وەرزش و کلتوور
12/25/2019 4:43:29 PM
1030 جار خوێندراوەتەوە
عومەر عەلى
+
-
بەو کەمە زانیارییەمەوە لەسەر وەرزش و کلتووری کوردیی، گەیشتوومەتە ئەوەی کە کورد خاوەنی کلتوورێکی وەرزشیی نییە، بۆیە حاڵی وەرزش و بەشە وەرزشییەکانیشی بەمشێوەیەیە!
کلتووری کوردیی ئەگەر بەتەواویی داخراویش نەبێت، ئەوە بە فلتەرە کۆنەکانیدا شتە تازەکان تێدەپەڕێنێت و ھەتا مۆری عەشیرەت یان شێخێک بە زەرفی داواکارییەکانەوە نەبێت، ڕەفزی دەکاتەوە ئەگەر ڕواڵەتگەرایانەش وەری بگرێت، سیمای بەجۆرێک تێکدەدا کە وەک ئەوە نەبێت کە دەبێ ھەبێ، لەکۆتاییشدا وەک خۆسەلماندنێکی ترسنۆکانە دەڵێ: ئەھـ! پێم نەوتن ئەم شتە لەگەڵ کلتووری ئێمە ناگونجێ!
وەرزش ئەگەرچی ئێستا شارستانییانە چاوی لێ دەکرێ و زۆرجار گیانی ھاوکاریی، برایەتی، خۆشەویستی، ئازادی و ...ھتد دەکرێـتە دروشمی پاڵەوانێتییەکانی و بەگوێی خەڵکیدا دەدرێتەوە. (بۆنموونە ماراسۆنی نێودەوڵەتیی ھەولێر، کە ساڵانە ئەنجام دەرێ دروشمەکەی ڕاکردنە لەپێناو ئاشتیی)، بەڵام بیرمان نەچێت کە وەرزش لەمێژووە خاوەنی چەندین ڕەگی ترە، وەک: شەڕ، ھێز، توندووتیژی، پیاوسالاریی و ..ھتد. ئەگەر سەیری کۆمارەکەی ئەفلاتوونیش بکەین، دەبینین وەرزش زیاتر خزمەتی شەڕ دەکات نەک ئاشتیی. خۆ ئەگەر لە کتێبانیش بێینە دەرەوە و چاوێک بەمێژووی درووستبوون یان چالاکییەکان خۆیان بخشێنینەوە، دەبینین زۆربەیان ڕەگێکیان لە خوێنە و یەکێکی تریان لەناو جەنگدایە، ھەتا ناوەڕاستی سەدەی بیستەمیش ئەم قسەیە جێی دەبێتەوە و مایەی لێتوێژینەوە. (فڕێدانی ڕم لە گۆڕەپان و مەیدان، پێویست بە ڕوونکردنەوە یان سەلماندن ناکات، کە بۆ چ مەبەستێک بەکارھاتووە!)، (یارییە کۆمەڵییەکانیش زۆربەیان بۆ پاراستی سەربازە ئەمریکیی و ئەوروپییەکان و لەناو خێوەتگە سەربازییەکانەوە پەیدابوون).
بەھەمەحاڵ، حاڵی وەرزش بەمشێوەیە نەما و پاساوی بۆ مێژووی خۆی ھێنایەوە، بەرگێکی شارستانییەی لەبەرکردن و ئێستا دەستەواژەی –گیانی وەرزشیی- ئیتر ئەوپەڕی سەلامەتیی ئەو مرۆڤە دەردەخات. وەرزش تێکەڵی پزیشکیی بوو و سوودەکانی خۆیان گۆڕییەوە. خزمەتی ژیانی مرۆڤ دەکات و لە زۆر کێشەی جەستەیی، دەروونیی و عەقڵیی دەیپارێزێ.
ئەوەی ھەر وەک خۆی مایەوە وەرزشە لە کلتووری ئەم ناوچەیە و کوردستان، چونکە کلتووری کوردیی بۆ ھێشتنەوە خۆی، بەرامبەر ڕەفز دەکاتەوە و بەبێسوود لە قەڵەمی دەدا، کەواتا وەرزشی شارستانیی زادەی ئەم کلتوورە نییە و لەم باوکە نییە، بۆیە پێویستە مەحکووم بکرێت. لەلایەکی ترەوە مێژووی پڕ لە نەنگیی وەرزشیش ھاوکاری ئەم کلتوورە دەکات، کەواتا چی لەوە باشترە (سەرقاپ، مەنجەڵی خۆی دیتەوە)!، کەواتا وەرزشی کوردیی وەرزشێکی شارستانییانە نییە، نیاندرتاڵانەیە.
ھەر لە یەکەم ھەنگاوی دوای قبووڵکردنی وەرزشە ناشارستانییەکە، پیاوانی کلتوور لە فەرمایشتێکدا، بڵاویان کردەوە: وەرزش پەیوەندی بە ھێزی جەستەوە ھەیە و کچان و ژیانیش زەعیفەن و نابێ نزیکی بکەونەوە، خۆ ئەگەر کچێک ئەو جەسارەتە بکات، ئەوە دەخرێتە بە توانجی کۆمەڵگا و لەوانەیە کار بگاتە ئەوەی، ھەتا ماوە کوڕێک نەیەتە خوازبێنی! بێگومان کچان یان کوڕان بەلایانەوە ھاوسەرگیریی لە چارەنووسی وەرزش گرنگترە (حەقی خۆشیانە)، ھیچ پێویست ناکات لەسەر وەرزش خۆیان بخەنە بەر ڕەخنەی کۆمەڵگا! بەڵام ڕێک پێچەوانەکەی دروستە، ھیچ پێویست ناکات لەبەر وەرزش، کۆمەڵگا تاکەکانی خۆی بداتە بەر ڕەخنەی چۆکشکێن و سزایان بدات.
یاری تۆپی پێ وەک یاری دڵخواز لە کلتووری ئێمەدا ماوەتەوە، چونکە زیاتر بواری شەڕ و فەرتەنە و نایاسایی و جوێندانی تێدا دەبێـتەوە (بارودۆخی خوولەکانمان و بینەرە وەرزشییەکانمان شایەتیم بۆ دەدەن).
لەدوای کرانەوەی بەشە وەرزشییە ئەکادیمییەکان، ھەمان بیرۆکە گواسترایەوە بۆ ئەم بەشانەش، بگرە خراپتریش، چونکە لە کلتووری ئێمەدا، ئەکادیمییەت پێگەیە و ناوێکی باشی نەبووە، کە وەرزشیش ھاتە پاڵی، خراپتر! ئەگەرچی سیستەمی ئەم کۆلێژ و پەیمانگانە باش بێت، یاریگا و ھەموو پێداویستییەک فەراھەم بێت و کەسانی پسپۆڕ وانەکان بڵێنەوە، بەڵام کلتوور قسەی زاڵترە و ئەوانەی لەو بەشانە دەخوێنن، وەک بەشەکانی تر سەیرناکرێن و ھەمیشە کۆمەڵگا چاودێرییان دەکات. دواتر دەرچووی ئەم بەشانە پێشئەوەی حکومەت دایان نەمەزرێنێت، لەلایەن کۆمەڵگاوە پەراوێز دەخرێن، چونکە ئەگەر کۆمەڵـ-ـگایەک بە فێرخوازە کچەکانی خۆی بڵێت: (ئەو کچەی بچێتە زانکۆ، مەگەر خوا، ئەگەرنا بەسەلامەتیی دەرناچێ)، دەبێ چی بەو کچانە بڵێت کە لە بەشە وەرزشییەکانن. (ئەمەش ئەگەر ویستتان، نموونەی ٢٠١٩تان پێ دەڵێم، لەسەر وەزعی ئەو کچانەی لە بەشە وەرزشییەکانن و تێڕوانینی کۆمەڵـ-ـگا لەسەریان).
یەکەم بەرپرسی ئەم کێشانە، بەتایبەتی وەرزش وەک ئایدیاڵێکی خراپ لە ھزری تاکەکانی کۆمەڵگادا، ئەکادیمییەکانن، یەکەم کەس -من-، چونکە ئەکادیمییەکان نزیکترین چینی وەرزشیی کوردیین کە لە وەرزشی شارستانییانەوە نزیک بن، بۆیە ئەرکی ئەمانە کە ئەم جۆرە وەرزشە پڕ لە لێبووردەیی و ھاوکارییە لەجێگەی ئەو وەرزشە تڕۆھاتە دابنێن، بەجێبەجێکردن لەلایەن خۆیانەوە، دواتر بە گرنگیدانیان بە وانە مەعریفییەکان لەجیاتی وانەی کردەیی و زانستیی وشک، بۆئەوەی فێرخوازی ئەم بەشانە بەرگریی لە خۆیان و بەشەکەیان بکەن، نەک کاتێک کەسێک قسە لەسەر بەشەکەیان دەکات، دەمیان ببێت بە تەڵەی تەقیو و ھیچ نەزانن، گرنگیدان بە لایەنی پراکتیکی بەسوودی وەرزشیی کوردیی ناشکێتەوە. ھێز ھونەری تێدانییە، بەڵام لایەنی تیۆریی جێی خۆنواندن و خۆسەلماندنە. گۆڵکرد یان نەکردن، لەناو یاریگا سوودی ھەیە، نەک بەرامبەر پرسیارێکی فەلسەفیی. ئەنجامی ھەموو کارێکی سوودبەخش، پەسەند نییە. (ڕەسڵ، دەربارەی پەروەردە، ل٥١)
پێویستە ئەکادیمییە وەرزشییەکان، بوونی خۆیان بە وەرزشەوە گرێ بدەن، وەرزشێکی شارستانییانە، وەرزشێکی پڕ لە عەقڵ، کە ئەوندەی ئیشی ئاشتکردنەوە بێت، ئەوەندە نەبێـتە مایەی شەڕ، ئەوەندە سوود بگەیەنێت، ئەوەندە خەڵکی بێزار نەکات.
کۆجیتۆی دیکارتی وەرزشوان: (من وەرزش دەکەم، کەواتا من ھەم.)