بۆ دووەم جار پێشنیار، بۆ هەموو تیپە میللیەکانی پشدەر و بیتوێن

1/13/2020 4:00:01 PM

1838 جار خوێندراوەتەوە

ئومێد محەمەد پیرۆت
+ -

ناکرێت پارەی ڕۆیشتن و شکاندنی بۆندی یاریزان دیاری بکرێت، و بەهاو پارەی مانەوەو یاریکردنی یاریزان لەتیپەکە پشت گوێ بخەن و لێرەدا مافی یاریزان وون بێت، بەمەش وادەکات یاریزانانی تیپە میللیەکان تا دێت هیوا بڕاودەبن لە بەپیشەکردنی ئارەزووەکەیان، کە بواری وەرزشە. بەڵێ یاریزانان کاتێک لەتیپی میللین و بانگهێشت دەکرێن بۆ یانەکان ، گریبەستەکانیان بەشێوەیەکە ماف و ئەرکیان دیاری دەکرێت ئەویش ئەو موچەیەیە کەپێیان دەدرێت و لەگەڵ ئەوەشدا یاریزانان ئەرکی خۆیان جێ بەجێ دەکەن، بەڵام لەتیپە میللیەکاندا یاریزان تەنها ئەوەی بۆی دەمێنێتەوەو قازانجە بۆی مانەوەیە لەوتیپەی کە تێیدا جێگیر بووە، لە ئەگەری شکاندنی بۆندەکەشیدا پشکی لەهیچ داهاتێکدا نیە جگە لە قازانج گەیاندن بەو تیپەی کە گرێبەستی لەگەڵ کردووەو دەیەوێت جێی بهێڵێ، بەهۆی یەکێک لەخاڵەکانی گرێبەستەکە کەبریتیە لە"بڕی پارەی شکاندنی بۆند" کە بەهۆیەوە دەبێت بڕە پارەی دیاریکراو بدرێت بەوتیپەی لێی دەڕوات، باشە ئەی ئەگەرنەڕوات چ داهاتێک بۆ یاریزانەکە دەبێت؟ بێگومان هیچ! کاتێک لەتیپەمیللیەکان تەنها بۆ شکاندنی گرێبەستەکان پارە دیاری بکرێت کەهیچ سودێکی وەهای بۆ یاریزان نیە، ئەوە وادەکات یاریزانان تەنها یاریکردن و مومارەسەی ئارەزووەکەیان بۆ بمێنێتەوە، کە ئەوەش بۆیاریزانان ڕاستە سەرمایەکی گەورەو چێژێکە بەردەوام لەگەڵ ژیانیاندایە، بەڵام ناکرێت بڵێین: هەموو شتێکە، چونکە ئەگەر یاریزان لەڕووی هەبوونی سەرچاوەی دارایی هەژاربوو، ئەی چۆن قەرەبووی بوون بەقوربانی بۆ دەکرێتەوە کاتێک بڕیاری وازهێنان دەدات لەبەر بژێوی ژیانی. هەر بۆیە من چەند ساڵێک لەمەوبەر پێشنیارم کرد، پێویستە سەرەتا بەبڕە پارەیەک دەست پێبکات کاتێک یاریزانێک دەگوازێتەوە بۆتیپێک، پێویستە سەرەتا بۆ یەکجار بڕەپارەی خۆی بۆ دابین بکرێت، ئەوکات لەو تیپەی لێی ڕۆیشتووە پارەی شکاندنی بۆندیشی لەگەڵدا بێت ئاساییە. ئەمەش گڕوتینی زیاتر دەبێت بۆ بەرەو پێش چوونی تواناو ئاستی و دڵسۆزی زیاتریشی پێوە دیاردەبێت بۆ تیپەکەی، یاریزانانیش هەست بە زوڵم ناکەن کە بەرامبەر ئاست و تواناو حەزو ئارەزووەکانیان کرابێت لەم مامەڵەیەدا. لەکۆتایدا من دەستخۆشیم بۆ تیپەمیللیەکان هەیە کەکار بەبەڵێن نامەیەک دەکەن بۆ گواستنەوەی یاریزانان لەتیپێکەوە بۆ تیپێکی ترو ئەمە ڕێگا چارەیەکی باشە تاوەکو بەئاسانی بۆندەکان نەشکێنن، کە ئەوەش ڕێکخستنێکی باشە بۆ شێوازی گواستنەوەی یاریزانان لەتیپەمیللیەکان، بەڵام بوونی بڕەپارەیەکیش بۆ یاریزان لەسەرەتای گواستنەوەی لەتیپێکەوە بۆتیپێکی تر جگە لەبڕە پارەی شکاندنی بۆند، کارێکە تۆپی پێی تیپەمیللیەکان بەرەو پیشەیی دەبات و جگە لەتام و چێژی یاریکردن بۆ یاریزانان، هەست بەگرنگی خۆشیان دەکەن لەساتی گواستنەوەیان.