وەرزش و سووڕی مانگانە
4/13/2020 1:14:21 AM
801 جار خوێندراوەتەوە
عومەر عەلى
+
-
پێویستە خوێنەری ئەم وتارە خاوەنی دیدێکی مرۆڤانە بێت بۆ مرۆڤ، نەک دیدێکی ڕەگەزانە. ڕاستییەکەی نووسینی وتاری لەم شێوەیە دەبووایە خانمە ئەکادیمییە وەرزشییەکان ڕێکخراوگەلی خانمان نووسیبایان، بەڵام دیارە ئەوان کاری گرنگتریان ھەیە. دوو خاڵ کە ئامادەکردنی ئەم وتارەیان بۆ ئاسان کردم: پێم وایە وەرزش پەیوەندی بە ژیانی مرۆڤەوە ھەیە و ھەر تێھەڵدانی تۆپ و شەڕەشەق نییە، بەڵکو دەبێ جیھانبینییەکی تایبەت بە خۆمان بۆ وەرزش دروست بکەین، دووەمیش، باوەڕم بەو دوالیزمییە تووندە نییە کە لەنێوان ژن و پیاو دروستکراوە و زیاتر لە مرۆڤبووندا کۆیان دەکەمەوە. ئیتر تۆش سەربەستی لەوەی چۆن تێی دەگەی!
وەرزش بریتییە لە جووڵە و بزووتـن. ئەگەر بەشێوەیەکی ڕێکخراو وەرزش ئەنجام بدرێت ئەوە کاریگەری فەسلەجیی بەسەر لەشی مرۆڤەوە دروست دەکات، لە لایەکی ترەوە سووڕی مانگانە گۆڕانێکی فەسلەجییە و ئەویش بەدەر نییە لە کاریگەری خستنە سەر لەشی خانمان. پرسیارەکە ئەمەیە، ئایا ئەم دوو ڕووداوە پێکەوە دەکوڵێن یان دەبێ واز لە وەرزش بھێندرێت لە ماوەی سووڕی مانگانە؟
وەرزشکردن لە ماوەی سووڕی مانگانە نەک ھەر کاریگەریی خراپی نییە، بگرە کاریگەریی ئەرێنیشی ھەیە لەو ماوەیەدا، بەشێوەیەک دەبێتە ھۆی کەمکردنەوە ئازاری سک و ھەستکردن بە ئاسوودەیی دەروونیی. وەک ھەندێک لە زاناکان دەڵێن: ھیچ بەڵگەیەکی ڕوون نییە لەسەر پەیوەندی سووڕی مانگانە و تێکچوونی مگێز(میزاج)ی خانمان. بەڵام ئەو ھەستکردن بە نائارامییە پێش وادەی سووڕەکە دەگەڕێتەوە بۆ ھۆرمۆنی پرۆجسترۆن کە منداڵدان ئامادە دەکات بۆ ئەگەری دووگیانبوون، ئەویش بە کۆکردنەوەی ئاوی زیاتر لە جەستە و تووندکردنی مەمکەکان. بۆیە خانمان ھەست بە لاوازیی جەستەیی و بێتوانایی دەکەن، بەڵام ئەمە نابێت ڕێگە لە وەرزش بگرێت، چونکە وەرزش لەو ماوەیەدا یارمەتیدەرێکی باشە، بەڵکو دەبێ گۆڕانکاریی لە پلانی ڕاھێنان بکرێت بە کەمکردنەوەی تووندی ڕاھێنانەکان ئەمەش بەگوێرەی سروشتی لەش و ڕێژەی خوێنی کەسەکە دەگۆڕێت. ئەنجامدانی وەرزش بە تووندییەکی زۆر دەبێـتە ھۆی زیاتر لەدەستدانی ئاسن بەھۆی ئەو خوێنبەربوونەی لەو ماوەیەدا ڕوودەدات، دەکرێت لەڕێگەی خواردنی گۆشتی سوور، ھێلکە، باوی و سپێناغ ئەو بڕە ئاسنە قەرەبوو بکڕێتەوە. بەپێی ماڵپەڕی غیزونبار، "خانمان لەکاتی سووڕی مانگانە تەنھا ٦٠ مللیلیتر خوێند لەدەست دەدەن، بۆیە ھیچ کێشەیەک لە ئەنجامدانی وەرزش نییە لەو ماوەیەدا".
گرنگترین سوودەکانی وەرزش لە ماوەی سووڕی مانگانەدا:
- ھێورکردنەوەی ماسوولکە ئازاراوییەکانی منداڵدان.
- کەمکردنەوەی ھەڵئاوسانی سک و ھەستنەکردن بە بێزاریی.
- باشترکردن و چالاککردنی سووڕی خوێن، بەمەش خوێنی پڕ ئۆکسجین دەگاتە ھەموو بەشەکانی جەستە و کەمکردنەوەی سەرئێشە.
- کەمکردنەوەی ئارەزووی خواردنی چەور و بێسوود.
- ڕێکخستنی خوێنبەربوون؛ ئەو خانمانەی لێھاتوویی جەستەییان زۆر نزمە دووچاری درێژیی و بەئازاریی و ناڕێکیی سووڕی مانگانە دەبنەوە بەراورد بەو خانمانەی لێھاتوویی جەستەییان بەرزە.
- کاریگەرییەکی زۆری ئەرێنیی دەبێت لەسەر مگێز و دەروونی خانمان لەو ماوەیەدا.
- جەستە لە باری چالاکیی دەھێڵێتەوە.
- وەک ھاندەرێکە بۆ ئارامبوونەوە و کەمکردنەوەی شڵەژان.
- کۆئەندامی دەمار جێگیر دەکات.
شیاوترین ئەو وەرزشانەی کە دەکرێت لە ماوەی سووڕی مانگانە ئەنجام بدرێن:
- مەشی (ڕۆیشتن)
- ڕاکردن
- مەلەوانی
- سەما
- ڕاھێنانە ھەواییەکان (ئەیرۆبیک)
- یۆگا؛ جگە لە باری وەستان لەسەر سەر، چونکە دەبێتە ھۆی تۆپەڵبوونی خوێن لە موولوولەکانی منداڵدان، ئەمەش دەبێـتە ھۆی خوێنبەربوونی زیاتر.
لە کۆتاییدا دەگەینە ئەوەی بڵێین؛ وەرزشکردن کاریگەریی باشی لەسەر مگێزی مرۆڤ دەبێت لە ماوەی سووڕی مانگانە، بەڵام ئەوەی پێویستە لەو وادەیە ڕەچاو بکرێت کەمکردنەوەی تووندی ڕاھێنانەکان بەگوێرەی لێھاتوویی جەستەیی کەسەکە و خواردنی خۆراکە تەندروستەکانە.
ئامادەکردن و وەرگێڕان