بۆچی ھەڵبژاردەکانی مۆندیالی ڕوسیا لەڕوی ئاستەوە لەیەک نزیکن
6/23/2018 2:41:46 PM
1163 جار خوێندراوەتەوە
ئارام شێخ مەحمود
+
-
وەک ئاشکرایە ھەمومان بەخۆشحاڵیەوە سەیری یارییەکانی مۆندیالی ڕوسیا دەکەین و بەدڵ ھاندەری ھەڵبژاردەیەکین ، کە پێمان خۆشە جامەکە بباتەوە ، تائێرە مافی ھەمومانە ،ھەروەھا دەشبینین کە کەناڵەکان و رۆژنامەنوسە وەرزشیەکان و شیکەرەوە وەرزشیەکان چۆن سەرگەرمی نوێترین ھەواڵ و شیکاری یارییەکانن ، بەڵام ئەوەش ھەست پێدەکەین کە ھەڵبژاردە بەشداربوەکان لە ڕوی ئاستەوە لەیەکتر نزیکن ، یان بە مانایەکیتر وەک پرسیار بۆچونەکەم گوزارشت بکەم ، ئایا ھەڵبژاردە ناودارەکانی وەک بەرازیل و ئەرجەنتین و فرنساو ئەڵمانیا ئاستیان زۆر دابەزیوە لە ڕوی پلان و ھونەرییەوە یان ھەڵبژاردەکانی وەک ئایسلەندا و مەکسیک و ڕوسیا و نایجریاو یابان ...ھتد ئاستی پلانی و ھونەریان بەرزتر بۆتەوە ، یان ئایا ئەو دوو ئەگەرەی باسمان کرد ھەردوکی ڕاستە ؟ .
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە بەکورتی بە چوار خاڵ ڕونی دەکەمەوە .
١- زانست و زانیاری :- وەک دەزانین لە ئێستادا بە ھۆی زۆری تۆڕی پەیوەندییە کۆماڵایەتیەکان ، ھەمو یاریزانێک زانیاری لەسەر شوێنی یاریکردنی خۆی وەر دەگرێت و سەیری چەندین یاریزانی باش دەکات کە لە ھەمان شوێنی ئەو یاریدەکەن ، باشیەکانی وەر دەگرێت و کاری لەسەردەکات ، ئەمە ھۆکارێکە کە یاریزانەکان لەڕوی کوالێتیەوە لەیەکتر نزیک دەکاتەوە .
٢- بنچینە یان بنەڕەتیەکان :- واتە لە ئێستادا تەواوی ئەکادیمیەکان و قوتابخانەکانی تۆپی پێ پێشکەوتنیان بەخۆیانەوە دیوە و ھەوڵی تەواو ئەدەن کەتەنھا فێری کارامە سەرەتاییەکانیان بکەن وتۆوی خۆشەویستی و ڕێزو خەون و سەرکەوتن لەناویاندا بچێنن ، نەک تەنھا بیر لە ئەنجام و فێڵکردن بکەنەوە .
٣- سام و ھەیبەت :- لە کاتەکانی ڕابردودا ھەرکات دەوترا بەرامبەر ئەرجەنتین یان بەرازیل یان ئەڵمانیا ...ھتد ، یاری دەکەین ، تەواوی یاریزانانی تیپی بەرامبەر دەچونە دۆخی شپرزەبون و ترسان و سام و ھەیبەتیان لەدەست دەدا ، بەڵام لە ئێستادا تۆپی پێ بریتیە لە پێشەکەشکردنی پلان و کرداری عەقڵانی و گەڕانەوەی سام و ھەیبەت و شکۆ بۆ خودی یاریزان و ھەڵبژاردەکەیان ئەو خاڵە لاوازەیان کەمکردۆتەوە بەجۆرێک بونی زۆر ئەستەمە .
٤- تەواوی یاریزانانی ھەڵبژاردەکان لە ئەوپەڕی دۆخی ئامادەباشی جەستەیدان ، بەو پێیەیی کە بە درێژایی وەرزێک بە نزیکەیی ( ٥٠ - ٧٠ ) یاری دەکەن و لەڕوی توانای جەستەییە ئامادەن چەندین یاری بەھێزی نێو پاڵەوانێتیەجۆراو جۆرەکانیان دیوە و ترسیان لەیاری نەماوە بۆیە تەنھا پێویستیان بە کاری پلانی و ئەرک و فرمانی ڕاھێنەرە کە جێ بەجێی بکەن لەگەڵ ھەلبژاردەکانیان .