خوێندنەوەیەک بۆ یانە بەشداربوەکانی پارێزگای سلێمانی لەخولی نایابی کوردستان

10/31/2019 6:16:08 PM

2314 جار خوێندراوەتەوە

سامان عارف
+ -

یانەی نەورۆز

 سەرەرای ئەوەی  ئەم یانەیە لەچاو یانەکانی تری شاری سلێمانی بڕەپارەیەکی زیاتری سەرف کردوە هەم لەهێنانی یاریزانی بیانی و هەم لەدابین کردنی کەرەستەی باشی پێشکەووتوو بۆ ڕاهێنان و جل و بەرگی تەواو بەڵام لە دوو هەفتەی خولەکەدا ئەم یانەیە ئاستی وەک پێویست نیە و هەفتەی یەکەم دور لە چاوەڕوانیەکان لەگەڵ سۆران بەگۆڵێک یەکسان بوو ئەم هەفتەیەش بە سیروانی نوێ دۆڕا سەرە ڕای ئەوەی لەسەر یاریگای خۆی یاری دەکرد بەڵام بە دووگۆڵی بێبەرامبەر شکستی هێنا، هاوشێوەی وەرزەکانی ڕابردوو نەورۆز لەسەرەتایی خولەکەدا خاڵی زۆر لەدەست دەدات و لە ناوەڕاستی خولەکەدا ڕیتمی خۆی وەردەگرێت بەڵام ئەمە دادی ئەو یانەیە نادات هەربۆیە لەکۆتایی خولەکەدا بەبێ ئەنجام دەردەچێت خەونەکەی کە بەدەست هێنانی نازناوەکەیە بەدی نایەت.

 

یانەی سیروانی نوێ

 لەگەڵ ئەوەی ئەم یانەیە وەرزی ڕابردوو خۆی گەیاندەوە خولی نایابی کوردستان بەڵام لەچاو ئەوەی بە کۆمەڵێک یاریزانی لاوەوە بەشداری خولەکەی کردوە ئەنجامەکانی دڵخۆشکەرن کە لەدووهەفتەی خولەکەدا هەردووی یارییەکەی بردوەتەوەو ئێستا بەشەش خاڵ پێشەنگی ڕیزبەندی خولەکەی گرتوە ئەم ئاستەی یانەی سیروانی نوێ بۆ ئەزمونی زۆری ڕاهێنەرەکەیان و تموحی گەورەی یاریزانە لاوەکانی دەگەڕێتەوە کە دەیانەوێت ئەم وەرزە ئاستێکی بەرز پێشکەش بکەن و ئەو دەستە واژەیە پێچەوانە بکەنەوە کە یانەیەک گەیشتەوە خولی نایابی ئەگەری بەهێزی دابەزینەوەیە بۆ خولی پلەیەک سیروانی نوێ بەم نەفەسەوە دەیەوێت لە خولی نایابی کوردستان کێبڕکێ بکات.

پێشمەرگەی سلێمانی

بەئاستێکی مام ناوەندەوە لەخولەکەدا بەشداری کردوە لەکاتێکدا ئەم یانەیە لەوەرزەکانی ڕابردوو کۆمەڵێک هەڵکشان و داکشانی بەخۆیەوە بینی بەڵام ئامانجی یانەکە بە بینیی ئاستی ئەوەی لێچاوەڕوان دەکرێت تەنها بۆ مانەوەلەخولەکە یاری بکەن دوو یاری سەرەتایی یانەکەش هیچ ئاراستەیەکی ڕوونمان پێناڵێن لەبەر ئەوەی بەتەواوی ئاستی یانەکە دەرنەکەوتوە.

 

دەربەندیخان

ئەم وەرزە یانەی دەربەندیخان لە دواساتەکاندا هۆگر عەبدوڵای ڕاهێنەری پێشوویی یانەکە توانی دەست بە باڵی پێکهاتەکەیانەوە بگرێت و لە نغرۆبون بیان پارێزێت چونکە پێش دەسپێکردنی خولەکە بەچەند ڕۆژێک ئەرسەلان جەلال دەستی لەڕاهێنەرایەتی یانەی دەربەندیخان کێشایەوە، دەربەندیخان هاوشێوەی وەرزی رابردوونیە بەڵام دوو یاری سەرەتا هاوکارێکی باشی یانەکە بوە تاوەکو بتوانن پێکهاتەکەیان ڕێکبخەنەوە لەگەڵ ئەوەی یەکسان بونێک و سەرکەوتنێکی هەیە بەڵام ڕۆیشتنی چەندین یاریزانێکی پێکهاتەی سەرەکی یانەکە گرفت بۆ یانەکە دروست دەکات و لە یارییەکانی داهاتوو ڕەنگدانەوەی دەبێت، بەڵام هاندەرانی پاڵپشتێکی بەهێزن تاوەکو یاریزانە لاو نوێکان بەئاستێکی بەرزەوە دەرکەون و هۆگرعەبدوڵاش پلانەکانی بۆ یانەکە جێبەجێ بکات کە یانەکە ئەگەر هاوشێوەی وەرزی ڕابردوو نەبێت بەڵام لە وەرزی رابردوو زۆر خراپتر نەبێت.

 

یانەی شێروانە

ئەم یانەیە چەند وەرزێکە بەرزی و نزمی بەئاستیەوە دیارەو وەرزێک زۆر باش و وەرزێکیش خراپ بەڵام بەگشتی لە وەرزی ڕابردوو ئاستی یانەکە لەژێر دەستی وەلید محەمەد جێگیر بوو بۆیە ئەم وەرزە لەگەڵ ئەوەی بە شکست دەستیان بەخولەکە کرد و لەیاریگای خۆشیان یەکسان بوون تموحیان تەنها مانەوە دەبێت لەخولەکەدا بەو پێیەی پشتی بەیاریزانەکانی ساڵی رابردوو بەستوەو گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی ئەنجام نەداوە و لە یاریگای خۆشی پاڵپشتێکی بەهێزی هاندەرانی هەیە.