تەمموز مانگی رۆژنامەنوسانی وەرزشی کوردستان و جیھانە

7/2/2020 5:38:26 PM

346 جار خوێندراوەتەوە

زاگرۆس نانەکەلی
+ -

مانگی تەمموز دەستپێکی وەرزی ھاوین و بەمانگێکی گەرم دادەنرێ، بەڵام مانگێکی پڕ جوڵە و چالاکی گەرم و گوڕ و چڕوپڕی رۆژنامەنووسانی وەرزشی کوردستان و جیھانە، ھەروەھا بۆتە کانگاو چەقی لەدایکبوونی بۆنەکانی رۆژنامەنووسانی وەرزشی جیھان و کوردستان، جگە لە رۆژنامەنووسانی وەرزشی کوردی بێ خاوەن، سەراپای جیھان لەسەرەتای مانگی تەمموز و بەدیاریکراوی لە ٢ی تەمموزی ھەموو ساڵێک ئاھەنگ بۆ رۆژی خۆیان دەگیڕن و بەچەندین چالاکی جۆراوجۆر، رۆژی جیھانیی رۆژنامەنووسانی وەرزشی بەرز و پیرۆز رادەگرن، ھەروەھا ١٢ و ٣٠ تەمموزیش دەبێتە سەرھەڵدان و لەدایکبوونی یەکەم رێکخراوی تایبەتمەند بەڕۆژنامەنووسانی وەرزشی کوردستان و دەرچوونی رۆژنامەی (کاروانی وەرزش)یش وەک یەکەم رۆژنامەی وەرزشی کوردی، بۆیە مانگی تەمموز دەبێتە مانگ سەرھەڵدان و لەدایکبوونی رۆژنامەنووسان و رۆژنامەی وەرزشی کوردی و جیھانی.
*رۆژانی ١ تا ٣-٧-١٩٢٤ لەشاری پاریسی پایتەختی فەڕەنسا یەکەم کۆنگرەی دامەزراندنی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی رۆژنامەنووسانی وەرزشی/ ئیپس (Aips) بەسترا.
*رۆژی ٢ی تەمموزی ١٩٢٤ بڕیاری دامەزراندن و لەدایکبوونی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی رۆژنامەنووسانی وەرزشی درا.
*بەمبۆنەیەوە رۆژی ٢ی تەمموزی ساڵی ١٩٩٤ کرا بەڕۆژی جیھانیی رۆژنامەنووسانی وەرزشی.
*ئەمڕۆ ٢ی تەمموزی ٢٠٢٠ یادی ٩٦ ساڵەی دامەزراندنی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی رۆژنامەنووسانی وەرزشییە.
*ئەمڕۆ ٢ی تەمموزی ٢٠٢٠ کۆمەڵەی نێودەوڵەتی رۆژنامەنووسانی وەرزشی کۆنگرەی ژمارە ٨٣ی بۆ یەکەمجار بەشێوەی ئۆنلاین گرێدەدات، ئەمەش بەھۆی رێگەگرتن لەتەشەنەسەندنی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا.
*رۆژی ١٢-٧-٢٠٠٦ بەدروشمی (لەپێناو پەرەپێدانی رۆژنامەگەریی وەرزشی لەکوردستان)دا، یەکەم کۆنفرانسی رۆژنامەنووسانی وەرزشی ھەرێمی کوردستانی عێراق لەشاری ھەولێر بەسترا و کۆمەڵەی رۆژنامەنووسانی وەرزشی کوردستان دامەزرا.
*ئەمساڵ ٢٠٢٠ یادی ١٤ ساڵەی دامەزراندنی یەکەم رێکخراوی رۆژنامەنووسانی وەرزشییە لەھەرێمی کوردستانی عێراق کە (کۆمەڵەی رۆژنامەنووسانی وەرزشی کوردستان)ە.
*رۆژی ٣٠-٧-١٩٨٥ یەکەمین بڵاوکراوە و چاپکراوی وەرزشی لەشاری ھەولێر لەدایکبوو کە رۆژنامەی (کاروانی وەرزش) بوو.
*ئەمساڵ یادی ٣٥ساڵەی دەرچوونی یەکەمین رۆژنامەی وەرزشی کوردی (کاروانی وەرزش)ە.
*لێرەوە داوا دەکەم ھەر لەم مانگەدا ئێمەی رۆژنامەنووسانی وەرزشی کوردستانیش، ھەردوو رۆژی رۆژنامەنووسانی وەرزشی و رۆژنامەگەریی وەرزشی کوردی دیاری بکەین.