کورد و عەدنان دڕجال!

5/13/2020 1:51:52 AM

692 جار خوێندراوەتەوە

زاگرۆس نانەکەلی
+ -

منیش یەکێک بوومە لەوانەی سەیری یارییەکانی ئەو یاریزانەم کردووە و  وێنەشم لەگەڵدا ھەیە، وابزانم تائێرە ئاساییە ئەگەر بەگیانێکی وەرزشی لێم وەربگرن و....، بەڵام .....، وەرزشوانێکی تۆپی پێ کە بە (بەنداوی دۆکان) ناسرابوو، ئێستا پۆستی وەزارەتی لاوان و وەرزشی وەرگرتووە، ئەمە دەکرێ بەھەواڵێکی وەرزشی و سیاسی و تەواو، ھەندێک ھاوڕێ و دۆستانی وھەوادارانی پیرۆزبایی لێدەکەن و ھەندێک چەپکە گوڵی بۆ دێت و میوانەکانیش چا و قاوە و شیرینی دەخۆن و دەخۆنەوە و وەزیریش دەستبەکار دەبێت لەوەرزارەتەکەی، ئەو فلیمە لەساڵی ١٩٩٢ەوە تائێستا بەردەوامە، ھەروەھا ئەمجارەش   بەڵام.....!. ئەو کاتی خۆی یاریزان بوو، بەڵام ئێستا سیاسەت و ئیدارەی وەزارەتێکی دەوڵەتێک بەڕێوە دەبات، ئەوکات یاریزان بوو بەرگری دەکرد و گۆڵیشی تۆماردەکرد، بەڵام ئێستا سیاسەت دەکات و بڕیار دەردەکات، ئەوکات ھەموو ئاواتی ئەوەبوو ھەڵبژاردە و یانەکەی ئەنجام بەدەستبھێنێ، ئێستا کار بۆ ئەوە دەکات ھەمووان بە قەڵەمەکەی بوەستێنێ!، کە یاریزان بوو ھاندەرانی بۆ رێزو خۆشەویستی وێنەیان لەگەڵ دەگرت، ئێستا ھەندێک دەزگا و سایت و پەیج و میدیاکارانی وەرزشی و وەرزشوانان و پاڵەوانانی سۆشیاڵ میدیا  وێنەی ناسین و ھاوسەنگەری لەگەڵ دەگرن، یەکێ نەزانێ ئەو گۆڵەی لەکۆریای باشووری کرد ئەوان پاسیان پێداوە!، ئەوەندە بەرقیەی تەبریکات و تەعزیزاتی  بۆ رەفع کرایەوە لەھەرێمەکەی خۆمان زیاتربوو لەناوەڕاست و باشووری عێراق، بگرە کەنداوی عەرەبیش!.
ئێمە لەساڵی ٢٠٢٠ داین، بەڵام بەعەقڵی ساڵی ١٩٩١ بیردەکەینەوە، لەوانەشە قڵس بن، بەس راستییە، نموونەش زۆرن، لەم رۆژانەی دوایی پارێزگاری (ناشفیڵ) لەئەمریکا دەمامکی بەئاڵای کوردستان لەدەمکردبوو، ئینجا خودا دای بۆ بێ ھەواڵەکان، وات دەزانی تەواو بووین بەوڵاتێکی سەربەخۆ، ئەو یاریزانەش بوو بەوەرزیر ئیتر چی بۆ نەکرا، گەر تۆ بەبێ ئەوەی پیشەی یاریزان و پۆستی وەزیرێک لەڕووی سیاسەت و ئیدارەدان لێک جیاواز نەکەیەوە، بڵێم چی، بەیانی وادەزانی وەزیر ھێندە بێ ئیش وکارە، ھەر بۆ پیاسە سەرێک لەبەغدا ئەدەین، چاێکی شیرینی (شاکر فەتاح)ی گەورە نووسەری کۆچکردووی لەلا دەخۆینەوە!، ئاخر چۆن بێ تاقەت نەبین، جارێک کوردایەتیت پێدەفرۆشێ تۆ گۆمان لەخۆت دەکەی کە کورد بیت، جارێک عێراقچیاتیت پێ دەفرۆشێ تۆ گومان دەکەی بەنگلادیشی بیت!.
بۆچی پێش رووداوەکان بکەوین، پێتان وایە عەدنان درجال، دارعەسای موسای پێیە بەیەک چاو تروکان وەرزشی عێراقت بۆ دەکاتە ٥٠% کورد!،گەر ئەو بە ئینساف کاربکات بەبێ جیاوازی،تەنھا بەشی کورد کە ١٧% یە لەعێراق بە کورد ڕەوا ببینێ  بەسە،مەبەست پۆستی ئیداری وکارگێڕییە،ئەوانی تر دەکەوێتە سەر ئاست و ئەنجام و توانای یاریزان و تیپ، با بزانین ئەو وەزیرەی ئێستا و ئەو یاریزانەی دوێنێ لەوەزارەتەکەی چەند خەبیر و مەبیری کورد لەگەڵ خۆی بەگڕدێخی؟ با سەیرکەین و چاوەڕێ بین ئەو فەقیرەی دوێنێ و ئەو وەزیرەی ئەمڕۆ چ بۆ ژێرخانی داتەپیوی وەرزشی کوردستان دەکات، پەلە مەکەن با لەشاروشارۆچکەکانی کوردستان ببینین چەندین فێرگەی تایبەت بەوەرزشەکان دەکرێنەوە، چاوەڕێ بن با بڕوانین شاندەکانی وەزارەتەکەی بەبۆنەی فەڕمی و نافەڕمی، چەند کەسانی وەرزشوان وئیدارەی وەرزشی کوردی لەگەڵ دەبێت گەر ھەمان بێت!، کێ ناڵێ موچەی وەرزشوانە دێرینەکان بەکوردستانیشەوە وەک یەکی لێدەکات، ناکرێت وەرزشوانانی دێرین نەخۆش وپەککەوتە و بێ دەرامەت رەوانەی دەرەوەی وڵاتیان بکات بۆ چارەسەری، بۆیە نابێت تفەنگ بەتاریکی بنێیت، گەر لەپۆستەکەی سەرکەوتوو بوو ھەروەھا لەشوێنی خۆی بوو، ئەوا پۆستەکانتان زیاتر بکەن، گەر پێچەوانەش بوو، بە ئەسپایی و بە نەرمی پۆستەکانتان دیلێت بکەن، بۆیە ناکرێت پێش رووداوەکان بکەوین، چونکە ئەو گۆڵەی لەکۆریای باشووری کرد لەنێوەندی یاریگاوە، لەوانەیە سیناریۆکەی دووبارە بکاتەوە و ئەمجارەیان لەئایندەدا نزیک یان دوور بەسیاسەت لەکوردی بکاتەوە!!!.