ڕەخنەکان هەوێنی بەرەو پێشچوونی وەرزشن ، بەڵام؟

7/6/2019 2:41:58 PM

1628 جار خوێندراوەتەوە

ئومێد محەمەد پیرۆت
+ -

ئەگەر بمانەوێ وەرزش ڕای جیاوازی تێدا نەبێت و ڕەخنە نەگیرێت ، بواری وەرزش نەوەک پێش ناکەوێت بەڵکو توشی چەق بەستوویی دەبێت و لەوشوێنە دەوەستێ کە چاوی ڕەخنەگران دورە لێی، چونکە ئەوەتا لە ئەوروپاو ئەمریکاو زۆر بەی ئەو وڵاتانەی لەوەرزشدا پێش کەوتوون ڕەخنەی زۆرو ڕەخنەی باش و بڕێک جار توندو زۆر جار بەکاریکاتێریش یاریزانان و وەرزشکاران بەسەردەکەنەوە ، هەموو ئەمانە گڕوتینی زیاد دەدەن بە بواری وەرزش تاوەکو لەسەر ڕێچکەی پێشکەوتن لانەداو، تەنانەت ڕەخنە لە تاک بەتاکی یاریزانانیش دەگیرێ و ڕۆژانەش لە سۆشیال میدیاو ڕۆژنامەکان ڕەخنەو پێشنیارەکان بڵاو دەکرێنەوەو، بەڵام لەسەر بناغەیەکی وەرزشی و نەوەک شکاندن و ڕوشاندنی کەسایەتی وەرزشکار، ئەگەر لایەنی ڕەخنە لێگیراو پێی خۆش بێت یان نا، دەبێت قبوڵی بکات. بەڵام بەداخەوە لەکوردستان ئەگەر ڕەخنە بگیرێ لە هەر دام و دەزگاو ئۆرگان و شوێن و یانەو تەنانەت لەخودی کەسایەتیە وەرزشی و یاریزانانیش، دەبێت پێش هەموو شتێک بیر لە توڕەبوونی ڕەخنە لێگیراوان بکرێتەوەو تەنانەت جاریوا هەیە لەسەر ڕەخنەیەکی بچوک کە ڕاستیش بێت، نوسەران و ڕۆژنامەنوسان دەکەونە بەر گلەیی وگازەندەی زۆر وەکوو ئەوەی سەرپێچیەکی زۆر گەورەیان ئەنجامدابێ، کە لەبنەڕەتیشدا ئەم دیاردەیە، کەقبوڵ نەکردنی ڕەخنەکانە، بووەتە هۆکاری یەکەم بۆ بەرەو پێش نەچوونی بواری وەرزش بەگشتی لە زۆرێک لە شوێنەکانی کوردستان . بەداخەوە زۆر جار دەبینین کۆمێنتێک تەختی سەرچاوەی ڕەخنە لێگیراو دەلەرزێنێ و بەیەک سات دێنەسەرخەت و ڕەخنەگر هەراسان دەکرێ و دەگاتە ئەوەی زمانی هەڕەشەش بەکاربهێنرێت بۆ نەهێشتنی ڕەخنەوگلەییەکان، ئەوەش بەئامانجی ئاگادارکردنەوەی هەموو ئەو ڕۆژنامەنوس و ڕاگەیاندنکارانەیە کە زمانی ڕەخنە بۆ باشکردنی کەموکورتیەکان بەکار دەهێنن لە بواری وەرزشدا. ڕەنگە وەرزشکاران هەریەکەو خەریکی کاری خۆی بێت و هەمووان خزمەتی خۆیان جوان ببینن و کەم وکورتیەکانی خۆیان نەبینن، ئەگەر کەم وکورتیان هەبێت، ڕەنگە ژمارەیەکیش کەم و کورتیان هەبێت وهەستی پێ بکەن و بشیبینن و چاویان لێی داخەن، ڕەنگە ژمارەیەکیان ماندووبن و خزمەتی باش و بەرچاو بکەن، ئەمانە هەموویان پێویستە ببینرێن و چاوی ڕاگەیاندنکاران هەموویان وەک خۆی ببینێ و باسیان بکرێت، لە کارەباشەکاندا دەست خۆشی و لەکەم و کورتیشدا ڕەخنەیان بۆی هەبێت، بەڵام ناکرێت لەدەست خۆشیدا ڕۆژنامەنوسان خەڵات بکرێن و لە ڕەخنەگرتنیشدا گلەییان لێ بکرێت، دەبێت ئەوەلەپێش چاو بگیرێت کە ڕەخنەکانیش بۆ بەرەوپێش چوون و لەپێناو پاککردنەوەی وەرزشن، لەو کەم و کورتی و گەندەڵیانەی وەک تاریکی ئاسمانی وەرزشمان لێ دەکەن بەشەو.