گەندەڵی لە فووتبۆڵدا.. شرۆڤەیەک بۆ سزاکانی سەر یانەی مان سیتی
2/18/2020 7:04:34 PM
1736 جار خوێندراوەتەوە
ئەحمەد موفتى
+
-
دواجار، ڕێکخراوی یەکێتی فووتبۆڵی ئەوروپا (یویفا) ڕۆژی ھەینی ڕابردوو بەیاننامەیەکی دەرکرد و تیایدا بە فەرمی سزای یانەی مانچێستەر سیتی ئینکلیزی دا بە سڕکردنی یانەکە لە بەشداری کردن لە پاڵەوانێتیە ئەوروپیەکان بۆ دوو وەرز و ھەروەھا بڕی ٣٠ ملیۆن پاوەند سزای پارە، ئیتر لێرەوە ئەم کەیسەی یانەی سیتی بووە جێگەی گرنگی پێدانی ناوەندی وەرزشی جیھانی لە ھەموو لایەکەوە کەوتنە شەنوکەوکردنی وردەکاری کەیسەکە و ھۆکارەکانی ئەم سزادانە و وەڵامدانەوەی پرسارە گەورەکان لەسەر سەرپێچیەکانی مان سیتی و چۆنیەتی دەرکەوتنیان و چارەنوسی یانەی مان سیتی و یانە ھاوشێوەکانی.
- یانەی مانچێستەر سیتی:
یانەی مانچێستەر سیتی یانەیەکی شاری مانچێستەری ئینگلتەرایە و ساڵی ١٨٨٠ دامەزراوە، لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە ئەم یانەیە لە لایەن (گروپی وەبەرھێنانی ئەبوزەبى)ەوە کڕدرا کە ئەمیش خاوەندارێتی دەگەڕێتەوە بۆ شێخ مەنسوری کوڕی شێخ زایدی دامەزرێنەر و یەکەم سەرۆکی وڵاتی ئیمارات، لەو ساڵەوە، ئەم یانەیە بەردەوام لە ھێنانی یاریزان و ڕاھێنەری باشی جیھانیدایە و لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابوردوودا ٤ جار پاڵەوانی پریمیەر لیگ بووە.
- سەرەتای قسەو باس:
پاش ئەوەی مان سیتی لە یاری کۆتایی (ئێف ئەی کەپ)دا بە شەش گۆڵی بێ بەرامبەر لە یانەی واتفۆردی بردەوە و سێھەمین نازناوی وەرزی ٢٠١٩ی بۆ مان سیتی دەستەبەرکرد، لە پرێس کۆنفرانسی پاش ئەم نازناوە و لە گەرمەی نەشئەی خۆشی و شادی و ئاھەنگ گێڕاندا، یەکێک لە میدیاکاران بەبێ ھیچ بۆنەیەک، پرسیارێکی چاوەڕوان نەکراو لە پێپ گواردیۆلا دەکات کە بۆنی سەرەتای کێشەیەکی لێ دێت.
ڕیپۆرتەر: بمبورە ئەگەر کاتی ئەم پرسیارە نەبێ، بەڵام دەرکەوتووە کە ڕۆبێرتۆ مانشینی ڕاھێنەری پێش تۆ، ھەندێ پارەی زیادەی بەنھێنی لە ئەبوزەبى یەوە پێگەیشتووە وەک زیادە و بەدەر لە پارەی گرێبەستەکەی خۆی، ئایا تۆش وەک مانشینی ھیچ پارەیەکی زیادەت وەرگرتووە لە ئەبوزەبییەوە؟
پێپ گواردیۆلا: تۆ ئەزانی ئەو پرسیارە چیە کە لە منی ئەکەیت؟ لەم ڕۆژەدا کە من نازناوی سێھەمم بەدی ھێناوە بۆ مان سیتی؟
- کێشەکە چی بوو؟
دوو جۆر کێشە لە ڕیکۆردی ژمێریاری مان سیتی بینراوە:
١- ئەو بڕە پارەیەی کە ڕیپۆرتەرەکە وەک نمونە باسی کرد و دراوەتە مانشینی، لە ڕیکۆردی ژمێریاری ساڵانەی یانەکە باس نەکرابوو، واتا شاردراوەتەوە، بۆچی شاردوویانەتەوە؟ لە ترسی سەرپێچیکردنی یاساکانی (یاری کردنی خاوێنی ژمێریاری) کە یاسایەکى تایبەتی یویفا یە.
٢- یانەکە لەو ماوەیەدا کۆی گرێبەستی سپۆنسەری ٨ ملیۆن پاوەند بووە، بەڵام لە ڕیکۆردی ژمێریاری خۆیدا ٦٠ ملیۆن پاوەندی نووسیوە کە فەرقی ئەو بڕە پارانە خاوەن یانەکە خۆی داوێتی، بۆچی خۆی داوێتی؟ لە ترسی سەرپێچیکردنی یاساى (یاری کردنی خاوێنی ژمێریاری).
- یاسای یاری کردنی خاوێنی ژمێریاری چییە؟
ئەم یاسایە وردەکاری ژمێریاری زۆرى تێدایە، بەڵام لە چوارچێوەی گشتی یاساکەدا، بوار نادات بە ھیچ یانەیەک کە کۆی سەرفکردنی پارەی ساڵانەی زیاتر بێت لە کۆی داھاتی لە یەک ماوەی وردبینی کردندا کە سێ ساڵە، ھەڵبەتە مەبەستە بچوکەکەی ئەم یاسایە ئەوەیە کە ھیچ یانەیەک بەرەو مایە پووچی نەچێت بەوەی کە زیاتر سەرف بکات لەوەی کە دەستی ئەکەوێ، ھەروەھا مەبەستە گەورەکەی ئەوەیە کە ڕێگری بکات لە مۆنۆپۆڵ کردنی فووتبۆڵ بەوەی کە ھیچ سەرمایەدارێک نەتوانێ بە ئارەزووی خۆی و بە حوکمی پارە یاریزان و ڕاھێنەر بکڕێت و ھەموو نازناوەکان ببات و یانەکانی تریش نەتوانن کێبڕکێ بکەن.
- کەواتە کێشەی پارە زیادەکەی مانشینی چی بوو؟
پاش کڕینەوەی یانەکە لە ساڵی ٢٠٠٨، خاوەنی یانەی مان سیتی پەلەی بوو کە گرێبەست لەگەڵ ڕاھێنەری بە توانا بکات بۆ سەرکردایەتی یانەکەی، بۆ ئەمە ڕۆبێرتۆ مانشینی و پاشانیش مانوێل پلگرینی کردە ڕاھێنەر، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە مانشینی پێویستی بە مووچەی بەرز ھەیە، خاوەنی یانەکەش ئەگەر چی کێشەی پارەی نەبوو، بەڵام نەدەبوو مووچە زۆرەکەی ببێتە ھۆی ئەوەی سەرفی پارەی زیاتر بێ لە داھات، لەبەر ئەمە، ناچار بوو بڕێکی کەمتر لە گرێبەستە فەرمیەکەی مانشینی بنوسێت و لە بەرامبەردا جیاوازی مووچەکە بشارێتەوە لە ڕیکۆردە ژمێریاریەکانی یانەکە، ھەمان پڕۆسە بۆ ڕاھێنەر و ھەندێ لە یاریزانان پیادە کرا.
- پارە زیادەکەی مانشینی چۆن کەشف بوو؟
میدیاکار و ھاکەری بەناوبانگی پورتوگالی (ڕۆی پێنتۆ) کە لە ژێر ناوی (جۆن) دا لە سایتی (فووتبۆڵ لیکس) کاری دەکرد، لە چاوپێکەوتنێکدا بەناوە خوازراوەکەی خۆی، بە ڕۆژنامەى دێرشبیگڵى ئەڵمانى وت کە نزیکەی ٣.٤ تێرابایت دۆکیومێنتی ھەیە لەسەر یانەکانی ئەوروپا کە دەکاتە پتر لە ٧٠ ملیۆن دۆکیومێنت، لەناو ئەو دۆکیومێنتانەدا، نامە و ئیمەیلی کاربەدەستان و یاریزانان و بریکارەکانیانی تێدایە، کە لە ناویاندا ئەو دوو کێشەیە دەردەکەوێت کە لە سەرەوە باس کرا، ڕۆی پینتۆ ئێستا لە بەندیخانەیە لە وڵاتی پورتوگال.
- ئەم بڕە پارەیە بۆ شاردرایەوە؟
ئەم بڕە پارەیە ئەگەر باس بکرایە لە حساباتی ڕەسمی ساڵانەی یانەکە، ئەوا بڕی خەرجکردن زۆر زیاتر دەبوو لە بڕی دەستکەوت و دەبووە پێچەوانەی یاسای یاریکردنی خاوێنی ژمێریاری، لەبەر ئەوە دەبوو بە نھێنی ئەم پارەیە بدرێ.
- لێکەوتەکانی ئەم سزادانە چی دەبێت؟
ئەگەر ئەم سزایانە جێبەجێبکرێن، ئەوا جگە لە غەرامەی ٣٠ ملیۆن پاوەندی ئیستەرلینی، یانەی مان سیتی ئەم خەتەرانەی لەسەر دەبێ:
١- غیابى دوو وەرز بۆ مان سیتی لە خولە ئەوروپیەکاندا دەکاتە نەمانی یەک لەسەر چواری داھاتی ساڵانەی یانەکە بۆ ھەر وەرزێک، تەنانەت ئەگەر تەنھا بەشداریش بکات و نازناو نەباتەوە، چونکە بڕی یەک لەسەر چواری داھاتی یانەکە سەرچاوەکەی بەشداریکردن و مافی پەخشی تەلەفزیۆنی و فرۆشتنی بلیت و گرێبەستی سپۆنسەری خولی یانە پاڵەوانەکان.
٢- ڕۆیشتنى زۆرێک لە یاریزانە باشەکان و قۆستنەوەیان لەلایەن یانەکانی تری ئەوروپاوە، بەوپێیەی یاریزانە بە تواناکان مەبەستیانە لە یانەیەک یاری بکەن کە بەشدار بێ لە چامپۆنس لیگ.
٣- ڕۆیشتنى ڕاهێنەر، پێپ گواردیۆلا خۆی جگە لەم کێشەیە، خولیای بەجێھێشتنی یانەکەی ھەبوو لە ھاوینی داھاتوودا، چاوەڕوان دەکرێت کە ئەم کێشەیە ئەوەندەی تر ئەو خولیایەی بچەسپێنێ.
٤- لە ئەگەری لەکیسچوونی پارەی بڕگەی یەکەم و ھەروەھا ٣٠ ملیۆن پاوەندەکە، داھاتی یانەکە زۆر دادەبەزێت و دیسانەوە بەھۆی یاسای یارکردنی خاوێنەوە ناتوانێت لەو داھاتە کەمە زیاتر یاریزانی تر بکڕێت کە توانای کێبڕکێیان ھەبێ لە خولەکانی ئینگلتەرا.
- مانچیستەر سیتی ئەتوانێ چیبکات؟
مان سیتی لە بەیانەکەیدا کە ھەمان ڕۆژی سزاکانی یویفا دەریکرد، زۆر بە توندی ڕووبەڕووی سزاکان بووەوە و ئەوەی باس کرد کە: یویفا خۆی کەیسەکەی جوڵاندووە، ھەر خۆی لێکۆڵینەوەی تیا کردووە و ھەر خۆیشی بڕیاری لەسەر داوە، لەبەر ئەمە تێھەڵچوونەوە بۆ بڕیارەکە دەکەن. ھەروەھا بەدوور نازانرێت کە مان سیتی لە ئەگەری تێوەلاندا، دۆسیەی ھەندێ یانەی ھاوشێوە بخاتە بەر باس وەک پاریس سان جێرمان، لە ئەگەری تێھەڵچوونەوەشدا، ئەگەری ھەیە دادگا سزاکە کەمێک خاو کاتەوە (بۆ نمونە بیکاتە تەنھا پارە، یان پارە و یەک وەرز سڕکردن)، ئەمەش کاتی پێ دەچێت، بەم پێیەش سزاکان بۆ وەرزی داھاتوو کار نەکەن و بکەونە وەرزەکانی دواتر.