بازنەیەکی فراوانتر، بۆ هەڵبژاردنی یانە وەرزشیەکانی کوردستان

8/1/2019 6:22:00 PM

2157 جار خوێندراوەتەوە

ئومێد محەمەد پیرۆت
+ -

کارو چالاکی یانە وەرزشیەکان گرنگی تایبەتی خۆیان هەیە، چونکە لەلایەک بەرزکردنەوەی ناوی یانەو شارەکە بە ئەنجامی باش و بەدەستهێنانی نازناوەکان، نوسینەوەی مێژوویەکە، کە تاک بەتاکی هاوشاریەکانی یانەکە شانازی پێوە دەکەن ، لەلایەکی تر، کاتێک دەچنە نێو پاڵەوانێتیەکان  وێنەی ئەوشارەی لێوەی هاتوون لەڕێگەی تەکنیکی جوان و یاریکردنێکی باش و جوان نیشانی هاندەران و جەماوەر دەدەن، هەر هەڵسوکەوتێکی یاریزانان بە باش و خراپ، تێگەیشتن و سیمای ئەو شارو خەڵکە نیشان دەدات کە یانەکە لێوەی هاتووە، بۆیە هەموو یانەیەک هەوڵ دەدات بە شێوازێکی جوان و باش و بەگیانێکی  وەرزشی بەرز سەری جەماوەرەکەی بەرز بکاتەوەو سەرنجی هاندەران و جەماوەری تیپی بەرامبەریش بۆ لای خۆی کێش بکات. 


بۆیە چەند گرنگە ئەنجامەکانیان باش بێت و گیانی وەرزشیان بەرز بێت، هێندەی ئەوەش گرنگە نوێ بوونەوە لەساتی هەڵبژاردنەکاندا کە چوار ساڵ جارێک بۆ یانەکان ئەنجام دەدرێت، هەم لە ڕووی هێنانی کەسی بەتواناو نوێ، هەم دیاردەی گۆڕانکاری لە تەواوی بەشەکانی یانەکە، بکرێتە مۆرکی یانەکە، لەوانەی باسمکرد گرنگتر، ئەوەیە لە هەموو هەڵبژاردنێکی تازەدا دەرگای تازەو گەورە بەڕووی کەسانی دەرەوەی یانەکاندا بکرێتەوە، چونکە ئەو دەرگا کردنەوە، ڕێگە بەکەسانی دەرەوەی یانەکە دەدات بێن تواناکانی خۆیان تاقی بکەنەوە بۆ خزمەتی یانەو یاریزانەکان و ناوی شارەکە.


بەداخەوە لەوانەیە هەندێک جار یانەکان کەسانێک بهێننە نێو هەڵبژاردنەکان بەئامانجی خۆکاندید کردن، بۆ سەرۆک و سکرتێرو  ئەندام بوون لە یانە، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەڵبژاردنەکە تەنها ئەو ئەندامانە مافی دەنگدانیان هەیە کە یانەکە خۆی بانگهێشتیان دەکات ئەوەش وادەکات تەنها ئەم پاڵێوراوانە دەربچن کە بەخواستی خودی ئەندامەکانی ڕابردووی یانەکەن بەهەموو بەشەکانەوە، بەوەش هەر پاڵێوراوێک لە دەرەوەی یانەکەدا بێتە نێو ململانێکان ناتوانێت دەنگ بهێنێت و سەرکەوتووبێت.


بۆیە تاکە چارەسەر ئەوەیە جگە لە 
کردنەوەی بازنەی هەڵبژاردنی یانەکان، دەنگدانیش فراوان بکرێت تاوەکو بانگهێشت کردنی دەنگدەران چەند شوێنیکی تر بگرێتەوە، بۆنمونە: ڕاهێنەرانی تیپە میللیەکان، چەند کەسێک لە ئۆرگان و دەزگا وەرزشیەکان ، کەسایەتیە وەرزشیەکان، کە دەکرێت هەموو ئەم وەرزشکارانەی لەم شوێنانە بانگهێشت دەکرێن بۆ دەنگدان کۆمەڵێک مەرجیان تێدا هەبێت، کە ئەو لیژنەیەی بە پرۆسەکە هەڵدەستێت، ئەو مەرج و پێوەرانە دابنێت، ئەمە وادەکات ئەو ئەندامانەی لەدەنگ هێناندا لەنێو یانەدا ناتوانن سەرکەون و دەربچن، کەکەسانی نوێن و لەدەرەوە هاتوون بۆ هەر پۆستێک، هەلی دەنگ کۆکردنەوەیا  پێ بدرێت، بەهۆی فراوانکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان.


بۆیە لەکۆتایشدا ناکرێت یانەیەک تەنها چەند بەشێکی کەمی چالاک بێت، بەڵام لەساتی هەڵبژاردندا هەموو ئەو ئەندامانەش بەشدار پێ بکات، کە هیچ چالاکیەکیان نەبووەو پەیوەندیان بەیانەکەوە نەماوە، دەکرێت تەنها ئەو ئەندامانە مافی بەشدار بوونی دەنگدانیان پێ بدرێت وەک ئەندامی یانە، کە بوونیان لە چالاکیەکانی کوردستاندا لەوساڵەدا هەبوبێ و بەشەکەیان چالاک بووە.