ئالان و دایکی نیمار!!!
4/19/2020 4:21:49 PM
488 جار خوێندراوەتەوە
زاگرۆس نانەکەلی
+
-
مەلا مەشھور (١٠) ھێلکەی بە دینارێک دەکڕی و (١١) ھێلکەی بە دینارێک دەفرۆشتەوە، لێیان پرسی مەلا بۆ وادەکەی؟، لەوەڵامدا وتی: با خەڵک نەڵێن مەلا بێ ئیش و کارە!، ساڵی ٢٠١٧ بۆ سمینارێک لەسەر ھەردوو کتێبەکەم کە تایبەت بوو بەمیدیای وەرزشی و مێژووی میدیای وەرزشی کوردی چوومە پاریس، ئەوکات ستوونێکم نووسی بەناوی (پێش نیمار چووم بۆ پاریس)، لەستوونەکەمدا گلەیی و رەخنەم لە میدیاکارانی وەرزشی و میدیای وەرزشی کوردی گرت، کە کەس نەیوت بۆ چووی بۆ پاریس و چیت کرد لەپاریس و چۆن و بۆچی چوویتەتە ئەوێ، کەچی من لە سەر گیرفانی خۆم بۆ ناساندنی میدیای وەرزشی کوردی چوو بووم!، بەڵام کە نیمار چوو بۆ پاریس و گرێبەستی لەگەڵ یانەی پاریس سان جێرمان واژوو کرد، میدیاکاران و میدیای وەرزشی کوردی سەری زمان و بنی زمانیان نیمار و پاریس سان جێرمان بوو،دەتوت بەپارەی ئەوان گرێبەستی کردووە و یانەکەش ھی خۆیانە، دەھۆڵ و زۆڕنایەکی وایان لێدەدا لەسەر قوڕ تۆزیان دەکرد!!.
ئالان عەلی غەریب میدیاکاری وەرزشی کوردی رێکەوتی ١١-٤-٢٠٢٠ کۆچی دوایی کرد، ئەم مرۆڤە تا توانی خزمەتی وەرزش و میدیای وەرزشی کوردی کرد کاتێک کۆچی دوایی کرد،واز لە ھاوپیشە بێنن،ھاوڕێیەتی و دۆستایەتی ساڵانێک و دەرکەوتن لە تیڤی و دیمانەی رادیۆی لەزۆربەی بۆنە وەرزشییەکان لەگەڵ برادەرەکانی کە شەو رۆژ بەیەکەوە بوون،نمەک و وەفا و دڵسۆزی و برای گیانی بە گیانی زۆر گرنگە،کەچی نازانم و تێناگەم بۆ بەدیار نەکەوتن وەفا بنوێنن؟ لە ترسی کۆڕۆنا؟یان کە ئالان کۆچی دوایی کردپەرتووکەکە داخرا؟!،لە وڵاتی ئێمەئەوەی یەک پەند بزانێ دەڵێ (پشیلە سپڵە وبێ ئەمەکە!!) یەکێ نەزانێ ئەوان سەرچاوەی ئەمەکداری و وەفادارین! کەچی زانست نوێی سەردەم سەلماندویەتی پشیلە لە ھەر (١٢) خولەکێک مێشکی فۆڕمات دەبێتەوە و ھیچی لەبیر نامێنێت و نەک ئەوەی کورد دەڵێ پشیلە سپڵەیە!!،بۆیە نە میدیاکاری وەرزشی و نە میدیای وەرزشی کوردی و نەدەزگاکانی راگەیاندنیش، نەمبینی و نەمزانی و نەمبیست و ھەروەھا نەمخوێندەوە، تەنھا بڵێن خوات لەگەڵ ھاوپیشەکەمان، من سۆشیال میدیا ناڵێم، لەبەرامبەردا لەم رۆژانە دایکی نیمار-ی یاریزانی بەرازیل و پاریس سان جێرمان بووە گێڵ فرێندی کوڕێکی گەنج ، میدیای وەرزشی کوردی و میدیاکاران وازیان لەنان و ئاو و کۆرۆنا ھێنا و باسی گەرمیان شیکردنەوە و میکردنەوە و شرۆڤە و مرۆڤەی ئەو بارە نائاساییە بوو کەدایکی نیمار دۆستی نوێی گرتووە و باوکی نیماری یەکەم پیرۆزبایی لە زڕباوکی نیمار کردووە!، ھەروەھا نیمار پیرۆزبایی لەدایک و دۆستەکەی کردووە و دەڵێ خۆش رابوێرن!، بۆ خۆش رانەبوێرن،لەبەر کۆرۆنا نەبوایە لە وڵاتی من ئاھەنگیان بۆ سازدەکردن!.
بڕوابکەن لەکاتی نووسینی ئەم ستوونە موچوڕکەی شەرم دایگرتبووم، زۆر ھەستێکی ناخۆشم ھەبوو، ئینجا لە بەشێک لەدەزگاکان و میدیاکارانی وەرزشی لەپەنای پێشکەوتن ومەدەنیەت قسەی زۆر نەشیاویان دەکرد، باسی سەرجێ و مەرجێ و شتی قیزەوەنیان دەکرد کەمن نەھزر و نە پێنووسەکەم رێیان نەدا بینووسم!!.
حەیفە لەبری پیشەی ئەکادیمی، رۆڵی بەربووک بگێڕن، ئاخر بەمن ناڵێن دایکی نیمار و دۆستەکەی بەئێوەچی؟ باوکی نیمار خیانەی زەوجی دەکات بەئێوەچی؟ بۆچی بەمن ناڵێن دۆستی دایکی نیمار کە ھەتیوێکی رووھەڵگری بێ نموودە بەئێوە چی؟ بۆچی وەڵام نادەنەوە؟ باوک و دایک و دۆستەکەی چ پەیوەندییان بە وەرزش ھەیە؟ چ پەیوەندییان بە میدیای وەرزشی کوردی و میدیاکارانی وەرزشی کوردی ھەیە؟، ئەم وڵامە سەقەتە کلاسیکیەم نەدەنەوە، کەدەڵێ ھەموو جیھان روماڵی ئەم ھەواڵەی کردووە؟ ئەم ھەواڵەی باس دەکرێت لە (ئینستگرام و تویتەر) کەسی خۆیان باسکراوە،نەک وەکو ھەواڵ لە رۆژنامەوسایتەکان،ئەم ھەواڵەی باسی دەکەن عاشق و مەعشوقە قێزەونەکە دایکی نیمار (٥٢) ساڵ و دۆستەکەی (٢٢) ساڵ، شرۆڤەکاری وەرزشی و میدیاکاری وەرزشی باسی چی ئەم رووداوە دەکەن؟ دڵنیام دەڵێن دایکی نیمار بەپارە دۆستی بۆ خۆی کڕیوە، یان دۆستی دایکی نیمار ئەوەندە مسقال زێڕی بۆ کڕیوە، موقەدیمەو و موخیرەشی ئەوەندە مسقالەی بۆ داناوە،یاخود دەڵێن ئەمە دۆستیەتی،ئەگەر بەفەڕمی شووی پێ بکات،لە کوردستان دەبێتە چ شایی ولۆغانێک، یان دەڵێن ئاھەنگی بووک گواستنەوەکەی دەبێتە ئاھەنگی ساڵی کۆرۆنای ٢٠٢٠ و تیایدا بۆ یەکەم جار بەشێک لەمیدیاکارانی وەرزشی کوردیش لەم مەراسیمە ناوازەیە داوەتکراون!، بەڕاستی شەرمە، بێ ناوی لە بەد ناوی باشترە،ئێمە دەزانین قەیرانی بێ ھەواڵییە،تەنھا ھەواڵی تەندروستی نەبێت، بەڵام مانای ئەوە نییە، ئەم جۆرە ھەواڵانە ببێتە باس و گفتوگۆی رۆژ، یاخود وەک پیشەکەی مەلا مەشھور، یەکێک دیاربوو ئەم رووداوە زۆر کاریگەری لەسەر دروست کردبوو،لەکاتی شرۆڤەی ئەم رووداوە دەیگووت: بڕوا ناکەم ئەم زەواجە ساڵێک بخایەنێ)،ئەم رووداوەم وەک شرۆڤەکاری سیاسی ھاتە بەرچاو، لەماڵەوە ئاوی نەدەھات لە تیڤی باسی کێشەی دارفوڕی دەکرد!.
بەویژدانتان، ئەوەندەی ھەڵپەڕین و دابەزین بۆ (Girlfriend) ی ھەوایی و دۆستە ھەرزەکار و بێ ناونیشان و یانەسیب بۆ دەرچوو دەکەن، دەزانن نیشانەی چییە؟ نیشانەی ئەوەیە ئەو گۆڵانەی نیمار دەیکرد ئێوە شەڕتان دژی یەک دەکرد، یان ئەو گۆڵانەی دەیچواند خەفەتتان پێ دەخوارد، پارەکە و خۆشی بۆ ئەو دۆستەی دایکی نیمار کە ئێوە دەھۆڵتان بۆ لێدەدا!!.
من باکم بەو رووداوە دروستکراوانە نییە، بەیانی کە (ئالان عەلی کۆچکردوو لەگەڵ شەھید ئامانج و شەھید دڵشاد مەریوانی و شەھید سەلام دۆسکی و سدیقی گچە یاوەر نامیق و جەمیل مەدفەعی و دکتۆر عاسی و و جێگر خدر و مەزۆ لەشکری و نەوزاد کەرکووکی فۆتۆگرافەر) ھاتنە خەونم و گلەییان کرد، لەجیاتی خۆم و ئێوە جگە لەئارەقی شەرم، ھیچی ترم نیە بۆ وتن!!.