هەڵوێستەیەك لەسەر وەرزشی ڕانیە
10/28/2019 4:30:24 PM
3078 جار خوێندراوەتەوە
بیلال حەمە
+
-
كاتێك هەر وەرزشوان و وەرزشدۆستێك دەدوێنی سەبارەت بە دۆخیی چەقبەستووی وەرزش لەم شارەدا، ئەوا بەئاشکرا هەست بەو نیگەرانیی و دۆخە خراپ و چەقبەستووەی وەرزش دەكەیت.
كە وەرزش و وەرزشكاران و دەزگا وەرزشییەكانی ئەم شارەی پێوە گرفتار بووە.
ئەوەی منێكی وەرزشكار وەك كەسێكی ئەكادیمیی و هەمیش وەك وەرزشوانێك، كە چەندین ساڵە هاوشانی سەرجەم وەرزشكارەكانی تری ئەم شارە لە سەرجەم وەرزشە جیاوازەكان كارمان كردووە بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی وەرزش، ئەوەى مەبەستمە تیشك بخەمە سەری، ئەو دۆخە ناهەموارەیە كە وەرزش و وەرزشكارانی ئەم شارەی پێوە گرفتار بووە و بۆتە هۆكاری نیگەرانیی و دووبەرەكیی لەنێوان وەرزشكاران و دەزگا وەرزشییەكان.
دۆخی وەرزش لەم شارە گەیشتووە بە ئاستێك، ئیدی مانەوەی بەمشێوەیە شایەنى قبووڵکردن نییە و نابێت، دەبێت بەخێرایی و بەڕژدیی(بەجددی) هەڵوەستەی لەسەر بكرێت.
كەڵەكەبوونی ئاریشەكانی ساڵانی ڕابردوو و چارەسەرنەكردنیان و نەبوونی پلانێكی گونجاو بۆ ئەم ئاریشانە گرفتێكی تری وەرزشی ئەم شارەیە.
گرفتەكانی وەرزش ئێجگار زۆرن لەم شارەدا، كە بەشێكی زۆری ئەو ئاستە خراپ و چەقبەستووەی وەرزشە کە تێی كەوتووە بۆ بەرپرسە ئیدارییە وەرزشییەكانی ئەم شارە دەگەڕێتەوە، كە دەستەوەستان بوون یاخود خاوەن بیرۆكە و پلانی گونجاو نەبوون، بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی وەرزشی ناوچەكە.
ناتەبایی و ململانێ كەسییەكان لەنێوان بەرپرسە ئیدارییە وەرزشییەكان، بەشێكی تری خراپی ئەو دۆخەیە كە وەرزشی ئەم شارە بەدەستییەوە دەناڵێنێت.
بەداخەوە وەرزش و وەرزشكارانی ئەم شارە بوونەتە قوربانی كەسانێك كە چەندین ساڵە بوونەتە مۆتەكە بەسەر دەزگا وەرزشییەكانی ئەم شارەوە.
وەرزش لەم وێرانەیەدا لەژێر دەستی كەسانێكدایە، ئەوەندەی سەرقاڵی ململانێی شەخسیی و بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیانەوەن، هێندە سەرقاڵ نەبوون بە پێشخستن و بەرەوپێشبردنی وەرزشە جیاوازەكان و خزمەتكردنی وەرزشكارە ماندوونەناسەكان.
بەداخەوە تا هەنووكە بەرپرسی دەزگا وەرزشییەكانی ئەم شارە نەیانتوانیوە ژێرخانێكی وەرزشیی پێویست بۆ وەزشكارانی ئەم شارە فەراهەم بكەن، كە ببێتە پاڵنەرێكی بەهێز بۆ بەرەوپێشچوونی ئاستی وەرزشی ئەم شارە.
لەگەڵ ئەوەشدا بێدەنگی و بێهەڵوێستی زۆرێك لە خەمخۆران و وەرزشكارانی ئەم شارە ڕێگە خۆشكەر بوو، بۆئەوەی زۆرێك لەو بەناو بەرپرسە وەرزشییانە پێگە و بەرپرسیاریەتییەكانیان بەكاربێنن، بۆ بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیانن ، نەك خزمەتكردن بە وەرزش و وەرزشكاران.
لەكۆتاییدا ماوەتەوە بڵێم: دەمێكە كاتی ئەوە هاتووە بە زۆرێك لەو بەرپرسە وەرزشییانەی ئەم شارە بڵێین، بەڕێزەوە جێگاكانتان چۆڵ بكەن، چونكە زیاد لەپێویست كات و پارەی زۆر و زەوەندتان لەبەردەستدا بوو، بۆئەوەی وەرزشی ئەم شارە لەم دۆخە چەقبەستووییە ڕزگار بكەن و گیانێك بەبەری وەرزشی ئەم شارەدا بكەنەوە، بەڵام ئێوە شكستتان هێناو و تەنانەت لەژێر سایەی دەستەڵاتی ئێوەماناندا ئەوەی لەپێشیشدا بەدەست هاتبوو، لەناوچوون، یان لەژێر مەترسیی لەناوچووندایە.