ئالان قەڵەمێک و پاشای بۆ بەجێھێشتین

4/15/2020 4:59:00 PM

370 جار خوێندراوەتەوە

زاگرۆس نانەکەلی
+ -

ساڵی ٢٠٢٠ ی کۆڕۆنا،یەکەم جارە ھەسارەی زەوی لەمێژووی کۆنی خۆیدا ڤایرۆسی کۆڕۆنا سەرتاسەری جیھان بوەستێنێ!،مرۆڤایەتی گورزێکی کوشندەی پێکەوت،ھەزاران رۆح گیانیان سپارد،کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٩ تا نیسانی ٢٠٢٠ کۆڕۆنا بەردەوامە ونازانین کەی لەناو دەچێت؟!،ئەم رووداوە زەبەلاحە سروشتی بێت یاخود شەڕی زلھێزەکان ،تەنھا گیانی مرۆڤەکانە لەناو دەچێت،کورد دەڵێ: چ با بێت یاخود باران لەتەمەنی بەفر دەڕوات،وڵاتی ئێمەش بەدەر نەبووە لەم ھەموو نەھامەتیە، تەنھا ئێمەی پاڵەوانین پەندی لێوەرناگرین.
ساڵی ٢٠٢٠ سەرەتایەکی بە ئازار بوو بۆ وەرزش و میدیای وەرزشی کوردی،ئەیلولی ٢٠١٥ ئالانکمان لەئیجە خنکا جیھان ئۆقرەی لێبڕا و ،ئەستێرەکانی وەرزشی ویژدانیان راچڵەکی و ھاتنە دەنگ، دوێنێ میدیاکاری وەرزشی یاوەر نامیق ماڵئاوایی لێکردین ،رێکەوتی ١١-٤-٢٠٢٠ گۆیژە بە سەفینی گووت : ئالان عەلی میدیاکاری وەرزشی ئۆغری خێری کرد،ئالان خوێندکار ویاریزان و داوەر و میدیاکاری وەرزشی و مامۆستای وەرزش و  یەکەم سکرتێری کۆمەڵەی رۆژنامەنووسانی وەرزشی کوردستان وسەرنووسەر بەشی وەرزشی وچەندین کاری لەم جۆرەی بەرێوە دەبرد!!.
مێژووی ئالانی کۆچکردوو پڕن لە سەروەری و داھێنان،ئەو بەگوێرەی ئەو ھەموو کارەی ئەنجامی داوە پێشتر،دەبێت چەند باڵەخانە و مارکێت و ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆر و مەزرەعە و پۆستی ھەبێت،کۆچکردوو بەگوێرەی کارەکانی ئێستا ماڵ ومناڵی لەنازو نیعمەتی ژیان بە خۆشاوی شیر وھەنگوین و تاجی کیسڕا و فەرشی کاشان و باغی ئیرەم و کۆشکی ئەفسوناوی و  خەوی شازادە و شاڵ و ھەوری و فەڕەنجی ئاوریشم دەپۆشن!،ئێوە ناپرسن کێ ئەمانەی بۆ رەھا کردووە؟لیژنەکە؟ یاخود وەرزش ومیدیای وەرزشی کوردی؟ یاخود کێ؟ من نایزانم ، زمان نا ،زەمەن ھەر دەیزانێ!،
ئەوە ژیانی کوڕێکی کورد وەرزشوانی دێرین و رۆژنامەنووسێکی وەرزشی بێ بەخت وخێر لەخۆ نەدیوی وڵاتەکەمە،ئەمە راستێکی بە میسلی زوقم وشەڕابی مارە،ئەمە خەونێکە لە ھی ئەشکەوتە خەیاڵاوی و داستانەکان دەچێت،ناکرێت  ئێستاش لەسەردەمی کۆڕۆنا میدیاکاری وەرزشی و  وەرزشوان ھێندە  بێ خاوەن و ماڵ وحاڵ و بێکەس بن،نابێت میدیاکاری وەرزشی ھێندە فەرامۆشکراوبێت،سەردەمێکە لە جیھان میدیاکاری وەرزشی ھاوشێوەی یاریزان گرێبەست واژوو دەکات،کەچی لای ئێمە ھزر پڕ پرۆژە  و دەست وبازووی لێھەڵکردووە و بێ کاریشە،ئەمە چیرۆکی سەدان ئالانی وڵاتەکەمە،لە لووتکەی ھزر وپێشکەوتن وداھێنان بە نائومێدی سەردەنێنەوە.
ئالان ماڵئاوایی لێکردین و لە دوا وێستگە بێ تاقەت بوو و پشووی ئەبەدی دا،نوسین و وەرزش و مەشق و رەخنە و بەرنامە و کاروچالاکی قوتابخانەکانی  بوون بە میدالی سەرفرازی، لە ئەرشیفی وێرانەی میدیای وەرزشی کوردی بە شانازییەوە یاد دەکرێنەوە،ئەوە سەروەت وسامانی راستەقینەی ئالانی کۆچکردوو و  وەرزشوانان ومیدیاکارانی وەرزشی کوردییە،ئالان میراتەکەی دوو دیاری لە ئەڵماس بە نرختر و لەگوڵ بۆنخۆشتر و لە زیو جوانتر،بۆ بەجێھێشتین، ئەویش  قەڵەمە  بوێرەکەی و  کاکەپاشای کوڕە شەش ساڵییە بێ نازەکەی!!.ِ