ھەڵەیەکی زمانەوانیی لە وەرزشدا

7/5/2020 11:54:53 AM

473 جار خوێندراوەتەوە

عومەر عەلى
+ -

زنجیرە -١-

 لەڕووی ڕستەسازیی زمانی کوردییەوە، ھەر ناوێکی تایبەت، کۆمەڵێک ناوی دیارخراوی لەگەڵ ھات، ئەوە ناوە تایبەتەکە دەکەوێتە کۆتایی ڕستەکەوە.
نموونە:
- ماڵی ئەحمەد. (واتە: ماڵیک ھەیە، ناوی ئەحمەدە یان ھی ئەحمەدە)
- قوتابخانەی بنەڕەتیی ئەڤین. (واتە: قوتابخانەیەک ھەیە، جۆری قوتابخانەکە بنەڕەتییە و ناوی ئەڤینە)
- قوتابخانەی بنەڕەتیی تێکەڵاوی مەحموود.
- ماڵی کەلتوریی خانی. (واتە: ماڵێکی کەلتوریمان ھەیە و ناوی خانییە یان ھی خانییە)
- سەموونخانەی ئۆتۆماتیکیی عوسمان. (واتە: سەموونخانەیەکمان ھەیە، ئەو سەموونخانەیە ئۆتۆماتیکییە و ناوی عوسمانە). (خۆ ئەگەر بنووسین سەموونخانەی عوسمانی ئۆتۆماتیکی. ئەوە واتە: سەموونخانەیەکمان ھەیە ناوی عوسمانە، ئەو عوسمانەش کەسێکی ئۆتۆماتیکییە!)
* دەمەوێ چی بڵێم؟
ئەوەی لەم زنجیرە باسی ئەکەم بە ھەڵە وەرگێڕانی ناوی (فیفا)یە بۆ کوردیی، بەمشێوەیە:
- لە زۆربەی کتێبە وەرزشییەکان یان ڕاگەیاندنە وەرزشییەکان، دەبینم نووسراوە: (یەکێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی) 
- لەکاتێکدا ئێمە (تۆپێ پێی نێودەوڵەتییـمان نییە، بەڵکو ئەوە یەکێتییەکەیە نێودەوڵەتییـە.
- بۆیە پێویستە ئەو ھەڵە زمانەوانییە ڕاست بکرێتەوە و بکرێتە: (یەکێـتیی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ)
- بەخۆشحاڵییەوە ئەم ھەڵەیە لە ناوی (یەکێتیی ناوەندیی تۆپی پێی کوردستان) نەکراوە. (واتە: ئێمە یەکێتییەکمان ھەیە، ئەو یەکێتییە ناوەندییە، ئینجا ئەو یەکێتییە ناوەندییە ھی تۆپی پێیە، دواتر ئەو یەکێتییە ناوەندییە کە ھی تۆپی پێیە ھی کوردستانە)
- بۆیە دەبێ وەرگێڕ ئاگای لە زمانەکەی خۆی بێت و نەبێتە ھۆی تێکدانی ڕستەسازیی زمانەکەی.
- بەھیوام نووسەرە وەرزشییەکان بە نووسینەکانیاندا بچنەوە و میدیاکارەکانیش لەجیانی جوینەوەی ئەو ھەواڵە بێتامە جیھانییانە، دوو کتێبی زمانەوانیی بخوێننەوە.