بۆ کێ دەنوسین؟

11/4/2019 7:09:34 AM

2716 جار خوێندراوەتەوە

ئومێد محەمەد پیرۆت
+ -

بۆ ئەوانە دەنوسین، کە چاویان لەئاست نوسین و ڕەخنەو پێشنیار ناخەوێنن، سودی ڕەخنەو پێشنیارەکان لەکاتی کارکردندا دەکەن بەباڵی فڕین بۆ لوتکە بەرزەکانی بەرەو پێشەوە چوون.


بۆ ئەوانە دەنوسین، دەخوێننەوەو بەبینینی ڕەخنەیەکی دروست کەر وادەزانن ڕوناکیەک بۆئەو تاریکیە ھەڵکراوە کە بووە بە مۆتەکەو بەربینگی بەپێشکەوتن گرتووە.


بۆ ئەوانە دەنوسین، کە لەڕوکەش و لەدڵەوە پێشوازی لە ڕەخنە وەرزشیەکان دەکەن و بەخەندەوە دەڵێن: ڕەخنە ڕوحی چاکسازی و خاوێنکردنەوەی وەرزشە لەوخەوشەی کە جوانیەکان بۆ ناجوانی دەبات، نەوەک لە ڕوکەش پێشوازی لەڕەخنەکان بکەن و لەژێرەوەش چەقۆی ژەھراوی بخەنە گەردنی وشە بەوشەمان.


بۆ ئەوانە دەنوسین، کەدەزانن وەرزش و ڕاگەیاندن و نوسین و بەگشتی میدیا، دوانەیەکی لێک دانەبڕاون و ئەگەر ڕاگەیاندن کاری خۆی نەکات ھیچ پاڵەوانێک  ناگاتە نێو ئاسمانی دڵی وەرزشکاران و وەرزش دۆستان.


بۆ ئەوانە دەنوسین، کە خوێندنەوەیان بۆ بۆچوون و ڕا جیاوازەکان ھەیەو ڕەخنەکان بەھەند وەردەگرن و دەیانکەن بە وانەیەکی باش بۆ داھاتوو.


بۆ ئەوانە دەنوسین ، کە بەقینەوە ناڕواننە نوسین و دەیانەوێ بخوێننەوەو ھەڵە لەداھاتوویاندا دووبارە نەکەنەوە ، تا ھەڵەی ئەوڕۆیان بکەن بە وانەیەکی گرنگی سبەی، پێچەوانەی ئەوانەن تەنھا ئەوەی بیزانن ئەوەیە بڵێن :کێ گوێ لەنوسین و ڕەخنەو پێشنیار دەگرێت، بەڵام کاتێک بەوشەیەک و دوو وشە ڕانەچڵەکێن بەھاواری جەماوەر و ھاندەران بەئاگادەھێنرێنەوە لەسەر کەم و کورتی و دیاردە نامۆکانی نێو کایەی وەرزش.


بۆ ئەوانە دەنوسین، باتەقای دڵخۆشی بۆ وێنەیەک دڵی بە تەنھا وشەیەکیش خۆشە، کە بۆ چاکسازی بخرێتە سەرکاغەز، پێچەوانەی ئەوانەن، کەھەمیشە ئارەزوو دەکەن بواری وەرزش بەبێ ڕەخنەو گلەیی بێت و وەرزش وەک تاقانەیەک بەبێ ڕاگەیاندن بخەنە ناو بازنەیەکی داخراو.



ئاخر نوسین، بەکەڵکی چی دێت کاتێک لەنێو ئەوکایەی تێیدا دەنوسرێت  ژمارەیەکی بەرچاو تاقەتی خوێندنەوەی دو دێڕی نەبێت، من دەزانم ئەوانەی ڕقیان لەنوسین و ڕەخنەیە، ھیچ کات خاوەن نوسین و بۆچوون و ڕەخنەکانیان خۆش ناوێ، بگرە خۆیان ھەڵداوەتە سەنگەرێک، کە دژی ڕەخنەو نوسینەکانەو، بەڵام لەکۆتایدا ڕەخنەکان ڕاستن ھەر بۆیە سەردەکەون، ڕەخنەکان ئەگەر بۆ شکاندن نەبێت، ھەمیشە کاریگەر بوونەو دەش بن، ئەگەر لەکاتی خۆیدا کاری خۆی نەکات، لەداھاتوو ڕەخنە و بۆچوونەکان دەبن بە بەشێک لە ژیان و ھۆکاری چاکسازی دیاردە نامۆکانی نێو بواری وەرزش.



میدیا لەوڵاتان بەتایبەت کاری لەسەر دەکرێ و دەکرێ بەڕوحی کایەی وەرزش تا لەو ڕێگەیەشەوە چێژی زیاتری پێ ببەخشن، بەڵام لێرە کارلەسەر دوورخستنەوەی میدیا و ڕەخنەکان دەکرێت تاوەکو دیوە ئاڵۆزو داپۆشراوەکان وەک خۆیان بن و ھیچ کەس و وەرزشکارێک زاتی ئەوە نەکات قسە لەسەر بچوکترین کەموو کورتی و دیاردەی نامۆ بکات.

لەکۆتایدا ئەوانەی چاوێک بە ڕەخنەو پێشنیارەکاندا دەخشێنن، دەبنە ڕەمزی سەرکەوتن، و ئەوانەش وادەزانن دونیای ڕەخنەو پێشنیار، جا چ بە نوسین بێت چ بە بەرنامەی تیڤیەکان بێت چ بە ھەر شێوازێک بێت، دەبێت دوربێت لە کارو خزمەتی وەرزشکردن، لەجێگای خۆیان دەوەستن ، چونکە نابینن!! بۆیە کەم و کورتیەکان دونیایەکی تریان بۆدروست دەکەن، کەداخراوە، بێئاگا لە پێشکەوتنی ئەوانەی خوێندنەوەیان بۆ دەوروبەر ھەیەو ڕەخنەکان لەبەرچاو دەگرن و کاریان لەسەر دەکەن، و لەگەڵ ھەر ھەنگاوێکیاندا گڕوتینیان بۆ پێشەوە زیاترە.