ڕیاڵ چى کرد بۆ ڕۆناڵدۆ دەبێت بەرشەش بۆ میسى بکات

8/29/2020 4:31:02 PM

1113 جار خوێندراوەتەوە

گۆران فارس
+ -

ئەو کاتەى ڕۆناڵدۆ ئاشکرایکرد دەیەوێت ڕیاڵ مەدرید بەجێبهێڵێت و ئەزمونێکى نوێ تاقیبکاتەوە، بڕى سزاى هەڵوەشاندنەوەى گرێبەستەکەى لەگەڵ یانە مەدریدیەکە یەک ملیار یۆرۆ بوو، بەڵام ڕیاڵ مەدرید لە دژى ڕۆناڵدۆ نەوەستایەوە و لە ملیارەکە خۆش بوو تەنیا بە ١٠٠ ملیۆن یۆرۆ ڕۆناڵدۆى بە یۆڤانتۆس فرۆشت.

هەرچەندە دەوترێت ڕۆناڵدۆ لەسەر پارە لەگەڵ ڕیاڵ مەدرید ڕێکنەکەوتووە بۆیە ڕۆشت، بەڵام بە دوو هۆکارى زۆر ڕوون ئەمە ڕەتدەکەمەوە:

یەکەم: گەر ڕۆناڵدۆ بە شەڕ بڕۆشتایە و داواى مووچەى زیاترى بکردایە لە ڕیاڵ مەدرید، ئەوسا پێرێزى سەرۆک ڕێگەى پێ نەدەدا بە ئاسانى بڕوات و داواى یەک ملیارەکەى دەکرد، بەڵام وانەبوو بە ڕێککەوتن ڕۆشت هەرچەندە ڕیاڵ حەزى نەدەکرد بڕوات.

دووەم: ڕۆناڵدۆ دواى بەدەستهێنانى چامپیۆنز لیگ و هەر لە کاتى ئاهەنگگێڕاندا ئاماژەى بە ڕۆیشتنى کرد، نەک ئەوەى لەگەڵ کارگێرى یانەکەى نەگەشتبێتە ڕێککەوتن و دواتر بڕیارى ڕۆشتن بدات، دەنا دەیتوانى بڵێت ئەوا چامپیۆنز لیگێکى تر بەدەستهێنرا بۆ یانەکە و مافى خۆى بوو چاکسازى لە گرێبەستەکەیدا بکرێت، کە ئەو ئەمەى نەویست تەنیا ڕۆشتن نەبێت.

ئێستاش کە لیۆنێل میسى ڕۆیشتنى لە بەرشەلۆنە بە بەرپرسانى یانەکەى وتووە، کاتەکەى لەوەى ڕۆناڵدۆ جیاوازە، ڕۆناڵدۆ لە خۆشیدا و دواى بەدەستهێنانى سێ چامپیۆنز لیگ و لەو پەڕى ئارامیدا بڕیارى ڕۆشتنیدا، بەڵام بڕیارەکەى میسى لە کاتێکى تەواو پێچەوانەدایە، توڕەییەکى زۆر بەرۆکى میسى و کارگێڕى یانەکەشى گرتووە، یەکەم بەهۆى لەدەستدانى لا لیگا و دووەمیش کە توڕەبوونەکەى زیاترکرد دۆڕاندنە گەورەکەى چامپیۆنز لیگ بوو.

لەگەڵ ئەمەشدا، بەرشەلۆنە دەبێت ئەوەى میسى بیەوێت بۆى بکات و ئەوەى ئەو یاریزانە بۆ یانەکەى کردووە پشتگوێى نەخات و بێوەفا نەبێت لەبەرامبەریدا، هەر وەک ئەوەى ڕاگەیاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن، بەرشەلۆنە تەنیا بە ٧٠٠ ملیۆن دەستبەردارى میسى دەبێت، کە ئەمەش بڕى سزاى هەڵوەشاندنەوەى گرێبەستەکەیەتى.

بەرشەلۆنە دەبێت وەک ڕیاڵ مەدرید، چۆن لەبەر ڕۆناڵدۆ لە یەک ملیارەکە خۆشبوو، ئەویش بەبڕە پارەیەک ڕێگە بە ڕۆیشتنى میسى بدات و کارەکەى ئاسان بکات، نەک لە بەرامبەریدا بووەستێتەوە و بێوەفایى بنوێنێت.