بەرپرسانى وەرزشى شارى سلێمانى واز لەو رەفتارە ناشرینە بێنن
9/23/2019 5:33:56 PM
2002 جار خوێندراوەتەوە
بەهمەن غەریب
+
-
بە داخەوە بەشێکى زۆرى بەرپرسانى وەرزشى و یانەکانى شارى سلێمانى فێرى رەفتارێک بوون کە ساڵانە دووبارە دەبێتەوە، ئەویش گلەییەکانیانە لە یەکێتیی تۆپى پێی کوردستان بەوەى دژایەتى دەڤەرى سەوز دەکات.
بەرپرسانى وەرزشى شارى سلێمانى کاتێک بڕیارێکى یەکێتیی تۆپى پێی کوردستانیا بەدڵ نابێت، بەخێرایی وەک ئەوەى هەنگوینیان لە کلۆرە داردا دۆزیبێتەوە، دەکەونە هەڕەشەى کشانەوە لە خولەکان و دەڵێن "ئێمە زوڵمان لێدەکرێت و چیتر قبوڵى ناکەین".
ئەگەر بەراستى زوڵمتان لێدەکرێتء ناهێڵن وەرزش لەم دەڤەر بەرەو پێشەوە بچێت، دە بوێرى ئەوەتان هەبێت بەشدارى خولەکانیان مەکەن با بۆخۆیان ئەوە وەرزشە بکەن کە لاى ئێوە بە فروت و فێڵ سەیر دەکرێت، ئەگەر زوڵمیش ناکرێت، دە فەرموون وەرزشى راستەقینەیان لەگەڵ بکەن و ململانێیان بکەن، تیپى بەهێز دروست بکەن، یاریگاکان نۆژەن بکەنەوە، هۆڵە داخراوەکان زیندوو بکەنەوە.
هەوڵى دووبەرەکى و شارچێتى مەدەن، چونکە ئەزموونێکى خراپمان هەیە و سەرکەوتووش نابین و ئێوەش هیچتان پێناکرێت، چونکە هەموومان بیرمانە کاتێک بایکۆتى وەرزشمان کرد لەگەڵ بەغداد چیمان بەسەر هات و ئێستاشى لەسەربێت باجەکەى دەدەین، بڕۆن شەریفانە ململانێ بکەن و خولەکان جوانتر بکەن، چونکە کارەکانى رابردووتان سەلمێنراوى ئەوەیە تواناى بەڕێوەبردنى لیژنەیەکى تیپى میللیتان نیە کە هەر شەش مانگە و سەرۆک و ئەندامەکانى دەگۆڕن، بڕۆن وەرزش لەدەستى حزب دەربهێنن کە ئێستاشى لەسەر بێت لەلایەن حزبیەکانەوە ئاراستە دەکرێت.
ئێمە خۆمان بە خەمخۆرى وەرزش دەزانین و زاخۆ تا خانەقین بۆ ئێمە جیاوازى نیە، لە رابردوشدا ئەوەمان خستۆتە بەرچاو کە وەرزشى دەڤەر زەردیش خوێن لە برینى دەچۆڕێت، بەڵام ئێستا کاتى ئەوەیە باس لە وەرزشى شارى سلێمانى بکەین چونکە لە نوێترین کاردا کۆبونەوەیەک ئەنجامدراوە و سەراپاى کۆبونەوەکەش نامەى هەڕەشە بوە بۆ بەرپرسانى وەرزشى دەڤەرى زەرد.