وەرزشی ڕۆیشتن و سوودەکانی

12/5/2019 1:24:44 PM

3648 جار خوێندراوەتەوە

بیلال حەمە
+ -

- وەرزش و ڕاھێنانە وەرزشییەکان بەگشتیی سوودێکی ئەفسووناوییان لەسەر جەستە و مێشکی مرۆڤ ھەیە. یەکێک لەو وەرزشانەی کە ھەمیشە جێگەی بایەخی خەڵک بووە و بەمەبەستی دروستکردنی جەستەیەکی ڕێک و تەندروست ئەنجام دراوە، وەرزشی "ڕۆیشتن"ە.

- وەرزشی ڕۆیشتن یەکێکە لەو وەرزشانەی ھیچ پێویستی بە یاسا و ئامێری دیاریکراو نییە بۆ ئەنجامدانی،ئەوەی لەم وەرزشەدا پێویستە تەنھا جلوبەرگێکی وەرزشیی گونجاو و جووتێک پێڵاوی وەرزشییە.

- زانین و گرنگی وەرزشی ڕۆیشتن  لای خەڵکی وای کردووە، کە پەیتاپەیتا خەڵکی ڕوو لەم وەرزشە بکەن، بەمەبەستی جەستەیەکی ڕێک و تەندروست.

- سەرجەم توێژینەوە زانستییەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە دەکەنەوە، کە نابێت بەھیچ جۆرێک وەرزشی ڕۆیشتن فەرامۆش بکرێت، چونکە یارمەتیدەرە بۆ  چالاکی جووڵەیی و ھۆکارێکە بۆ باشتربوونی دەروونی مرۆڤ.

- بەرەوپێشچوونی ژیان و پەیدابوونی کۆمەڵێک ھۆکار و ئامێر لە کاروبارەکانی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤدا، ھۆکارگەلێک بوون بۆ تەمبەڵبوونی مرۆڤی ئەم سەردەمە و دوورکەوتنەوەی لە وەرزشە جیاوازەکان و نەبوونی جەستەیەکی تەندروست.

- بۆیە پسپۆڕانی بواری وەرزش و پزیشکان ھەمیشە ڕێنمونیمان دەکەن، کە وەرزشی ڕۆیشتن ئەنجام بدەین. بەمەبەستی دوورکەوتنەوە لە تەمبەڵی و کۆبونەوەی چەورییە زیانبەخشەکان و بوونی جەستەیەکی ڕێک و چالاک.

 

سوودەکانی وەرزشی ڕۆیشتن

 

1- بەھێزکردن، پتەوکردن و زیادکردنی چڕی ئێسکەکان و ڕێگریکردن لە فشەڵبوونیان و ھەوکردنی جومگەکان.

2- ئەنجامدانی وەرزشی ڕۆیشتن دەبێتە ھۆی دوورخستنەوەی مرۆڤ لە کۆمەڵێک باری دەروونیی ناجێگیر، ھەروەھا دەبێتە ھۆی دروستکردنی جەستەیەکی تەندروست.

3- یارمەتیدەرە بۆ نوێبوونەوەی بەردەوامی خانەکان و بەھێزکردنی ماسوولکەکان. وادەکات نیشانەکانی پیریی و چرچبوونی پێستی دەموچاو درەنگتر دەربکەون و پێست ھەمیشە جوان دەربکەوێت.

4- فێربوون خێراتر دەکات و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی زەھایمەر(بیرچوونەوە) کەم دەکاتەوە.

5- زانایانی دەروونی جەخت لەوە دەکەنەوە کە ڕۆیشتن ڕۆڵی گرنگی ھەیە لە کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ و پەستانە دەروونییەکان کە لە ئەنجامی پەستانی کار و لێپرسراوێتی خێزان دروست دەبن.

6- وەرزشی ڕۆیشتن یارمەتیدەرێکی باشە بۆ خەوێکی قووڵ و ئارام.

7- بەھۆی وەرزشی ڕۆیشتنەوە، دڵ توانایەکی زیاتری دەبێت بۆ پاڵنانی خوێن بۆ بەشەکانی لەش، بەوەش رێژەی ئاڵوگۆڕی ئۆکسجین لە نێوان سییەکان و ئەندامەکانی لەش زیاتر دەبێت، بەمەش کرداری ھەناسەدان و توانای سییەکان گەشەکردنی بەرچاو بەخۆیانەوە دەبینن.

8- وادەکات لەشی مرۆڤ ھۆرمۆنی (ئەندۆرفین) -کە لەڕووی کیمیاوییەوە لە ماددەی (مۆرفین) دەچێت- دەربدات و مرۆڤەکە ھەست بەئارامیی و خۆشحاڵیی بکات.

9- شارەزایانی بواری پزیشکی پێیانوایە رۆیشتن بەشێوەیەکی بەردەوام یارمەتی مرۆڤ دەدات بۆ دابەزاندنی رێژەی شەکر و مەترسییەکانی نەخۆشی شەکرە کەمدەکاتەوە، چونکە لەکاتی سووتاندن و بەکارھێنانی وزەی لەشدا ئەندامەکانی لەش شەکری ھەڵگیراو وەک سەرچاوەی وزە بەکاردەھێنن، بەمەش رێژەی شەکر لە خوێندا بەجێگیریی دەمێنێتەوە.

10- لەکاتی بەردەوامبوون لەسەر وەرزشی رۆیشتن مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ زۆر کەمدەبێتەوە، چونکە ڕۆیشتن دەبێتە ھۆی سووتاندنی رێژەیەکی زۆر لە چەوریی و دابەزاندنی ڕێژەی کۆڵیسترۆڵ کە ھۆکاری سەرەکی نەخۆشییەکانی دڵ و کۆئەندامی سو‌وڕانە.

 

لەکۆتاییدا ماوەتەوە بڵێم: ئەگەر ھەریەکێک لە ئێمە ڕۆژانە بۆ ماوەی یەک کاژێر وەرزشی ڕۆیشتن ئەنجام بدەین، ئەوە ژیانێکی تەندروست و جەستەیەکی بەھێز بەدەست دەھێنین.

ھەمووان تەندروست بمێنن

 

بیلال حمە

دەرچووی پەیمانگەی پەروەردەی وەرزشیی و

فێرخوازی سکوڵی پەروەردەی وەرزشیی زانکۆی کۆیە - قۆناغی چوارەم