کردنەوەی یانە وەرزشیەکان، لەبەرژەوەندی وەرزشکاراندایە
9/11/2019 3:51:21 PM
2646 جار خوێندراوەتەوە
ئومێد محەمەد پیرۆت
+
-
هەر شوێن و جێگەیەک، جموجۆڵ و چالاکیە وەرزشیەکانیان گەرم و گوڕو چێژ بەخش بوو، بواری وەرزش بەشێوازێکی باش پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیبێ و چوبێتە پێشەوە، و ئاست و توانای وەرزشکارەکانیشیان سنوری یانەیان تێپەڕاندبوو، پێویستە یانەیەکی سەربەخۆ ببێتە چوارچێوەیەک کە هێزو تواناو جموجۆڵەکانیان کۆبکاتەوە
. بەداخەوە.. بڕێک جار بوونی یانە لە هەندێک شوێن و جێگەدا تەنها بۆ ململانێ و کێبڕکێیە بۆتەنها چەند یاریەک، و ژمارەیەک لەبەشەکان فەرامۆش دەکرێن لە پێناو چەند بەشێکی کەم.
هەر بۆیە بوونی یانە بۆ هەموو شارو شارۆچکەیەک گرنگە، بەڵام پێویستە لایەنی پەیوەندیدار بە یانەکان و جمو جۆڵ و چالاکیەکانیان، جەخت لەسەر زیندوویی چالاکی گشت بەشەکان بکاتەوەو ساڵانە لەساتی خولەکاندا چالاک بن و بوونیان لەم خولانەدا جا بۆ هەر یاریەک بێت بسەلمێنن وەک نوێنەری شارو شارۆچکەکەیان.
هاندەرانی ئەو شارو شارۆچکانەی کە بێ یانەن، بەتامەزرۆیی چاوەڕوانی کردنەوەی یانەیەک دەکەن، کە نوێنەریان بێت لەخولەکانی کوردستاندا، بەکردنەوەی یانە بۆیان ململانێی هاندەرانی شارو شارۆچکەکانیش، لە خرۆشاندنی یاریگاو لە هاندانی یانەی شارەکەی خۆیان دەگاتە ئاستێک ، کە یاریگاکانی کوردستان چێژێکی تر و کەشێکی تر دەکەنە بەر خۆیان.
بوونی چەند یانەیەک لە دەڤەرەکانی کوردستان، لەلایەک بێبەش نەبوونی ژمارەیەکی زۆری یاریزانانە، کەلەئاسێکی باشی یاریکردن دان بۆ یاریکردن لە ناو یانەکاندا،کە ئەوەش لە خزمەت و بەرژەوەندی کۆی وەرزشکاراندایە، لەلایەکی تر ململانێکان لەنێوان شارو شارۆچکەکان لەڕێگای یانەکانیانەوە تام و چێژێکی تایبەت بە کێبڕکێکان دەبەخشێ.
ئەوەی گرنگە بوونی چەند یانەیەکی کەم، تەنها هەل بۆ کەمترین ڕێژەی یاریزانان دەبەخشێ کە لەیانەکاندا یاری بکەن و ئاست و توانایان نیشان بدەن، بەڵام کردنەوەی یانە وەرزشیەکان ئەوەندەی گڕوتین بە یاریزانانی تیپە میللیەکانیش دەبەخشێ بۆ ئەوەی تواناو لێهاتووییەکانیان ببەنە یانەکان و هەوڵ و تەقەلای زیاتر بدەن تاوەکوو قۆناغێکی باش ببڕن، لەیاریکردن لەتیپە میللیەکانەوە بۆ یانە وەرزشیەکان، ئەوەش وادەکات یاریزانان بۆ ئەم مەبەستە زیاتر هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە تاوەکو مەشق و ڕاهێنانەکانیان بەباشی و دڵسۆزیەوە ئەنجام بدەن، تا ئاست و تواناکانیان بەرەو پێش بچێ و کێبڕکێی باش بکەن تا ببنە یاریزان لە یانەکاندا و سود لەتواناکانیان وەربگیرێت.