با واز لە خۆخۆری و شکاندنی یەکتری بھێنین
9/22/2020 4:09:35 PM
572 جار خوێندراوەتەوە
ئومێد محەمەد پیرۆت
+
-
حەق وایە سەرسام بین، بەو برا و خوشکانەی کە لە شوێنێک، یان دەزگایەک بەخۆبەخش سەرقاڵی پێگەیاندنی ئارەزووماندانی یاریەکانن لەبواری وەرزشدا، جاھەر کەس و لایەنێک بێت، ئەکادیمی، یان نائەکادیمی.
قسەکردن لەپشت ھەر کەس و دەزگا و گروپێکەوە، کاتێک خزمەت دەکەن و بێبەرامبەر قوربانی بە جەستە و ژیانی خۆیان دەدەن، لەبواری وەرزشدا، مانای ئەو لەمپەرە دەگەیەنێت کە چەندین ساڵە دەستی خستۆتە بینەقاقای پێشکەوتنی بوارەکە بەدەستی خودی وەرزشکاران خۆیان.
بۆنمونە: ناکرێت ڕاھێنەرێک قوربانی بەژیانی خۆی دەدات و ڕۆژ ھەتا ئێوارە لەنێو یاریگاکان سەرقاڵی تیپەکەیەتی، لەپێناو پێگەیاندن و بەرزکردنەوەی ئاستی یاریزانەکانی، بەڵام پێی بگوترێت: " ئەمە لەخۆڕایی ئەوە ناکات و شتێکی دەست نەکەوێت ئەم کارە ناکات." یان ئەوە فێرگەکانن کۆمەڵێک منداڵی ئارەزوومەند کۆدەکەنەوە لەنێو یاریگاکاندا، گرنگی بەبەھرە و تواناکانیان دەدەن بۆ ئەوەی لەپاشەڕۆژدا ببنە ھەوێنی گۆڕانکاری لە وەرزشی ناوچەکاندا، ناکرێت چاوەکان ئەوە نەبینن؛ چەندین منداڵی ئارەزوومەند لەم فێرگانە گرنگی بەتواناکانیان دەدرێت و دەبنە یاریزانی لێھاتوو، بەڵام لەبەرامبەردا ئەوداھاتەی بۆ خواردن و جل و بەرگیان لێیان وەردەگیرێ بەشێوازێک زەق بکرێتەوە و ھەموو خزمەتەکانیان لێکدانی سفر بکرێت.
باشە ئەگەر ژمارەیەکی زۆر لەمنداڵان، ھەموو ڕۆژێک تەنھا یەک قوم ئاو بخۆنەوە پێویستی بەداھاتێک نیە؟ بێگوومان زیاتریش، جگە لەو ئەرک و قورساییەی کە بۆسەرشانی ڕاھێنەران ھەیانە.
باشە ڕاھێنەران با بەخۆبەخشیش ئەمە نەکەن، بەڵام دەکرێت وەرزشکار جگە لە حەز و ئارەزووەکەی، بە ھۆی پیشەکەیەوە داھاتێکیشی دەست نەکەوێت؟ دەی ئەگەر وامان دەوێت، ھەتاماوین ئەم وەرزشەی کوردستان دەبێت چاوی ھەر لەدەستی ئەو بەرپرس و ئەم بەرپرس بێت، کە خۆتان نەتانەوێ وەرزش بەپیشەیی بکرێت.
چی تێدەچێت، منداڵان و ئارەزوومەندانی ھەریاریەک لەھەر فێرگەیەک بڕە پارەیەکی ڕەمزی بدەن بەفێرگەکە تادەبێت بەیاریزانێکی باش و لێھاتوو، چونکە کاتێک پێبگات و یانەیەک بەگرێبەستێکی باش بیکاتە موڵکی خۆی، ئینجا ڕێزی ئەو ساتانە دەگرێت کە ڕاھێنەرەکەی خۆی پێوە ماندوو کردووە.
ناشبێت یاریزان کاتێک دەگاتە ئاستێکی باشی یاریکردن، ژیانی وەرزشی خۆی بخاتە ژێرفشاری داراییەکی کەم، لەو یانانەی کە لەساتی داھات زۆریدا خەمیان بۆ داھاتووی یاریزانان و ڕاھێنەران و تیپەکانیان نەخواردووە، بەپڕۆژە و داھاتی گونجاو، تا ئەم پڕۆژانە ببنە پایەکی گرنگ بۆ دارایی خۆیان و، بەمووچەیەکی کەم و نابەرامبەر بە ماندوبوون و دڵسۆزی یاریزانان و ڕاھێنەر چالاکی و کارەنیان ڕایی دەکەن و، جگەلەوە یاریزان بەخۆبەخش ھەموو ژیانی وەرزشی خۆی بکاتە قوربانی، لەکاتێکدا لەیانە و شوێن و جێگەی دی موچە و دارایی باشی بۆ دابین بکرێت.
باشە ئەگەر ڕاھێنەرەکان زۆربەیان بەخۆبەخش خزمەت بکەن، تاوان نیە ئێمەبێین لەبری چەپڵە بەشینەوە و دەست خۆشی؛ بوختان و قسەی ناڕەوایان لەدوا بکەین و ساردیان بکەینەوە لەوەی کە خزمەتێک دەکەن و چەندین مرۆڤیان لەنێو یاریگاکاندا بە ئارەزووەکەیانەوە سەرقاڵ کردووە.
بۆیە من ڕووی قسەم لەخودی وەرزشکارانە، جاری واھەیە گوێ نادرێ بە شکاندنی ھاوپیشەکان بەچەپ و بە ڕاست لەسۆشیال میدیا بێت، یان بەھەرشێوەیەکی تر بێت، یەکتری دەشکێنن و ئەوەندەی بۆیەکتری دەبنە مایەی خەم و خەفەت و ساردکردنەوەی یەکتری لە خزمەت و کارەکان، نیو ھێندە کەسانی دەرەوەی بوارەکە ئەوە بە وەرزشکاران ناکەن و، سەرەڕای ئەمانەش یەکتری تاوانبار دەکەن بەشتانێک کە ئەم دیاردەیە لەگەڵ گیانی وەرزشی نابەرامبەرە، ئەگەر دەست خۆشی بەیەکتری ناڵێن؛ کاتێک ماندووبوونی یەکتری دەبینن لەچالاکیەک یان کارێک، مەبنە ھۆی دروست بوونی گومانەکان لەسەر بودجە و داھاتی ڕاھێنەرێک، یان دەزگایەک، یان فێرگەیەک، ئەگەر گەندەڵیەکیان نەکردبێ و نەبووبنە ھۆکاری زیان گەیاندن بە بەرژەوەندی کۆی وەرزشکاران.
بۆیە لە کۆتایدا ھێندە ماوەتەوە بڵێم:" ڕەخنەگرتن با لەسەر بنەمای دروست و دروستکردن بێت، نەوەک لەسەر بنەمای ڕق و قینە و شکاندن و ناوزڕاندن، بەبێ بەڵگە و شتانێکی بێ بنەما."