تیباس و ڕۆبیالیس و ئامانجى شەڕى ڤار

7/7/2020 4:25:29 PM

1130 جار خوێندراوەتەوە

گۆران فارس
+ -

پێمخۆشە شتێک هەیە ئێوەش بیزانن لەسەر باگراوند یان ئامانجى پشتەوەى لێدوانە کۆنەکەى خاڤێر تیباسى سەرۆکى یەکێتى خولى پلە یەکى ئیسپانیا لەسەر ڤار، کە ماوەیەکى کەمە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا جارێکى تر گەرمکراوەتەوە و بڵاوکراوەتەوە.

 تیباس لە مانگى یەکى ڕابردوودا لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ ڕۆژنامەى مارکا دەڵێت "پێموایە پەیوەندییەکەى پێرێز بۆ ڕۆبیالیس کاریگەرى کردووەتە سەر شێوازى بەکارهێنانى ڤار". ئەمە دواى ئەوەى ڕیاڵ مەدرید پەیوەندى بە لویس ڕۆبیالیسى سەرۆکى یەکێتى تۆپى پێى ئیسپانیاوە کردووە گلەیى خراپ بەکارهێنانى ڤارى کردووە، هەر بۆیە تیباسیش پێیوایە ئەم پەیوەندییە گۆڕانکارى لە بەکارهێنانى ڤاردا کردووە.

 پێشتر پێویستە شتێک ڕوونبێت بۆ ئەو کەسانەى نایزانن، سەرۆکى یەکێتى خولى پلە یەکى ئیسپانیا خاڤێر تیباسە و سەرۆکى یەکێتى تۆپى پێى ئیسپانیاش لویس رۆبیالیستە، واتە هەریەکێک لە یەکێتییەکان سەرۆکى تایبەتى خۆى هەیە و وەک لاى خۆمان نییە سەفین کانەبى سەرۆکى یەکێتى تۆپى پێى کوردستانە و هەر خۆشى خاوەنى چالاکى و خولەکانى یەکێتییەکەیە.

 ئاشکرایە ئەم دوو سەرۆکە کێشەى زۆر و ڕکابەرى بەهێز لە نێوانیاندا هەیە، یەکێکیان یاسایەک یان پێشنیازێک دەردەکات، ئەوى تریان ڕەتیدەکاتەوە یان بەپێچەوانەوە.

پار یەکێکیان پێشنیازى کرد بەشێک لە یارییەکانى لالیگا لە ئەمریکا ئەنجامبدرێن، بەڵام ئەوى تریان دژى وەستا و تا ئێستا ئەو پێشنیازە نەکەوتووەتە جێبەجێکردنەوە و دژایەتى دەکرێت.

 بیرتان دەهێنمەوە لە ماوەى ڕابردوودا کاسیاس ڕایگەیاند خۆى بۆ یەکێتى تۆپى پێى ئیسپانیا کاندید دەکات، تیباس پشتگیرى کرد و پێشموابێت هەر خۆى پێشنیازى بۆ کردبوو، کە خۆى کاندید بکات، تا دژى ڕۆبیالیس بەکارى بهێنێت، بەڵام دواتر بەهۆى قەیرانەکانى ڤایرۆسى کۆرۆناوە کاسیاس پاشەکشەى کرد.

 ئەمە بێجگە لەوەى یانەکانى خولى ئیسپانیاش تێوەگلاون لەم کێبڕکێیەى نێوان تیباس و ڕۆبیالیس، ئەوانیش بوون بە چەند بەشێکەوە، بەشێکیان لەگەڵ تیباسدان و بەشێکیشیان لەگەڵ ڕۆبیالیسن.

 چەند کێشەیەکى تریش لە نێوان ئەم دوو سەرۆکەدا هەن بەس لێرەدا باسکردنیان درێژەدەکێشێت، ئەمە بێجگە لەوەى هەردەم کێشەیان لەسەر خشتەى یارییەکان هەیە لە هەموو وەرزێکدا.

 کەواتە ئەوەتان لەلا ڕوون بێت، ئامانج و باگراوندى لێدوانەکەى تیباس لەسەر گۆڕانکاریەکانى ڤار دژى ڕۆبیالیس بوو نەک ڕیاڵ مەدرید، تیباس ناڕاستەوخۆ دەڵێت ڕۆبیالیس بە پەیوەندییەکى تەلەفۆنى سەرۆکى ڕیاڵ مەدرید، بەکارهێنانى ڤارى گۆڕیوە.

 هەر بۆیە ئاشکرایە پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەى سەرۆکى ڕیاڵ مەدرید و ڕەخنەگرتنى لە ڤار لە سەرەتاى ئەمساڵدا، هیچ جیاوازییەکى نییە لە سکاڵاکەى بەرشەلۆنە لەسەر ڤار، کە لەم ڕۆژانەدا پێشکەشى یەکێتى تۆپى پێى ئیسپانیایان کردووە، ئەو کارانە نەنگى و عەیبە نییە بۆ هەردوو یانەکە، بەڵکو تیباس بە ئامانج ویستوویەتى بە قسەکردنى لە کێشەکانى ڤار گورزێکى گەورە لە ڕۆبیالیس بدات و هیچ تر.

 ئەم جۆرە لێدوان و کێبڕکانەش کاردانەوەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا لێ دەکەوێتەوە و هاندەرانى یانەکانیش بەتایبەت پلەکانى پێشەوە لە دژى یەکتر بەکارى دەهێننەوە.