا، بەکەڵک دێت، دوای ئەوە ئیتر دەبێ واز لە یارییکردن بھێنێت.

لەڕووی دەروونناسی وەرزشییەوە:
تۆپی پێ لەناو گرووپی ئەو یارییانەیە کە بە پلەی دووەم دێن لەڕووی تووندوتیژییەوە. تەنانەت یاساکانی تۆپی پێ خۆیانیش ڕێگەیان بەم تووندوتیژییە داوە. لەکاتێکدا یاریی زۆر خۆشتر و سەلامەتتر ھەیە!

من کاتێک سەیری تۆپی پێ دەکەم، ٢٢ ئەسپ دەبینم غار دەدەن و ھاندەرەکانیش گرەویان لەسەر کردوون. 

ھەڵبەت باسی بینەرە کوردەکان ناکەم، چونکە ئەمان بەس ھیلاکییان بۆ دەمێنێتەوە و خەڵووزی ئەو ئاگرە گەورەی تۆپی پێی جیھانن کە گرەوی خەیاڵیی لەسەر یارییەکانی دەکرێت.

 دەکرێ ئەمان تەنیا بینەر بن، نەک ھاندەر!

جەماعەتی تیروپشکی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا عاقڵن! دەزانن ئەم ماوەیە لەبەر کۆرۆنا باڵانسی گرەو و پارەکانیان دابەزیوە، یارییەکی یۆڤێنتۆس و بەرشەلۆنەیان ڕێکخستووە، بۆئەوەی ھاندەرەکان زۆرترین گرەو لەسەر میسی و ڕۆناڵدۆ بکەن و جزدانەکانیان پڕبێتەوە لە دۆلاری چاو سەوز!