لێرە وەڵامەکەت دەدەمەوە

7/12/2020 4:16:02 AM

1170 جار خوێندراوەتەوە

ئومێد محەمەد پیرۆت
+ -

دوای ئەوەی وەرزشکارێک  پرسیارێک بۆ ماسنجەرەکەم دەنێرێت و دەڵێت(( ڕەخنە گرتن تاچەند زیان لە ڕەخنەگر دەدات لە بواری وەرزشدا)
لێرەوە دەڵێم؛ بۆ ئەو برا ڕەخنەگرانەی چاوەڕوانی داھاتوویەک دەکەن کەبۆنی وەفای لێ بێت، ئەو وەفایە نابینن! دڵنیابن لەوە، چونکە پێویستە یەکەم جار تۆ لەبەر خاتری خوا بۆ چاکەیەک ئەمەبکەی، دووەم نابێت چاوەڕێی ئەوەبکەی ئەوەی ڕەخنەی لێ دەگری سبەی دەست خۆشیت لێ بکات، ھەرلەبەر ئەوەشە نابێت  چاوەڕوانی وەفا لە مرۆڤەکان بکەی لەبەرامبەر ڕەخنەیەک، کە بۆ چاکەی گشتی گرتووتە، بۆیە ئەگەر لەپێناو خوادا ئەوەت کرد باشیەکەی و خێرەکەی بێ سنورترە.

ڕەنگە ئەرک و خزمەتی تۆ زۆر گرانترو گەورەتر  بێت لەھی یاریزانێک و ڕاھێنەرێک و تەنانەت سەرۆکی یانەیەک و بەرپرسێکیش، ئەوەی تۆ دەیکەی جگە لە خولقاندنی گۆڕانکاری، مێژوویەک دروست دەکات ئەو مێژووە دەبێتە ڕۆحی وەرزش و لایەنێکی گرنگیشە لە ژیانی ھەموو وەرزشکاراندا بیانەوێ یان نەیانەوێ، کاتێک تۆ ڕەخنە دەگری، بەدڵنیاییەوە، ھەمووان لێت ڕازی نابن، ئەو دیاردە نامۆیانەی لەناو وەرزشدا تۆ ڕەخنەیان لێ دەگری، ڕۆژێک دێت دەبنە سەرچاوەی نەھامەتی بۆبەخت و ھاتت لای ئەو کەس و دەزگاو تیپانەی کە ڕۆژانێک بەسەروەریەکانتەوە دەیان نازی، بەڵام دڵنیابە سەروەری و مێژووی ڕەخنەکان گەلێک پڕشنگدارترن، چونکە کاریگەرترینن بۆ خزمەت کردن بە ڕەوتی وەرزش وگۆڕانکاری گەورە.


نابێت دڵگران بی، ڕەنگە ڕۆژانێک دابێت ھەندێک جار بەھۆی ڕەخنەو پێشنیارەکانتەوە،  ھەموو ئەوتیپانەشی یاریت بۆکردوون و وەفادارێکی سەرسەخت بوبی بۆیان ، لەجێگاکەتدا کەسانێک بخەنە ناو مێژووی خۆیانەوە، کەھەرگیز و لەژیانی وەرزشیاندا شەقێکیان بۆ لەتۆپ ھەڵنەداون.


ڕەنگە لەلەگەڵ ھەر ڕەخنەیەکتدا بێئەوەی بیربکەنەوە کە چاکەیەکی گشتیت ئەنجامداوە، ھەندێک لەوانەی کەنایانەوێ وەرزش و ڕەخنە تێکەڵ بەڕۆحی یەکتری بنو تەنھا بەشان و باڵ ھەڵاگوتنیان لامەبەست و کارکردنە، بێئەوەی تۆ بە بوخزێکەوە ڕەخنەکانت ئاڕاستە کردبن و شتێکت کردبێ، یان بەبێ ئەوەی کەسانێکت لەبیر بوبێت کە لە ڕێگەی نوسینەکانتەوە بتویستبێت بیانکەیە ئامانج، ئەوان بوخزو قینی خۆیان دەکەن بەناوبژیوان و خۆیان نەیارێک بەرامبەر خۆیان و بەخەیاڵی خۆیان قیت دەکەنەوەو بێ ئەوەی بنەمایەکی ڕاست و دروستی ھەبێت.

دڵنیات دەکەمەوە ئەوانەی دەرزیەکی خۆیان دەکەن بەگاسن و چاویان لەئاست ئاسمانێک لەخزمەتی بەرامبەرەکەشیان دەنوقێن ھەرئەوانەن دونیای وەرزش دەکەن بە دونیایەکی پڕ لە نەخوێندنەوەو پڕ لە ئاست نزمی و پڕ لەململانێی ناشەریفانەو پڕ لە ھەورازو نشێو پڕ لەبازنەی داخراو.

بۆیە پێویستە بەردەوام بی ئەگەر دەتەوێ شتێک بکەی و باش بێت بۆ وەرزش ، نابێ چاوەڕێی دەست خۆشی باشی ھەموو ئەوانەبی کە بڕیارێک لەناخیاندا ڕەگی داکوتاوە  کە ھەمیشە بە ھەموو شتێک ناڕازیبن ، ئەگەر بتەوێ دڵیان ڕازی بکەی دەبێت پێنوسەکەت لەدەست بدەی.

ئەوانەی ئەمڕۆ لە پشت پەردەوە ڕەخنەو پێشنیارەکانت دەکەنە ئامانجی تیرەکانیان، لەداھاتوودا دەزانن کە چاو نوقاندن لە کەم و کورتیەکان چەند زیانیان بەڕەوشی وەرزش گەیاندووە، ڕەخنەکان چەند زیاتر لەئەوان سودیان بە وەرزش و وەرزشکاران گەیاندووە بێئەوەی چاویان لەپاداشت و دەست خۆشی ھیچ کەس و لایەنێک بوبێت.

لەکۆتایدا ڕەخنەو پێشنیارو ڕێنماییەکان ھێندەی تیشکێکی ڕوناکین، تەنھا ئەو چاوانە لەبەرامبەری ھاڵنایەن کە لەئاست ڕەخنەکاندا داخراون، بەپێچەوانەوە ڕۆشنایی سەر ڕۆح و چاوی ئەوانەن کە دەیانگرنە باوەش و کاریان لەسەر دەکەن.