شرۆڤەکاری وەرزشی لەکوردستان بوونی نیە!
9/1/2020 4:42:00 PM
607 جار خوێندراوەتەوە
زاگرۆس نانەکەلی
+
-
ناونیشانی ستوونەکەم قورس و قبوڵ نەکراو و نەھەڵێنجراوە، بۆ ئەوانەی ناگەن بەڕۆحی زانستەکە،بەڵام لەسەرخۆ وھێمن بە،بە ھزر بخوێنەوە،پاشان بەروارد لەنێوان زانست وھزری خۆت بکە وئینجا بڕیاربدە، مەعقوڵ چییە نەیاریزانێکی پیشەگەر و نەڕاھێنەرێکی ناودار و نەمیدیاکارێکی ئەکادیمی بیت و بەخۆت بڵێی شرۆڤەکاری وەرزشی!؟.ئەوانەی لەسەر شاشەکانی جیھان و لە رادیۆکان دەیانبینین وگوێیان بۆ دەگرین یاریزان و راھێنەرن لە ئۆڵۆمپیاد و مۆندیال و یۆڕۆ و پاڵەوانیەتییەکانی جیھانی بەشدارییان کردووە،لای ئێمەش ھیچییان نییە رەخنە لە راھێنەر ویاریزان ویانەکان وھەڵبژاردەکان دەگرن،بە کەمتەر خەم وکەم ئەزموون وھەڵەی زەق و شتی عەنتیکە و نا ئەکادیمی باس دەکەن،تا ئێستا لە جیھان گرنگیان زۆر بە زمانی کوردی نەداوە،ئەگەر ئەم راھێنەر ویاریزان ومیدیاکارانەی وەرزشی جیھانی زمانی کوردییان زانیبوایە،ئیتر خۆمان و کەناڵ و وڵاتەکەیان دادەخستین!!!.
دەمەوێ سەرقەڵەمانێک باسی زانستی شرۆڤەکاری وەرزشی بکەم و ئینجا بزانین ئێمە لەکوردستان شرۆڤەکاری وەرزشیمان ھەیە،زانستی شرۆڤە یاخود شیکاری وەرزشی، پرۆسەیەکی زانستی و ھونەری وەرزشییە، کەسانی پسپۆڕ و شارەزا و تایبەتمەند لەیەکێک یارییەکان کاری شیکردنەوەی بۆدەکات، ئەمەش بەپشت بەستن بەئەزموون و داتا و ئامار و مێژوو، کەسی شرۆڤەکار دەبێ ئەزموونێک و تایبەتمەندی لەبواری وەرزش و راگەیاندن بەگشتی و پسپۆڕی لەیارییەکدا ھەبێ و زمانی پاراو و کەسایەتییەکی دیاری ھەبێت.
شرۆڤەکاری لەبەشەکانی میدیا جیاوازی ھەیە بەنموونە: شرۆڤەکردن لەتیڤی، شرۆڤەکردن لەڕادیۆ مەرج نییە وەکو تیڤی بێت، شرۆڤەکردن لەڕۆژنامە و گۆڤارەکان، شرۆڤەکردن لەماڵپەڕەکان، شرۆڤەکردن لەسۆشیال میدیادا.
*جۆرەکانی شرۆڤەکاری وەرزشی:
١-شرۆڤەی تایبەتمەندی:
ئەم شرۆڤەکارە دەتوانێ تایبەتمەندی تەنھا لە یارییەک یاخود دوو تا سێ یاری وەربگرێت وشرۆڤەی لەسەر بکات، بەپێچەوانە شرۆڤەکار ھەبووە، قسەی لەسەر ھەموو یارییەک و رووداوە جۆراوجۆرەکانی وەرزشی ھەبووە، ئەمەش دەکەوێتە ھەڵەکردن و متمانە لەدەست دەدات لەئایندەدا وەک شرۆڤەکاری وەرزشی.
٢-شرۆڤەی زانستی تەکنیک و تەکتیک:
بێگومان ئەمجۆرە شرۆڤانە تەنھا دوو کەس دەتوانێ بیکات، ئەویش راھێنەر و یاریزانێکی دێرین، نەھاتووە بۆ میدیاکارێکی وەرزشی شرۆڤە لەسەر یارییەکی نێودەوڵەتی بکات وخۆشی لەتیپی میللی یاری نەکردبێت یاخود لەبواری وەرزش یان میدیای وەرزشیدا خاوەن ھیچ بڕوانامەیەکی زانستی نەبێت.
٣-شرۆڤەی زانستی پزیشکی:
ئەم جۆرە شرۆڤانە تەنھا بۆ ئەو تیپە یان ھەڵبژاردە دەکرێت،کەیاریزانی پێکانی ھەیە،یاخود بۆ یاریزان تووشی پێکان دەبێت،ھۆکارەکانی پێکانی یاریزان چییە،دەکرێت ئەم یاریزانە کەی چارە بکرێت وئامادەبێت بۆ یاری.
٤-شرۆڤەی کارگێڕی:
بێگومان شرۆڤەکردنی کارگێڕی بەو کەسانەدەکرێ لەسەرۆک و دەستەی کارگێڕی ھەڵبژاردەیەک یاخود یانەیەک، باس لەحاڵەتی ئەرێنی و نەرێنی یانەکەی دەکات و کەموکوڕی و کێشەکان دەخاتەڕوو ھەروەھا گرنگی بەلایەنە شاراوەکان دەدات.
٥-شرۆڤەی داوەر:
ئەمجۆرە شرۆڤەیە تەنھا داوەر و یاریدەدەرانی داوەر قسەی تێدا دەکەن، لەڕووی حاڵەتە گوماناوی و ھەڵەکانی داوەر و حاڵەتەکانی لێدانی سزا و فاوڵ و ڤاڕ و رێژەی سەرکەوتنی داوەری یارییەکە دەستنیشان دەکەن.
٦-شرۆڤەی میدیای وەرزشی:
لێرەوە بۆ میدیاکاری وەرزشی ھەیە کاری پیشەیی وئەکادیمی خۆی پڕۆفیشناڵانە ئەنجامبدات وئەویش باس لەمێژووی ھەردوو تیپ یان ھەڵبژاردە بکات و داتا و شرۆڤەی یارییەکان بکات لەڕووی خول و پاڵەوانێتییەکان، واتە بۆ نموونە مۆندیال یاخود ئۆڵۆمپیاد، شرۆڤەی ئامار و داتاکانی خول و پاڵەوانێتییەکان، گرنگە شرۆڤەکاری وەرزشی بەوردی باس لەداتا و ئامارەکان بکات و گرنگی بەسەرکەوتن و خاڵە ئەرێنی و نەرێنی پاڵەوانێتییەکان بدات، شرۆڤە لەسەر خودی یاریزانەکان بکات، بەنموونە ئەم یاریزانە چەند پاڵەوانێتی بەشداری کردووە و چەند گۆڵی تۆمار و ساز کردووە، یان کارتە سوور وزەردەکانی چەندن.
شرۆڤەکاری میدیای وەرزشی گرنگە بزانێ ئەم یاریزانە کێشەی کۆمەڵایەتی و کێشەی لەگەڵ راھێنەر و یاریزانەکانی تر چییە، تا بەر لەدەستپێکردنی یارییەکە بۆ بینەر و بیسەر و خوێنەر روونی بکاتەوە و کاریگەری لەسەر یارییەکە دەبێت یاخود نا، کەواتە میدیاکاری وەرزشی ئەوە پیشە و کاری راستەقینەی خۆیەتی قسەی لەسەر بکات، ئەوانەی باسم کردن کاری زانستی راستەقینە و پێناسەی شرۆڤەکاری وەرزشییە.
بەڵام ئەوەی لەکوردستان دەگوزەرێ، ناڵێین ھەمووی، بەڵام زۆربەی زۆری وێرانە و دوورە لەکاری شرۆڤەکاری و شرۆڤەی وەرزشی، بەڵگەی ھێندە زۆرمان لەلایە، لەستوونێکی ئاوادا ناتوانین باسی بکەین، دەبێ سیمیناری بۆ ببەسترێت.
سەرەتا لەدەزگایەک دانیشتووە لەڕادیۆ یاخود تیڤی، میوانەکان بەمەزاج و ھاوڕێیەتی داوەت دەکات، ھەموو میوانەکان بەخاوەن بەرنامە دەڵێن سەد لەسەد وایە، تا بۆ جارێکی تر میوان بێتەوە، تەمەنی لەنێوان (٢٢-٢٨) ساڵە کەچی باس لەمێژووی (١٠٠) ساڵەی یارییەکە دەکات و وەک بڵێی سەیری ھەموو یارییەکانی کردووە، میوانداری بۆ بەرنامە یەک بە یەکە، بەیانی من لەلاتم و دوو بەیانی تۆش لەلامی، ئەوەی دەزگاشی نەبێت دەکەوێتە بەر رەحمەتی ئەوانەی ئێستا، شرۆڤەی کۆپی پێستی ماڵپەڕە عەربییەکان بۆتە باو و تەنانەت لەسەر نوقتەش پاز نادەن بۆ وەرگێڕان!!.
شرۆڤەکار دەچێتە تیڤی ئەو نەبوو بۆ رادیۆ، ئەویش نەبوو شەو لەسۆشیال میدیادا لایڤێک دەکاتەوە بیبینن و گوێی بۆ بگرن، ئەمە ڤایرۆسی خۆدەرخستنە و ھاوشێوەی کۆڕۆنایە.
پاڵەوانێتی وخول تەواو بووە ئینجا شرۆڤە لەچایخانە دەست پێدەکات تا بڵێن بەخوا برا ئەوە زۆر زیرەکە، چونکە تائێستاش وابیردەکەنەوە (عەقڵ لەچاوە نەک لەمێشک!!!)، ھەموو کێشەکە لەدوو راستی خۆی دەسەلمێنێ، پێشکەشکار بەرنامەی خۆی تەواو دەکات ومافی خۆی وەردەگرێت و شرۆڤەکاریش لەشاشە دەردەچێت و خەڵک شایەدومانی بۆ دەدەن.
زانستی شرۆڤەکاری و شرۆڤەی وەرزشی بەئەکادیمی پەیڕەو دەکرێت، کەس باسی ناکات، چونکە لێی نازانین!. لایەنگری بۆ لایەک زۆر بەزەقی لەخودی شرۆڤەکار دەبینرێت، ئەمەش ئاساییە، بەڵام بەلایەنگیری خۆت شڕۆڤەی بۆ بکەی ئەمە کارەساتە!؟
لەبەرکردنی ناوی یاریزان تەنھا خۆدزینەوەیە و زانیاری گشتی فرۆشتە بەخەڵک، راستییەکی حاشاھەڵنەگر ئەوەیە بەنموونە سەیری یاری تۆپی پێ دەکەی،٥ خول و ھەڵبژاردەکانی جیھان، دەڵێ سەیری ھەموو یارییەکانم کردووە، من شەوێک دانیشتم ژمێریاریم بۆ سەیرکردنی یارییەکان کرد، لە ٢٤ کاتژمێر، پێویستت بە ٢٨ کاتژمێر ھەیە!!.
شرۆڤەکاری لای ئێمەش تێکەڵ بەبڕیارەکانی داوەر دەبێت و باسی تەکتیک و تەکنیک دەکات و راھێنەرەکان بەکەمزان ناوزەند دەکات و یاریزانەکان بەکەمتەرخەم و کەمئەزموون لەقەڵەم دەدات، گۆڵچی تیپ بەھۆکاری شکست دەزانێ،تەنانەت ئەوەی خۆی پێی دەڵێ شرۆڤە ھەموو قسەکانی دووبارەیە،بەس ناوی یانە ویاریزانەکان دەگۆڕی،ھەموو یانە ویاریزانەکان بە ھەڵە دەزانێ،تەنھا یەک کەس بە ھەڵە نازانێ،ئەویش خۆی وەکو شرۆڤەکاری ناو شرۆڤەکاران!، بەھەرحاڵ تێکەڵ کردن ودەستوەردان بۆ ھەموو لایەک دەبات لەپێناو ئەوەی بەس بڵێن ئەمە زۆر دەزانێ، بەڵام کەسانی پسپۆڕ و تایبەتمەند دەزانن ئەوە ئەو کەسەیە کە ھیچ نازانێ.
بەراستی شەرمە لەشاشە دەرکەوی و لەڕادیۆ قسە بکەی، زانیاری ناڕاست و بەئارەزووی خۆت بدەیت بەبینەر و بیسەر، چ کارەسات و وێرانەیەکە، دەبێ لێرەوە بەس بێت وئەم شۆیە شکستخواردووە و بێ شکۆیە رابگرن!، وەرن بەیەکەوە و ئێستاش زووە با زانستەکە لەوڵاتی خۆمان پێشبخەین و بەئەکادیمی کاری بۆ بکەین،چونکە من لەزۆربەری زۆری دیمانەکان نەم گووتووە شرۆڤەکاری وەرزشیم وتەنھا دید وبۆچنم ھەبووە!!.