وەڵامێک بۆ مارک کلاتنبێرگ

12/31/2019 6:51:26 PM

1373 جار خوێندراوەتەوە

گۆران فارس
+ -

مارک کلاتنبێرگى ئینگلیزى ناوبژوانى پێشووى خولى نایابى تۆپى پێى ئینگلتەرا بە پێنج خاڵ پێشنیازى چارەسەرکردنی کێشەکانی ڤارى کردووە لە پرێمەر لیگدا و وتارەکەشى لە ڕۆژنامەى دەیلى مەیڵى بەریتانى بڵاوکردووەتەوە.

کلاتنبێرگ لە نوسینەکەیدا ئاماژەى بە پێنج خاڵ کردووە، کە بەلایەوە چارەسەرى کێشەکانى ڤار دەکات لە خولى ئینگلتەرادا، کە بۆ یەکەم جارە لەم وەرزەدا ڤار لە پریمەر لیگدا بەکاردەهێنرێت و لەم دواییانەشدا ڕووبەڕووى ڕەخنەیەکى زۆر بووەتەوە.

 

ئەمەى خوارەوە پێنج خاڵەکەى مارک کلاتنبێرگە:

یەکەم: ڤار بۆ ئۆفساید بەکارنەهێنرێت.
دووەم: هەڵەی ئاشکرا و ڕوون چیە؟ دەبێت دیاریبکرێت ڤار بۆچی بەکاردێت.
سێیەم: کاپتنی هەر تیپێک بۆی هەبێت لە یارییەکدا دوو جار ڕەخنە لە بڕیارەکەی ڤار بگرێت و داوای دووبارە سەیرکردنەوەی بکات.
چوارەم: شاشە لە یاریگادا هەبێت و ناوبژیوان بڕیاربدات لە کاتی گرنگدا.
پێنجەم: هاندەرانی ناو یاریگا و بینەرانی تەلەڤیزیۆن گوێیان لە قسەی ژووری ڤار و ناوبژیوان بێت تا بزانن دەڵێن چى.

 

بەدڵنیاییەوە کلاتنبێرگ ناوبژیوانێکى نوێدەوڵەتى بووە و یەکێک بووە لە باشترینەکانیش، لەوانەشە هۆکارى خۆى هەبێت بۆ ئەم پێنج خاڵە کە ئاماژەى پێکردووە، بەڵام من تێبینیم لەسەر پێشنیازەکانى هەیە و خاڵ بە خاڵ وەڵامى دەدەمەوە، کە ئەمە تەنیا بۆچوون و ئایدیاى خۆمە بۆ قسەکانى، بەڵام بۆ تێگەیشتن لە قسەکانم دەبێت کاتێک خاڵى یەکەمى من دەخوێنیتەوە بزانین کلاتنبێرگیش لە خاڵى یەکەمى خۆیدا چى دەڵێت و بە هەمان شێوە بۆ خاڵەکانى تر.

 

بۆچوونى من لەسەر قسەکانى مارک کلاتنبێرگ:

بۆ خاڵى یەکەم: ئێ ئەگەر گۆڵێک هەژمارکرا، بەڵام لە سەدا سەد ئۆفساید بوو؟ ئەوسا گەڕاینەوە بۆ پێش قۆناغى ڤار و کیشەکان بەردەوام دەبن، بەڕاى من باشى ڤار لەوەدایە بۆ هەموو شتێکى یاریگا بێت نەک تەنیا بۆ پەنارتى و چى و چى، بەڵام دەکرێت شتێکى تر بکرێت، لە کاتى ئۆفسایددا حساب بۆ ملیم و سانتى مەتر و شتى وا نەکرێت، ئەمەیان ناخۆسە، هێرشبەر بە سێ ملم یان دوو سانتیم لە پێشەوەیە ئەوە نەکرێتە ئۆفساید، بەڕێژەیەکى بەرچاو هیرشبەرەکە لە پێش بەرگریکارەکەوە بێت ئینجا حسابى ئۆفسایدى بۆ بکرێت.

بۆ خاڵى دووەم: ئەمەیان درووستە، وەک پێشتر وتم ڤار ئەبێت بۆ هەموو حاڵەتە گوماناویەکانى ناو یاریگا بێت، نەک تەنیا بۆ پەنارتى و کارتى سور و چى و چى، کەواتە لە خاڵى دووەمیدا پشتگیرى قسەکەى پێشووى من دەکات.

بۆ خاڵى سێیەم: خۆى لە خۆیا ڤار یارى ڕادەگرێت و یارى سارد دەکاتەوە، ئینجا کاپتنیش بۆى هەبێت دوو جار داواى دووبارە سەیرکردنەوەى ڤار بکاتەوە، پێموایە ئەمە زیاتر کاریگەرى لەسەر یارییەکە دەبێت، ئینجا بۆ دووبارە سەیربکرێتەوە؟، تۆ بڵێیت ئەو هەموو ناوبژیوانە سەیرى ڤیدیۆکە دەکەنەوە لە ژوورى ڤاردا، نەتوانن یەک بڕیارى ڕاست بدەن تا پێویستى بە دووبارە سەیرکردنەوە نەبێت.

بۆ خاڵى چوارەم: مەبەستى بوونى شاشە بە باشى تێنەگەشتم لەم خاڵە، گەر شاشەیەک بێت هاندەرانى ناو یاریگاش بیبینن کێشە درووتدەکات بەڕاى من.

بۆ خاڵى پێنجەم: ئەم خاڵەیانم بەلاوە سەیرە، یەکەم میکانیزى گواستنەوەى دەنگەکە قورسە، گەر زمانى ئینگلیزیش دیاریبکرێت، کە زمانێکى جیهانییە شەرت نییە هەموو هاندەران لە یاریگاکە و لە جیهاندا لەو زمانە تێبگەن، چونکە دەڵێت بینەرانیش لە تەلەڤزیۆنەوە، دووەمیش هاندەران گوێى لێ بێت یان نا چى لە بڕیارى ناوبژیوان دەگۆڕێت!؟ لەو باوەڕەدا نیم هیچ ناوبژیوانێت کە زانى جیهان گوێى لە قسەکانیانە بڕیارەکەى بگۆڕێت یان بڕیارێکى تر بدات، بەڵکو ناوبژیوان ئەو بڕیارە دەدات کە بەلایەوە ڕاستە بەپێى یاساکانى تۆپى پێ، ئیتر گەر هاندەران گوێیان لێ بێت یان نا.