میدیا، وەک پشتیوانییەکی باش بۆ بەگرنگ سەیرکردنی وەرزش لە کۆمەڵگادا
5/31/2020 4:11:26 PM
566 جار خوێندراوەتەوە
ئومێد محەمەد پیرۆت
+
-
پێویستە کاربکرێت تا لەڕێگەی میدیاوە، بینراو بیستراو نوسراو زیاتر پەرە بەھەموولایەنەکانی بواری وەرزش بدرێت و ئەم گرنگیدانەش ھەموو یاریەکان بگرێتەوە، ھەر لەچالاکیەکانی تیپە میللیەکانەوە تاوەکوو یانەکانیش، تەنانەت گواستنەوەی یاریزانان لە تیپێکەوە بۆ تیپێکی ترو لەیانەیەکیشەوەبۆ یانەیەکی ترو گشت ھەواڵەکان و ئەوچالاکیانەی کە لەناو خۆدا ئەنجام دراون و لەگەڵ ئەوەشدا وتارو ئەو ڕێنماییانەی کەپەیوەندیان بە ڕۆشنبیری وەرزشیەوە ھەیە.
ئەگەر سەیری وڵاتانی دوونیابکەین ئەوانەی لەوەرزشدا وەرچەرخانێکی باش و پێشکەوتنێکی باشیان بەخۆیانەوە بینیوە، دەبینین چەند خەڵکی چاوەڕوانی چالاکیەکان دەکەن، ھێندەش گرنگیان بۆ ھەواڵی تیڤی و ڕۆژنامە وەرزشیەکان لەسەر باس و خواسی کۆی وەرزش لەوڵاتەکایان چڕکردۆتەوە، ئەمە بووە بەئارەزوویەک، کە ڕۆژنامە وەرزشی و بەرنامە وەرزشیەکان لەوڵاتانی پێشکەوتووی بواری وەرزش ڕەواجیان بەشێوەیەکە، چێژێکی تایبەتیان بەبەر جموجۆڵ و چالاکیەکاندا کردووە، جگە لەو چێژە گەورەی کە ھەیانە.
لەوڵاتانی پێشکەوتوو ئەگەر سەرنج بدەین لەدوای تەواو بوونی ھەر پێشبڕکێ و یاریەک ، یەکڕاست دەبێت چاوەڕوانی مانشێتە سەرنج ڕاکێشەکانی سەر لاپەڕەی ڕۆژنامە وەرزشیەکان و سەردێڕە سەرسوڕھێنەرەکانی سەر شاشەی تیڤیەکان بین، ئەمانە ھەمووی ھەوێنی زیاتر گڕوتین بەخشینن بە جمو جۆڵ و چالاکیە وەرزشی و خول و پێشبڕکێکان لەناو جەماوەرو ھاندەرانی وەرزشی، ھەر ئەوەش وادەکات خەڵکانی دور لەوەرزشیش تام و چێژ لەو ھەواڵ ئەو زانیاریانە وەرگرن کە سەبارەت بە وەرزش بڵاو دەکرێنەوە. شەیدای ئەو خۆشەویستی و گیانە وەرزشیەبن کە لەناخی وەرزشدا بوونی ھەیە.
ئەگەر حکومەت لەڕێگەی داموو دەزگاوەرزشیەکانیەوە گرنگی بەمیدیای وەرزشی بدات لەڕێگەی دەرکردنی بڵاوکراوەی وەرزشی و کردنەوەی تیڤی تایبەت بە یاریە وەرزشی و بەرنامەی تایبەت وەرزشی ناوخۆ، چێژی زیاتر دەبەخشێتە بواری وەرزش و چالاکیەکانی، چونکە لەکاتێکدا لە ڕاگەیاندندا، سوچێکی بچوک بەبەر وەرزش بڕابێت بە گشت یاریەکانیشیەوە، کەمتر ھەواڵ و ڕووداوە خۆش و سەرنج ڕاکێشەکان ھەوادارەکان سەرسام دەکەن ودڵخۆشیان دەکەن.
لێرەدا شتێک جێگەی سەرسوڕمانە، ئەگەر بمانەوێت سپۆنسەر بۆ ڕۆژنامەیەکی سیاسی بکەین زۆر زیاتر لە ڕۆژنامەیەکی وەرزشی ڕەواجی دەبێت! کە ئەوەڕای خۆمەو بەدڵنیایشەوە وادەبێت، چونکە خەڵکی بەگشتی وا بارھێنراون، ھێندە تامەزرۆی ھەواڵ و بابەتی سیاسی کراون ، ھێندە نەتوانراوە ئەو گرنگیە بە میدیای وەرزشی بدەن ھەر لە نوسراو بیستراو بینراوەوە، تا بەگشتی خەڵک تامەزرۆی ھەرشتێک بێت سەبارەت بە وەرزش و دونیای سیاسەتیش بخەنە سوچێکی گرنگی پێنەدانیان، ئەوەش بەھۆی بوونی ھەموو ئەو بەرنامە سیاسی و ڕۆژنامە سیاسیانەی کە ئارەزووی ھەموو چین و توێژەکانیان بەرەو سیاسەت بردووەو کە بێگومان دەسەڵات لەم دۆخەدا پشکێکی زۆری بەرکەوتووە، ئەوش بۆتە فاکتەری سەرەکی لەکەمبوونەوەی حەزی کۆمەڵگا بۆ بواری وەرزش.